نانیشان: =KTML_Bold=بۆچی ئەسەد و بارزانی چارەی یەکتریان نەدەویست=KTML_End=
ناوەرۆک: وتار
ئامادەکردنی: ماڵپەڕی ئاوێنە
ڕێکەوت: #11-12-2024#
(بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەی ئەسەد)، لەپەنجا ساڵی ڕابردوودا پەیوەندییەکانیان لە هەڵکشان و داکشاندا بووە، #مەسعود بارزانی# لە ساڵی (1976)ەوە تا ساڵی (2006) پەیوەندییەکی پتەو و دۆستانەی لەگەڵ ئەسەدی باوک و کوڕ هەبوو، بەڵام دواتر بارزانی و ئەسەدیش خەریکی پیلانگێران بوون لە دژی یەکتر.
#حافز ئەسەد# ، لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لەپەیوەندییەکانی دەرەوەییدا ئاڕاستەیەکی ڕوون و ئاشکرای گرتەبەر: دۆستایەتی سۆڤیەت (دواتر ڕووسیا)و دژایەتی ئیمپریالیزم و زایۆنیزم. ئەمە پێوەرێکی سەرەکی ڕژێمی بەعسی سووریای ئەسەدی باوک و کوڕیش بوو، بۆ دووریی یاخود نزیکی لە وڵات و هێزەکان.
بەپێی ئەم پێوەرە، حافز ئەسەد و شای ئێران دوو دوژمنی سەرسەختی یەکدی بوون، هەر بۆیە ئەسەد لە ساڵانی (1970 -1975)، یەکێک بوو لەو وڵاتە عەرەبییانەی کە پەیوەندییەکی ئەوتۆی لەگەڵ# مستەفا بارزانی# و #شۆڕشی ئەیلول# دا درووست نەکرد، =KTML_Bold=چونکە لەدیدی ئەسەدەوە، بارزانی هاوپەیمانی ئێرانی شا و ئەمەریکا و تەنانەت دۆستی ئیسرائیلیش بوو. تەنانەت ئەو کاتەی حافز ئەسەد، وەزیری بەرگری سووریا بوو لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، بەشێک لەئەفسەرانی سووریا بۆ شەڕی پێشمەرگە، بەهانای سوپای ئێراقەوە دەهاتن.=KTML_End=
بەڵام دوای هەرەسهێنانی شۆشی ئەیلول لە ساڵی 1975دا، بەحوکمی ئەوەی ئەسەد دوژمنی باوەکوشتەی بەعسی ئێراق و #سەددام حسێن# بوو، دەیویست ئەم جارە سووریا ڕۆڵی بزوێنەری شۆڕشی نوێی کورد ببینێت و سەرکردەکانی لەباوەش بگرێت. بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ئاسانکارییەکی مادی و مەعنەوی و مرۆیی و سەربازیی پێشکەش کرد بەئامانجی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی کورد لە دژی ڕژێمی ئێراق.
مەسعود بارزانی لە پەرتووکەکەیدا (#بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد#) دەڵێت پەیوەندی سەرەکی لەپاش نسکۆی (1975) لەگەڵ سووریا و لیبیا بوو، بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1976 سەردانی سووریام کرد، ئەو کاتە #جەلال تاڵەبانی# لە سووریا بوو، لەلایەن بەشێک لە بەرپرسانی سووریاوە یارمەتیی دەدرا و بایەخی پێدەدرا. تاڵەبانی و چەند کەسێک کۆسپیان بۆ ئەو هەوڵانە درووستکرد کە پەیوەندییەکانی پارتی و سووریا بگەنە ئەو ئاستەی بەتەمای بووین.
سووریای ئەسەد، ڕۆڵی سەرەکی هەبوو، لە دامەزراندن و سەرپێخستنی دوو هێزی چالاکی کوردی باشوورو باکووردا، کە وەک لە وتار و ئەدەبیاتی سەرەتایییاندا دەردەکەوت، چەپ و دژ بەئیمپریالیزم و کۆنەپەرستانی ناوچەکە بوون، سەرکردەکانیشی بوونە دوو ڕکابەری سەرەکی ماڵی بارزانی، کە ئەوانیش جەلال تاڵەبانی و #عەبدوڵڵا ئۆجەلان# بوون.
دوای ڕووخانی ڕژێمی شاو دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی (1979)، بەحوکمی نزیکی پارتی و بارزانی لەرژێمی نوێی ئێران، پەیوەندییەکانی بارزانی و سووریا زیاتر گەشەیان کرد و پێینایە قۆناغێکی نوێوە، کاتێک لە ساڵی (1981)دا (ڕەفعەت ئەسەد)ی برای حافز ئەسەد داوەتی بارزانی دەکات بۆ دیمەشق و بۆ یەکەمجار مەسعود بارزانی چاوی بەحافز ئەسد دەکەوێت و پێی دەڵێت: =KTML_Bold=لەوانەیە تەنیا گوێبیستی شتی خراپ بووبیت لەسەر ئێمە لەلایەن خەڵکی ترەوە!=KTML_End=
ئیتر لەو کاتەوە تا حافز ئەسەد کۆچی دوایی کردووە لە ساڵی 2000، وەک مەسعود بارزانی دەڵێت: =KTML_Bold=پەیوەندییەکانیان هەر بەپتەوی مایەوە=KTML_End=.
هەرچەندە (عەبدولحەلیم خەدام)، جێگری سەرۆکی سووریا لە پەرتووکەکەیدا (هاوپەیمانیی سووری ئێرانی و ناوچەکە)، ئاماژە بەوە دەکات لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991، نزیکبوونەوەی بارزانی لە تورکیا و ئەمەریکا، جێی نیگەرانی سووریا و ئێرانیش بوو، بەتایبەتیی کە ئەمەریکا دەیویست بنکەی فڕۆکەوانی لە #هەریر# دابمەزرێنێت و دەزگای هەواڵگری ئەمەریکاش (سی ئای ئەی) لە هاوینەهەواری #سەڵڵاحەدین# بنکەیان دامەزراند. هاوکات سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی (بارزانی و تاڵەبانی) وەک دوو سەرۆک خێڵ و سەرکردەی میلیشیا ناودەبات.
لە بەرانبەریشدا، بارزانی لە پەرتووکەکەیدا سووریا تۆمەتبار دەکات بەوەی یەکێک بووە لەو وڵاتانەی ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لەخۆشکردنی ئاگری شەڕی ناوخۆداو گوشاری بۆ لاوازکردنی هەرێم و پارتی هێناوە.
بەڵام سەرباری ئەوەش، پەیوەندیی بارزانی و ئەسەد باش و بەردەوام بوو، تەنانەت لە کاتی هێرشی ئەمەریکادا بۆ سەر ئێراق، جۆرێک لەهەماهەنگی لەنێوانیاندا هەبووە و بارزانی بەر لە هێرشەکە سەردانی بەشار ئەسەدی کردووە و بڕیاری ئەمەریکای سەبارەت بەهێرشکردنە سەر ئێراقی پێڕاگەیاندووە.
دوایەمین سەردانی بارزانیش بۆ سووریا و بینینی #بەشار ئەسەد# لە ساڵی 2004دا بوو، ئیتر لەمەدوا بەهۆی ڕەوتی ڕووداوەکان پەیوەندییەکانی نێوان بارزانی و ئەسەد بەرەو ساردی و دوورکەوتنەوە لەیەکتر دەبات.
=KTML_Bold=چەندین هۆکار ڕۆڵیان هەبوو بۆ ئەم ساردی کەوتنە نێوان پەیوەندییەکانیان:=KTML_End=
1-سووریای ئەسەد دوای ڕووخانی سەددام، هاوکاری ئەو گرووپە توندڕەوانەی کرد کە ئێراقیان پڕکرد لەتوندوتیژیی و ئاژاوە.
2-کاتێک بارزانی بووە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2005دا، بەپێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی دیکەوە ئەسەد ئامادە نەبوو وەک سەرۆکی هەرێم پێشوازی لێبکات. تەنیا ئەو کاتە نەبێت کە لە ساڵی 2011دا خەڵکی سووریا لە دژی ڕژێمی ئەسەد ڕاپەڕی و ئەسەدیش داوەتی بارزانی کرد سەردانی سووریا بکات، بەڵام بارزانی ڕەتیکردەوە. ئەو کاتە ئەسەد ڕووبەڕوووی ئاستەنگ و ناڕەزایەتییەکی گەورە بووبووەوە و دەیویست کوردی ڕۆژاوا نەچێتە سەنگەری دژبەرەکانییەوە.
بەپێی ئەوەی #جەنگیز چاندار# ، لە پەرتووکەکەیدا #شەمەندۆفێری میزۆبۆتامیا# باسی دەکات: =KTML_Bold=بارزانی سەرەتا پێیباش بووە کورد نەچێتە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن و بەرەی دەسەڵاتەوە، بۆ ئەوەی ئەم هەڵوێستەی وەک شەڕی کورد و عەرەب لێکنەدرێتەوە.=KTML_End=
بەڵام دواتر، کە ڕەوتی ڕووداوەکانی سووریا ئاڕاستەی توندوتیژیی وەرگرت و شەڕ درێژەی کێشا، پەیەدە بەهەماهەنگی لەگەڵ سوپای سووریا ناوچەکانی ڕۆژاوای کوردستانی کۆنترۆڵ کرد، تورکیا پاڵپشتی ناڕازییەکانی دژ بە ئەسەدی کرد و دوو بەرەی سوننە و شیعە لەو وڵاتەدا سەنگەریان لەیەک گرت. بارزانی کەوتە بەرەی سوننە و دژە ئەسەدەوە، ئیتر نەک هەر پێشوازی لەیەک بەیەکی سەرکردە دیارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووری کرد، بەڵکوو پێشوازی لەو سەرکردە لوبنانیانەش کرد کە دوژمنی سەرسەختی ئەسەد بوون، وەک (جەعجەع و جومەیل و جانبولاد). هێزە کوردییە ناڕازییەکانی دژ بە ئەسەدی لەچوارچێوەی (ئەنەکەسە)دا یەکخست، هێزی پێشمەرگەی ڕۆژی لەکوردانی ڕۆژاوا درووستکرد و هەموو ئاماژەکان دەرخەری ئەوە بوون کە ئیتر بارزانی پێیباش بوو کوردی ڕۆژاوا ببێتە بەشێک لەو هێزانەی خوازیاری ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئەسەدن لە سووریا و تەنانەت ڕەخنەی لە پەیەدە گرت کە هەماهەنگی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ناکات.
لە بەرانبەریشدا، میحوەری مقاوەمە، لە ئێران و سووریاوە بگرە تا حزبوڵای لوبنان و حەشدی شەعبی لەهەڵوێستی بارزانی سەبارەت بەڕووداوەکانی سووریا و مانەوەی بەشار ئەسەد لەدەسەڵاتدا ناڕازی و تووڕە بوون و دژایەتییان کرد. تەنانەت حکومەتی سووریا ساڵی 2018، #مەسرور بارزانی# خستە لیستی تیرۆرەوە.
سەرنجڕاکێش ئەوەیە، چەند ڕۆژێک بەر لەم ڕووداوانەی ئێستای سووریا و ڕووخانی بەشار ئەسەد، نوێنەرانی گرووپی چەکداری (سوڵتان موڕاد) لە هەولێر بوون، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونی تێهەڵکێشبوونی بارزانی بوو لەگەڵ نەیارەکانی ئەسەدو ئەجنداکانی تورکیا.[1]