سۆران حسێن
بەهۆی بۆردوومانێکەوە لە نزیک بەنداوی تشرین لە منبج، دوو ڕۆژنامەڤانی کورد کە لە ئاژانسی هاوار کاریان دەکرد، گیانیان لەدەستدا. ئاژانسەکە دەڵێت: بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە.
ئاژانسی هەواڵیی هاوار (ANHA) ئەمڕۆ هەینی #20-12-2024# لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: جیهان بیلگین و نازم داشتان، هەردوو ڕۆژنامەڤانی ئاژانسەکەمان بەهۆی بۆردوومانی درۆنی تورکیاوە شەهید بوون.
ئەو ئاژانسە کوردییە دەڵێت: ئەو دوو ڕۆژنامەڤانەیان لە 08ی ئەم مانگەوە بۆردوومان و شەڕی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاقیان لە سنووری منبج ڕووماڵ کردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی ئاژانسی ئانها، هەردوو ڕۆژنامەڤانەکە لە کاتی ئەرکەکانیاندا کاژێر 03:20ی ئێوارەی دوێنێ لەسەر ڕێگەی نێوان بەنداوی تشرین و شارۆچکەی سرین ئۆتۆمبێلەکەیان لەلایەن درۆنێکی تورکیاوە بۆردوومان کراوە، هەردوو ڕۆژنامەڤانەکەمان شەهید بوون و شۆفێرەکەشیان بەناوی عەزیز حاجی بۆزان بریندار بووە.
جیهان محەمەد نەسرین بیلگین، ساڵی 1996 لە شاری مەدیادی سەربە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شارەکەی خۆی تەواو کردووە. ساڵی 2013 بۆ خوێندنی یاسا چووەتە شاری ئامەد. ساڵی 2014 دەستی بە کاری ڕۆژنامەڤانی کردووە.
ئاژانسی هەواڵی ئانها ناوەندی سەرەکیی لە ڕۆژاوای کوردستانە و جگە لە کوردی، بە پێنج زمانی دیکە هەواڵەکانی ناوچەکە بڵاو دەکاتەوە.[1]