بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێت: تورکیا و هاوپەیمانەکانی ئامادەکاری دەکەن هێرش بکەنە سەر #کۆبانێ# و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش لە ڕوودانی کارەساتی مرۆیی هۆشداری دەدەن. ئیلهام ئەحمەد لەوبارەیەوە نامەیەک بۆ دۆناڵد ترەمپ دەنێرێت.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکیدا لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ڕایگەیاندووە: زەنگی مەترسییە و تورکیا ئامادەکاری دەکات بۆچوونە نێو سووریا بەشێوەیەکی فراوان و هێرش بۆ سەر ئەو ناوچانەی کورد لە دەستی کورددایە بە پشتیوانی ئەمریکا.''
بە وتەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە: ئەو هێزانەی کۆکراونەتەوە لە گرووپە چەکدارەکان و هێزی کۆماندۆی تورکیا و تۆپهاوێژ پێکدێن بە ژمارەی زۆرەوە کۆکراونەتەوە و لە نزیک کۆبانێ جێگیرکراون.
هێرشی تورکیا زۆر نزیکە
وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت: هێز کۆکردنەوەی تورکیا، هاوشێوەی ئەو جووڵە سەربازییەیە تورکیا لە 2019 کردی و هێرشیکردە سەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.'' هاوکات، بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی دەڵێت: جەختمان لەسەر ئەو پرسەیە و گوشار دەکەین بۆ دان بەخۆداگرتن.''
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ڕۆژی دووشەممە نامەیەک بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ناردووە و ئۆپەراسیۆنی تورکیای بە چاوەڕوانکراوە ناوبردووە و داوای کردووە: گوشار لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بکات هێز نەنێرێتە سەر سنووری باکووری سووریا.
ئیلهام ئەحمەد لە نامەکەیدا بۆ دۆناڵد ترەمپ نووسیویەتی، ئامانجی تورکیا درووستکردنی ناوچەیەکی دیفاکتۆیە لەسەر خاکی ئێمە، پێش ئەوەی تۆ (دۆناڵد ترەمپ) وەکوو سەرۆک دەستبەکاربیت.''
ئیلهام ئەحمەد گوتوویەتی: تورکیا دەیەوێت گوشار لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا بکات، وەکوو دەسەڵاتداری سەر خاکی ئێمە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.'' هۆشداریش دەدات ئەگەر تورکیا ئەو هێرشە دەستپێبکات لێکەوتەی کارەساتباری دەبێت.''
تا ئێستا تورکیا هیچ لێدوانێکی لەوبارەوە نەداوە، بەڵام وەکوو ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت دەڵێت: هەڕەشەی تورکیا لە هەسەدە کە هاوبەشی ئەمریکا دەکات لە شەڕی داعش و ڕێگری لەسەرهەڵدانەوەی، پێش چەند هەفتەیەک دێت لە گۆڕانکاریی لە ئیدارەی ئەمریکا.''
هەسەدە شکستهێنانی ئاگربەستی نێوان خۆیان و گرووپە چەکدارەکانی ڕاگەیاند و وتی: تورکیا هێز کۆدەکاتەوە لە ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ.
بەگوێرەی ئیلهام ئەحمەد، بەدرێژایی سنوور دەبینین تورکیا هێزەکانی کۆکردووەتەوە، خەڵکی سڤیلی ئێمە لەژێر ترس و دڵەڕاوکێ و وێرانکاری و مردندان.
ڕۆژی دووشەممە دۆناڵد ترەمپ بە ڕۆژنامەڤانانی ڕاگەیاند: تورکیا سەرپەرشتی هەتەشەی کردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی سووریا.''
ترەمپ باسی لەوەشکرد: تورکیا ئەو پڕۆسەیەی دەستبەسەرداگرتنەکەی بەشێوەیەکی نادۆستانە کردووە، بێ ئەوەی خەڵکێکی زۆر گیانلەدەست بدات.''
هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەو نامەیەی کە بۆ ترەمپی ناردووە، نووسیویەتی: هەر هێرشێکی تورکیا ڕەنگە ببێتە هۆی ئاوارەبوونی 200 هەزار کەس تەنیا لە کۆبانێ.
هەر لەو نامەیەدا هاتووە: باوەڕمان پێتە کە لە وەرگرتنی دەسەڵات وەکوو سەرۆکی ئەمریکا ڕێگری لەو کارەساتە بکەی، چونکە ئەردۆغان گوێ لە تۆ دەگرێت، متمانەمان هەیە کە جارێکی دیکە بەدەم داواکاری تۆوە بێت.''
ئیلهام ئەحمەد بە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکای گوتووە: سەرکردایەتیی یەکلاکەرەوەی ئێوە دەتوانێت ڕێگری لەو داگیرکارییە بکات، پارێزگاریش لە شکۆ و سەلامەتی ئەوانە بکات کە وەکوو هاوپەیمانی نەگۆڕی ئەمریکا ماونەتەوە لە پێناو ئاساییش و سەقامگیریی ناوچەکان.[1]