سینان تونجدەمیر
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: ڕێگرییەکانی بەردەم گەڕانەوەی کوردانی عەفرین بۆ زێدی خۆیان قبووڵناکرێن و باس لەوە دەکات، هێشتا جۆلانی لە لیستی تیرۆری ئەنجوومەنی ئاساییش دایە و دەتوانرێت پێداچوونەوە بە لیستەکەدا بکرێ.
ستیفان دوو جاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ڕووداو، ڕایگەیاند، هێشتا ئەحمەد شەرع (ئەبوو محەمەد جۆلانی) لە لیستی تیرۆردایە و ئەنجوومەنی ئاساییش دەتوانێت لە لیستەکە دەریبهێنێت. دەشڵێت: کاتی ئەوە هاتووە وڵاتانی ئەندام بیر لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا بکەنەوە و لەوانەیە سەیری لیستەکەی ئەنجوومەنی ئاساییشیش بکەن.
گێیر پێدەرسن، نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا سەردانی سووریای کردووە. ڕۆژی چوارشەممە (#18-12-2024# )، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا لە دیمەشقی پایتەختی سووریاوە ڕایگەیاند: هیوایەکی زۆر دەبینین لەو سووریا نوێیەی درووست بووە. سووریایەکی نوێ کە دەستوورێکی نوێ پەسەند بکات و لەکاتێکی گونجاویشدا هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانەی لە دوای قۆناخی ڕاگوزەری سیاسیدا تێدا بکرێت.
لەبارەی ئەوەی کە بۆچی پێدەرسن سەردانی دیمەشقی کردووە و سەردانی ڕۆژاوای کوردستانی نەکردووە، دوو جاریک وتی: ئەمە یەکەم سەردانییەتی بۆ دیمەشق دوای گۆڕانکارییەکە. پێدەرسن و نووسینگەکەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی سووریا لە پەیوەندیدا بوون، بێگومان بزووتنەوە کوردییەکانیش یەکێکن لەوانە. دڵنیام لە سەردانی داهاتوویدا دەچێتە شوێنەکانی دیکەی وڵاتەکە.
گرووپە چەکدارەکان ڕێگری لە گەڕانەوەی کوردانی ئاوارەی عەفرین بۆ زێدی خۆیان دەکەن و بەشێکیان دەستگیر دەکەنە. لەو بارەیەوە دوو جاریک دەڵێت: ئێمە ئاگاداری ئەم دۆخانەین و دەبێت پێتان بڵێم، ئەمە قبووڵ ناکرێت. شتێکی ترسناکە کاتێک خەڵکانێک کە نزیکەی هەموو شتێکیان لەدەست داوە، کە لە وڵاتی خۆیاندا ئاوارە بوون، دووچاری تووندوتیژیی زیاتر دەبنەوە.
هاوکات، دوو جاریک باسی لە بەشداریکردنی کورد لە حکومەتی نوێی سووریادا دا کرد و وتی، پەیامی بەهێزیان بە دیمەشق داوە کە دەبێت حکومەتی داهاتوو گشتگیر بێت و کەمینەکانیش لەخۆ بگرێت.
دەقی هەڤپەیڤینی ڕووداو لەگەڵ ستیفان دوو جاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
ڕووداو: نزیکەی دوو هەفتەیە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد سەردەمێکی نوێ لە سووریا دەستی پێ کردووە. مەبەستم ئەوەیە کە ڕژێم ڕووخا و وەک وتمان سەردەمێکی نوێ دەستی پێ کردووە. دەمانەوێت بزانین ئەم دەستپێکە بۆ کورد چۆن دەبێت، بەتایبەتیی بۆ کوردانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا. ئەم بابەتە لەگەڵ گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ستیفان دوو جاریک تاوتوێ دەکەین. زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە ستیفان. دەمەوێت بە پرسیارێک دەست پێبکەم لەبارەی بەڕێز پێدەرسن. وەک ئاگاداریت، بەڕێز پێدەرسن لە دیمەشقە و لەوێ لەگەڵ جۆلانی و ئەو خەڵکە کۆبووەوە. ئەمە مانای ئەوەیە جۆلانی و دەستەی تەحریری شام لە لیستی تیرۆر نەماون. دەبێت چۆن لەمە تێبگەین؟
دوو جاریک: سەرەتا، سوپاس بۆ ئەوەی جارێکی دیکە میوانتانم لە تۆڕی میدیایی ڕووداو. هەمیشە خۆشحاڵم بە قسەکردن لەگەڵ ڕووداو. وەڵامی کورتم، نەخێرە. بەڕێز پێدەرسن وەک نێردەی تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ڕاسپاردەی ئەنجوومەنی ئاساییش، ئەرکەکەی خۆی جێبەجێ دەکات. هەر وەک لە پێشەکییەکەتدا باست کرد، دەستپێکی نوێیە لە سووریا. ڕژێمی ئەسەد نەماوە، هەر وەک سکرتێری گشتی وتی، ڕژێمی دیکتاتۆری نەماوە. ئێمە وەک نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک سکرتێری گشتی، دەبێت ڕووبەڕووی ڕاستییەکان ببینەوە. هەر بۆیە بەڕێز پێدەرسن دەبێت قسە لەگەڵ ئەو کەسانە بکات کە لە دیمەشق بەرپرسن، کە بەڕێز جۆلانییە. ئەمانە ئەو کەسانەن کە ئێمە وەک دەسەڵاتی کاتی دەیانناسین. پرسی بوونی هەیئەی تەحریری شام لە لیستی ئەنجوومەنی ئاساییش پرسێکی جیاوازە، ئایا لە لیستەکە دەردەهێنرێن یان نا؟ ئەوە کاری ئەنجوومەنی ئاساییشە. ئایا ئەو سزایانەی لەلایەن ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا و ئەوانی دیکەوە سەپێنراون لەسەر سووریا هەڵدەگیرێن؟ ئەوە بۆ وڵاتانی ئەندامە. بەڵام ئێمە لەگەڵ هەموو ئەوانە گفتوگۆ دەکەین کە پێویستە گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین.
بۆ نموونە، وەک دەزانن، نەتەوە یەکگرتووەکان نێردەیەکی سیاسی لە ئەفغانستان هەیە. ئێمە لەگەڵ تاڵیبان گفتوگۆ دەکەین، چونکە ئەوان دەسەڵاتی ڕاستەقینەن. بۆیە مەرج نییە کە ئەمەیان وابوو، ئەوی دیکەشیان وابێت. بەڵام پێم وایە بەڕێز پێدەرسن لەم چەند ڕۆژەی دواییدا ڕوون بوو. کاتی ئەوە هاتووە وڵاتانی ئەندام بیر لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا بکەنەوە و لەوانەیە سەیری لیستەکەی ئەنجوومەنی ئاساییشیش بکەن.
ڕووداو: لەو بارەیەوە، پێم وایە هەمان بابەتە، بەڵام دەمەوێت ئەمە بپرسم: لەلایەکەوە دەزانین هەیئەی تەحریری شام لە لیستی تیرۆردایە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە هێزەکانی سووریای دیموکرات بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نەناسێنراون. بۆچی بەڕێز پێدەرسن سەردانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریای نەکرد و هیچ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ دەسەڵاتەکانی ئەوێ نەکرد، مەبەستم دەسەڵاتی کوردی یان سەرکردە کوردەکانی ئەوێیە؟
دوو جاریک: سەرەتا، ئەمە یەکەم سەردانییەتی بۆ دیمەشق دوای گۆڕانکارییەکە. چەند ڕۆژێک لە دیمەشق دەمێنێتەوە. لەگەڵ تیمەکەیدا لەوێ دەمێنێتەوە. هەروەک دەزانن، بەڕێز پێدەرسن و نووسینگەکەی لە پەیوەندیدان و لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی سووریا لە پەیوەندیدا بوون، بێگومان بزووتنەوە کوردییەکانیش یەکێکن لەوانە. بەڵام دەیڵێمەوە، ئەمە یەکەم سەردانی بوو. دڵنیام لە سەردانی داهاتوویدا دەچێتە شوێنەکانی دیکەی وڵاتەکە.
ڕووداو: باشە، بەڵام پێتوایە بەم نزیکانە چاوەڕێی شتێکی وابکەین کە خودی خۆی سەردانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بکات؟
دوو جاریک: ناتوانم لەجیاتی ئەو قسە بکەم. پێم وایە چ ڕۆژنامەنووسان بن، چ نەتەوە یەکگرتووەکان بێت، هەمووان بەشدارن و دەبێت ڕۆژبەڕۆژ ئەم دۆخە چارەسەر بکەن. شتەکان زۆر بەخێرایی دەگۆڕێن. ئەمە ساتێکی گۆڕانکاریی گرنگە بۆ گەلی سووریا، بۆ سووریا وەک وڵات. دەبێت دەرفەتی بوونیاتنانی سووریایەک هەبێت بە دامەزراوەی بەهێز و بەرپرسیار، شوێنێک کە هەموو کەمینەکانی نێو سنوورەکانی سووریا، چ کورد بن، چ کریستیان، چ عەلەوی، هەموویان هەست بە نوێنەرایەتیکردن و پاراستنیان بکەن.
ڕووداو: ڕاستییەکەی دەمەوێت بڵێم، وەک دەزانن، کورد دووەم نەتەوەن لە سووریا و حکومەتێکی ڕاگوزەر هەیە. کورد بەشێک نین لەم حکومەتی ڕاگوزەرە. بۆچوونتان چییە؟
دوو جاریک: لەو شتانەوەی لە سەرکردایەتیی دیمەشقمان بێستوون، ماوەیەکی سێ مانگی دەبێت کە ڕێگەیەکە بەرەو حکومەتێکی ڕاگوزەر. پەیامی بەهێزی ئێمە بۆیان ئەوەیە گشتگیر بن. ئێمە نازانین حکومەتی تەواو چۆن دەبێت، بەڵام زۆر گرنگە چ لە سووریا بێت یان لە زۆر وڵاتی دیکە، ئەو کەمینانە نوێنەرایەتی بکرێن. هەندێک جار کەمینە مانای ژمارەیەکی کەمی خەڵک دەگەیەنێت، بەڵام لە حاڵەتی کورددا ژمارەیەکی زۆری خەڵکن. دەبێت هەموو ئەو کەمینانە نوێنەرایەتی بکرێن و لە حکومەتدا هەست بە نوێنەرایەتیکردنیان بکەن. ئێستا لە قۆناخی ڕاگوزەرداین، بەڵام تێدەگەین ئەمە دەگاتە حکومەتێکی ڕاگوزەر و دواتریش هەڵبژاردن. ئەوەی دەتوانین وەک نەتەوە یەکگرتووەکان بیکەین ئەوەیە گوشار بکەین تا قۆناخی داهاتووی حوکمڕانی لە سووریاگشتگیر بێت.
ڕووداو: باشە. پرسیاری داهاتووم ئەوەیە بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستمان دەکەون، کورد فیدراڵییەتیان لە باکووری سووریا دەوێت، بۆچوونی سکرتێری گشتی لەم بارەوە چییە؟
دوو جاریک: سەیرکە، ئەوە کاری سکرتێری گشتی نییە بیروبۆچوونی خۆی بەسەر گەلی سووریادا بسەپێنێت کە حکومەتەکەیان چۆن دەبێت. دەیڵێمەوە، پێویستە ماوەیەک بۆ دیالۆگ هەبێت، ماوەیەک بۆ ڕاگواستن کە تێیدا بەرژەوەندی هەموو خەڵکی نێو سنوورەکانی سووریا و یەکپارچەیی خاکی سووریا زۆر گرنگە، هەست بە نوێنەرایەتیکردن بکەن. کەواتە با بەم پڕۆسەیەدا تێبپەڕین. پەیامی ئێمە لە هاوکارێکردنی ئەم پڕۆسەیەدا سوورییەکان سەرکردە و خاوەنین، گشتگیرییە، پاراستنی کەمینەکانە، تاوەکوو سووریا بتوانێت شوێنی خۆی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بگرێتەوە.
ڕووداو: دەمەوێت ئەمە بپرسم. تەنیا کورد نین، هەروەها کریستیان و شیعە هەن و هەندێکیان لە دیمەشق دەژین و دەڵێن لەم حکومەتە نوێیە دەترسن، مەبەستم حکومەتی ڕاگوزەرە. نەتەوە یەکگرتووەکان یان سکرتێری گشتی دەتوانن چ جۆرە یارمەتیی یان پاراستنێکیان پێشکەش بکەن؟ پەیامی سکرتێری گشتی بۆ ئەوان چییە تاوەکوو هەست بە ئاساییش بکەن؟
دوو جاریک: دەزانین لە کاتی گۆڕانکاریی دوای زیاتر لە دەیەیەک لە شەڕی نێوخۆی دڕندانە، دوای زیاتر لە دوو دەیە لە ڕژێمێکی دڕندانە، کە ئەمە قۆناخێکی ناسەقامگیرە و ئاساییە خەڵک نیگەران بن. دەیڵێمەوە، ئەو پەیامەی بەڕێز پێدەرسن و بەڕێز فلیچەر، سەرۆکی کاروباری مرۆیی دایان، هەمووی یەک شتە، ئەویش دڵنیابوونە لەوەی هەموو ئەو خەڵکەی باستان کرد، لە وڵاتی خۆیاندا هەست بە ئاساییش بکەن. تاوەکوو ئێستا شتی باش لە سەرکردایەتیی دیمەشقەوە دەبیستین. گرنگە ئەو وشانە بە کرداری بن. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئەمە ببینێت. بەڵام ئێمە لێرەین بۆ یارمەتیدان و کارکردن لەسەر پرسەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، پاراستنی کەمینەکان، پاراستنی ئافرەتان. ئێمە لێرەین بۆ یارمەتیدان.
ڕووداو: باشە. پێتوایە هەنگاوی داهاتوو دەبێت چی بێت؟ مەبەستم ئەوەیە، پێتوایە بەڕێز گێر پێدەرسن لەگەڵ تیمەکەی دەبێت لەسەر دەستوورێکی نوێ کاربکەن؟ یان پێتوایە دەبێت لەسەر سیستمێکی هەڵبژاردن کاربکەن؟
دوو جاریک: دەیڵێمەوە، ئەم پڕۆسەیە سوورییەکان خاوەن و سەرکردەین. نەخشەڕێگەیەکمان هەیە. ئەویش بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاساییشە. بێگومان لە کاتێکی جیاوازدا دەرچووە کە ئۆپۆزیسیۆن و حکومەتێک لە دەسەڵاتدا هەبوون. وەک دەزانین، ئەمە گۆڕاوە. بەڵام بنەماکانی ئەو بڕیارە نەگۆڕاون. دەگەڕێمەوە سەر پرسی گشتگیری، پرسی حوکمڕانیی سوورییەکان کە خۆیان سەرکردە و خاوەنن، ئەویش درووستکردنی دەستوورێکی نوێیە. ئێمە لێرەین بۆ یارمەتیدانی پڕۆسەکە. هیچ سوودی نییە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستوورێک یان پڕۆسەیەک بسەپێنێت. بۆ سەرکەوتنی ئەمە، پێویستە ڕیشەی لە سووریادا هەبێت. پێویستە ڕیشەی لە هەر کۆمەڵگەیەکی سووریادا هەبێت. بۆیە ئێمە لێرەین باشترین ڕێگە و باشترین میتۆد پێشکەش بکەین بۆ ئەوەی سوورییەکان پێکەوە، نوێنەرانی هەموو سوورییەکان پێکەوە، کۆببنەوە و کار لەسەر ئەم پرسانە بکەن.
ڕووداو: دەمەوێت جارێکی دیکە باسی کورد بکەم. دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، ناوچە کوردییەکان، هەر هیچ نەبێت ئەو ناوچانەی کورد بەڕێوەیان دەبەن، لەژێر هێرشدان. مەبەستم ئەوەیە ئەو گرووپانەی تورکیا پشتیوانیان دەکات هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات و ناوچە کوردییەکان. نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە چی دەکات؟
دوو جاریک: لەوە تێدەگەین کە لە ناوچەی منبج ئاگربەستێک هەبوو کە ئێستا کۆتایی هاتووە. زۆر هیوادار بووین ئاگربەستەکە درێژتر بووایە. ئەمە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان و تورکیا و ئەوانی دیکەوە دانووستاندنی لەسەر کرا. خەڵک پێویستیان بەوەیە لە ناوچەیەکدا بژین کە شەڕی تێدا نەبێت. ئەو ناوچەیە شوێنێکە چەندین چەکداری نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی تێدایە. گرنگ ئەوەیە هەموو کەس ڕێز لە خەڵکی سووریا بگرێت، ڕێز لە یەکپارچەیی خاکی سووریا و یەکێتیی سووریا بگرێت. پەیامەکانی ئێمەش هەر ئەمە دەبن.
ڕووداو: دەمەوێت کەمێک باسی عەفرین بکەم. وەک دەزانن، 120 هەزار کەس لە عەفرین ئاوارە بوون کە زۆربەیان کوردن و، دوای پێکدادانەکانی ئەم دواییەش دووبارە ئاوارە بوونەتەوە. ئێستا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دۆخێکی زۆر خراپدان. لە دەوروبەری تەل ڕەفعەت و دەوروبەری منبج. نەتەوە یەکگرتووەکان چ جۆرە هاوکارییەکی مرۆییان پێشکەش دەکات؟
دوو جاریک: هەوڵ دەدەین بگەینە خەڵکە ئاوارەکان و بە هەر شێوەیەک بتوانین یارمەتییان بدەین و فریایان بکەوین. یەکێک لە دەرئەنجامە ئەرێنییەکانی کۆبوونەوەی تۆم فلیچەر، بەرپرسی کاروباری مرۆییمان لە دیمەشق، ئەوەیە کە حکومەت ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر هاتنی هاوکارییەکان لە چەندین خاڵی سنوورییەوە، چ لە تورکیاوە بێت، چ لە ئێراق، ئوردن و لوبنانەوە. ئەمەش ڕێگەمان پێدەدات بە ڕاستی لە بڕی ئەو هاوکارییە مرۆییانەی دەیانهێنین زیاد بکەین. وەک دەزانن، لەژێر دسەڵاتی ڕژێمی کۆندا زۆر ئاستەنگ هەبوون لە هێنانی هاوکارییەکان لە سنوورەوە. ژمارەیەک لە خاڵەکانی سنوور داخرابوون و، ئێستا دووبارە کراونەتەوە. ئەوانەی ئێراق داخرابوون. ئێستا زۆر سوپاسگوزارین کە دەسەڵاتەکان زوو ڕەزامەندییان دەربڕی و وتیان هەموو ئەم خاڵانە کراوە دەبن بۆ هەر ماوەیەک پێویستتان پێیان بێت. بەڕێز فلیچەر دەچێتە حەلەب و حمس، لەوانەیە بۆ شوێنەکانی دیکەش و هەروەها بۆ تورکیایش بچێت. ئێمە هەوڵ دەدەین کارە مرۆییەکانمان چالاکتر و بەهێزتر بکەین تاوەکوو بگاتە هەموو سوورییەکان، چ کورد بن، چ کریستیان، شیعە، عەلەوی، هەر کەسێک بن.
ڕووداو: دوا پرسیارم. هەر لەسەر خەڵکی عەفرینە. هەندێک خێزان هەوڵدەدەن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، بەڵام کاتێک دەگەڕێنەوە، هەندێک گرووپی چەکدار دەستگیریان دەکەن و داوای پارەیان لێدەکەن بۆ ئازادکردنیان، تەنانەت دەبێت بەشێک لە خانووەکانیان، زەوییەکانیان یان پارە بدەن بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان -ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ هەمیشە لەو بارەیەوە ڕاپۆرتەکانی بڵاو دەکاتەوە. داخۆ نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێریی ئەمەش دەکات؟
دوو جاریک: ئێمە ئاگاداری ئەم دۆخانەین و دەبێت پێتان بڵێم، ئەمە قبووڵ ناکرێت. شتێکی ترسناکە کاتێک خەڵکانێک کە نزیکەی هەموو شتێکیان لەدەست داوە، کە لە وڵاتی خۆیاندا ئاوارە بوون، دوچاری تووندوتیژیی زیاتر دەبنەوە. ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانە و یەکێکە لەو پەیامانەی داومانە بە دەسەڵاتەکانی دیمەشق بۆ سەپاندنەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت و ئاساییش بەسەر گرووپە چەکدارەکانی سووریا بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی یاسا و سیستەم هەیە. بەڵام یاسا و سیستەمێک کە کەمینەکان بپارێزێت، خەڵک لەم جۆرە پێشێلکارییانە بپارێزێت.
ڕووداو: زۆر سوپاس ستیڤان بۆ ئەم دەرفەتە.
دوو جاریک: زۆر خۆشحاڵ بووم. زۆر سوپاس.[1]