ئەوەڵ چلە و ئاخر چلە مەدە لە ملە
لە کوردستاندا هەر سێ مانگی زستان بەفر وبارانی زۆر دەبارێت، مانگەکانیش: بەفرانبار و ڕێبەندان و ڕەشەمێیە، چل ڕۆژی ناوەڕاستی وەرزی زستانێ کە بە چلەی زستانێ ناودەبرێت زۆر تەڕوتووشە و بەفروبارانێکی چڕ دەبارێت و هەموو بەندەن و کەژ و کێو و دەربەند و ملە و گەردەنەکان لە مانگی بەفرانباردا پڕ دەبن لە بەفر و بەفری باریوو ڕێگاوبانەکان دەگیرێت هەر بۆیە بە مانگی دوای بەفرانبار وتراوە: ڕێبەندان، تاوەکوو چلە تەواو نەبێت تەزووی سەرما ناشکێت و بەفر دەست بەتوانەوە ناکات و ڕێگاوبانەکان ناکرێنەوە، بۆیە لە سنووری شاری #سنە# وەکوو ڕێنمایی و ئامۆژگاریکردنی خەڵکی بەتایبەت بۆ ڕێبوارەکان تاوەکوو بە هەرد و تەلان و کێوان و شاخان و گەردەنە و ملەدا گوزەر نەکەن لە ماوەی بەفرانبار و ڕێبەنداندا بۆیە وتویانە: ئەوەڵ چلە و ئاخر چلە مەدە لە ملە.[1]