ناونیشان: =KTML_Bold=مەترسی تەشەنەسەندنی شەڕەکەی سووریا بۆ ئێراق و هەرێمی کوردستان ھەیە=KTML_End=
نووسین: #مەلا بەختیار#
ڕێکەوت: #04-12-2024#
ھەفتەیەکە ھێزە ئیسلامییەکان و بەرھەڵستکارەکانی سووریا، شارەکانی (حەلەب، ئیدلیب، حەما) ھەروەھا تەواوی دەوروبەری ئەو شارە گەورانەیان پەلامار داوە. خەریکە سیناریۆکانی موسڵ و تکریت و تاڕادەیەک پارێزگای دیالەش کە سوپای ئێراق لەسەردەستی داعش شکستی خوارد، خەریکە لە سووریاش لەو شارانە ھەمان ڕووداو، لەسەر دەستی ھێزی چەکداری جۆراوجۆر دووبارە دەبنەوە. سووریا بەتەواوەتی شڵەژاوە. ڕووسیا و ئێرانیش کەوتونەتە قەیرانێکی سیاسی ئەمنی گەورەوە. تورکیا بەڕواڵەت نیگەرانە. بەڵام دۆخەکە پێچەوانەی سیاسەتی تورکیا لە سووریا و ناوچەکە نییە. تەنیا ئەوە نەبێت، تورکیا ھەتا لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان و شەڕی چەکداری باکوور یەکلایی نەکاتەوە، بەھیچ شێوەیەک پێی خۆش نییە، پەیەدە، ئەم دۆخەی سووریا بقۆزێتەوە. لەم وتارەدا کۆی دۆخەکە و کاریگەرییەکانی ھەڵدەسەنگێنین.
سووریا وەکوو کۆتایین دەوڵەتی نەتەوەپەرستی عەرەب، لەحوکمڕانیدا لە بەدیھێنانی ئامانجەکانی نەتەوەی عەرەب و نیشتمانی سووریا، سەرنەکەوتووە. لەبەر ئەوەی بەعسی سووریا، ھەروەکوو بەعسی ئێراق، تێنەگەیشت کە دەوڵەتی نەتەوەیی بەبێ دیموکراسی، سیستەمی دیموکراسیش بەبێ عەلمانییەت مەحاڵە دابمەزرێت. زیاتر لەنیو سەدە بە زەبر و زەنگی دژە دیموکراسی و سیستەمەکە و دەسەڵاتدارانی عەلەوی خۆیان سەپاندووە. ئەنجامەکەی دەرکەوت زۆرینەی خەڵک لەم حوکمڕانییە ڕازی نییە.
بەداخەوە ئەم جۆرە سیستەمە نەتەوایەتییە، پێش ھەموو فەلسەفەیەکی سیاسی تر، جەزرەبەی کوشندە لە بزووتنەوەی دیموکراسی و لە بزووتنەوەی چەپ دەدات، بۆ؟ لەبەر ئەوەی خۆی بە نموونەی دەوڵەتی نەتەوە و سیستەمی عەلمانی و سۆسیالیستی عەرەبی دەزانێت. ھەر بۆیە کاتێک بزووتنەوە دیموکراسی و چەپ لاواز دەبێت، بزووتنەوە ئیسلامییەکان بەھێز دەبن. بەڵکوو لەڕووی سیاسییەوە، ئیسلامییەکان شکستی دەسەڵاتی نەتەوەیی، بە دەرفەت دەزانن، وای بڵاو بکەنەوە کە نە دەوڵەتی نەتەوە و نە سیستمی عەلمانییەت و نە سۆسیالیستی عەرەبی ناتوانن ئامانجەکانی خەڵک بەدی بهێنن، بۆیە ئیسلامییەکان وای بڵاو دەکەنەوە خۆیان تاقە ھێزی بەرھەڵسکار و بەدیلی دەسەڵاتە دیموکراسی و عەلمانییەکانن.
وەکوو وتمان سووریا دوا دەوڵەت، یان دوا قەڵای نەتەوەیی عەرەبە. دەسەڵات قۆرغکردنیان لەبەعسی ئێراق زیاتر نەبێت کەمتر نییە. بۆیە سەرەڕای ئەوەی ملیۆنەها ھاوڵاتی سووری دەربەدەربوون. نیوەی وڵاتەکە کاول کراوە. بەڵام ڕژێمی بەعس_ بەشار لەسەر ھەمان سیاسەتی نیوسەدەی ڕابوورد و بەردەوامن. سەرەنجام بەناچاری پەنایان بۆ ڕووسیا و ئێران بردووە، پشتیوانی لە پاراستنی دەسەڵاتەکەیان بکەن و حوکمڕانییەکەیان دەرباز بێت.
لە 15 ساڵی ڕابووردودا، بەعسی سووریا نە ئامادەیە گفتوگۆیەکی دیموکراسی چارەسەرکردنی کێشەکان بکات، نە ھەڵبژاردنێکی ئازاد ئەنجام بدات. نە ئامادەشە دەستووری وڵاتەکە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم بگونجێنێت. باوەڕیشی بە دیموکراسی و مافی چارەنووسی گەلانی سووریا تا ئێستا نییە. ھەربۆیە دەبینین ڕۆژاوای کوردستان لە سووریا دابڕاوە پەیتاپەیتاش داوای چارەسەری سیاسی دەکەن بەڵام تا ئێستا گوێیان لێ نەگیراوە، ڕۆژاوا حوکمڕانییەکی جیاوازی تیایە. لە جەنگدا باشتر لە سوپای سووریا داعشیان تێک و پێک شکاند. کەچی بەعسی سووریا ئامادەنییە بەوێنەی گفتوگۆی سیاسیان لەگەڵ بکات و لایەنی کەمی مافی سیاسی ڕۆژاوای کوردستان بسەلمێنێت.
بێگومان دەوڵەتی ئاوا و، حوکمڕانی ئاوا و، فەلسەفەی دەستووری سیستەمی ئاوا، ھەتاسەر ناتوانێت کێشە قوڵەکانی وڵاتەکە بەزەبر و زەنگ خەفەبکات. بۆیە سووریا وەکوو چەندین وڵاتی عەرەبی، لە ڕاپەڕینەکانی بەھاری عەرەبیدا، دووچاری تێکھەڵچونی ناوخۆی کوشندە بووە. میسڕ و تونس توانیان زیرەکانە خۆیان لەو تێکھەڵچونانە دەرباز بکەن. سەرۆک و حکومەتەکانی ئەو دوو وڵاتەیان گۆڕی. یەمەن، لیبیا، سووریا، لوبنان ھێشتا لەناو گێژاوەکەیا گێژ دەخۆن. ھۆکارە ڕاستەقینەکانی ئەم دۆخانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، وەرچەرخانی کۆمەڵایەتی و ھۆشمەندی و ڕیفۆرمی ئایینی، لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاسدا، ڕوینەداوە.
دەوڵەت و سیستەمێک، دوای زیاتر پەنجا ساڵ لە حوکمڕانی، نەیتوانیبێت زۆرینەی خەڵکەکەی ڕازی بکات، نەیتوانیبێت تەنانەت لە ڕوانگەی نەتەوایەتی بەعسیانەشەوە، لایەنی کەمی ئەرکەکانی خۆی جێبەجێبکات. بەشێک لە خاکەکەی کە بەرزاییەکانی جۆلانە بەداگیر کراوی ماوەتەوە، دەسەڵاتی ئاوا بێگومان لە دوا ئەنجامدا دووچاری ئەم ھەموو کێشانە دەبێت. چاری نامێنێت جەگەلەوەی ھانا بۆ دەوڵەتانی تر ببات، بیپارێزن.
جارێکی تر دەرکەوتەوە بە حوکمی ھەڵکەوتەی جوگرافیای سیاسی وڵاتی سووریا، ئەم وڵاتە چەقی کێشەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە. ھیچ وڵاتێکی تێوەگلاوی عەرەبی، لە بەھاری عەرەبی ، بەئەندازەی سووریا کارییگەریان لە کۆی کێشەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست نەبوو. ھەر بۆیە دەوترێت: ئاشتی بەبێ سووریا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا نایەتەدی.
بینیمان پێگەی سووریا چ کارییگەریەکی لەسەر ئیسڕائیل و تورکیا، هەیە کە دوو دەوڵەتی عەرەبی نین. ھەروەھا چ کاریگەرییەکی لەسەر ئێراق و لوبنان و میسڕ و ئوردن، وێڕای دەریای سپی ناوەڕاست ھەیە. جگە لەوەش پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەسێ بەشی کوردستانەوە ھەیە. ڕۆژاوا و باشوور و باکووری کوردستان.
ئەگەر لەتەقینەوەی کێشەی غەزە و لوبنان، گومانێک ھەبووبێت کە دەوڵەتە گەورەکان و دەوڵەتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، پێویستیان بە ڕێکەوتنی نوێ و داڕشتنەوەی سیاسەتێکی نوێ لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەبووبێت، لە دوای تەقینەوەی کێشەکانی سووریا، ئیتر یەکلا بووەتەوە ھەم دەوڵەتە گەورەکان بڕیای ستراتیجی نوێ سەبارەت بە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەدەن. ھەم دەوڵەتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو ، تەنانەت وڵاتانی مەغریبی عەرەبیش، ناتوانن سیستەمی حوکمڕانییەکەیان لەو گۆڕانکارییە ستراتیجییە نێودەوڵەتییە، دوور ڕابگرن. کە سیستەمێکی فرەجەمسەری بەرژەوەند ناکۆک، بەرەو جەنگی ساردی دووەم، بەڕێوەیە.
ڕووسیا بەحوکمی شەڕی ئۆکرانیا، پێدەچێ نەتوانێت لە شەڕگەی سووریادا قورساییەکی جەنگینی تەواو، وەکوو زلھێزێک بەکار بھێنێت. ھەروەھا ئێران بەحوکمی ئەنجامی شەڕەکانی (حەماس و حیزبوڵڵا) کە تاڕادەیەک تێکشکێنراون، دژوارە بتوانێت ڕاستەوخۆ تێوەبگلێتە جەنگی ناوخۆی سووریا. بەتایبەتیی لەم دوو ڕۆژە، ترامپ ھەڕەشەی دۆزەخی لەو سەرکردانە کرد، ئەگەر دیلەکانی ئیسرائیل ئازاد نەکەن. ڕووسیا پشتیوانی ئەسەد دەکات، بەڵام جەنگێکی وەکوو ئۆکرانیای بۆناکات. ئێران یارمەتییەکی زۆری ئەسەد دەدات، بەڵام بەقورسی دەبینین ڕاستەوخۆ بچێتە ناو جەنگەکەوە. ئەگەر پێویست بکات ھێزە چەکدارەکانی شیعەی ئێراق دەنێرێتە دیمەشق، ڕەنگە بۆ ئیدلیب و حەڵەبیشیان بنێرێت. بەمەرجێ لەگەڵ ئەمریکا ڕووبەڕوو نەبێتەوە.
ئەم تێکھەڵچونەی ناو سووریا، دەرفەتێک بوو ھەم لەئاستی نێودەوڵەتی، ھەروەھا لەناو سووریا بیر لەجۆرێک چارەسەری سیاسی لەگەڵ پەیەدە و ئەنەکەسە بکرێتەوە. بەتایبەتیی تورکیا ناڕاستەوخۆ خزاوەتە ناو شەڕ و شۆڕەکەوە. ئێستاش ڕەنگە ئەو دەرفەتە مابێت ڕۆژاوای کوردستان دۆخەکە لەبەرژەوەندی بەشێکی مافەسیاسییەکان بقۆزنەوە، بەڕێگەی ئاشتەوایی، ئەگەر کێشە ناوخۆییەکانیان چارەسەر بکەن و بەپاساوی جۆراوجۆر پەیەدە تێوەنەگلێتە شەڕەکەوە. باشترین ڕێباز بۆ پەیەدە بەرگری لەخۆکردنە نەک ھێرش بردن.
لەگریمانەی سەرکەوتنی ھێزە ئیسلامییە چەکدارەکان لە سووریا، مەترسی تەشەنەسەندنی شەڕەکە ھەم بۆ ئێراق ھەم بۆ کوردستان ھەیە. ئێراق دەتوانێت بەرگەی مەترسییەکی وا بگرێت. بەڵام باشووری کوردستان، بەم ھەموو کێشە و بێشە و قەیرانەوە، ناتوانین دڵنیابین وەکوو شەڕی داعش، بتوانێت سەرکەوتوو بێت.
با ئەوەش بڵێین چارەنووسی باکووری کوردستان، لەم دۆخەی سووریا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، تاڕادەیەکی زۆر کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ڕۆژاوای کوردستان و پەیەدە. بۆیە وا چاکە، پەکەکە، ھاندەری پەیەدە نەبێت بکەوێتە ھێرش بردن، بەڵکوو لێگەڕێن پەیەدە تەنیا بەرگری لەخۆی بکات. ھاوکات دەبێت وریای ئەوەشبن، دەرفەتی ئازادکردنی بەڕێز ئۆجەلان لەبار نەبرێت. چونکە ئازادکردنی بەڕێز #ئۆجەلان# ، بەپێی پڕۆژەیەکی ئاشتەوای سیاسی، لەبەر ڕۆشنای گۆڕانکارییەکانی سەردەم و ئەو ستراتیجییە نوێییەی لەلایەن دەوڵەتە گەورەکانەوە، بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەیە، دەرفەتە بۆ چارەسەرێکی مامناوەندی سیاسی تورکیا و باکووری کوردستانیش. ھەلومەرجەکەش ڕەخساوە، ھەموو لایەک بڕیارێکی مێژووی وا بدات. [1]