ناونیشانی بابەت: دووبارەبوونەوەی لەبارچوون چییە؟
ناوی نووسەر: د. #کەژان کاوە تەها#
دووبارەبوونەوەی لەبارچوون بریتییە لە ڕوودانی 3 لەبارچوونی یەک لە دوای یەک پێش هەفتەی بیستەمی دووگیانی.
هۆکارەکانی دووبارەبوونەوەی لەبارچوون چیین؟
ڕەنگە هۆکاری سەرەکی پشت لەبارچوون بە گشتی بوونی نائاسایی بۆماوەیی بێت لە هێلکە یان سپێرمدا، کە دەبێتە هۆی لەبارچوون
هۆکارەکانی دووبارەبوونەوەی لەبارچوون ئەمانەی خوارەوە لەخۆدەگرێت:
تەمەنی دایک و باوک: ئەگەری دووبارەبوونەوەی لەبارچوون زیاد دەکات لەگەڵ زیادبوونی تەمەنی دایک، ئەمەش بەهۆی نائاسایی کرۆمۆسۆمی کۆرپەلە.
نائاساییەکانی منداڵدان: دووبارەبوونەوەی لەبارچوون لەوانەیە لە ئەنجامی نائاساییەکانی منداڵدان ڕووبدات، وەک منداڵدانی دوو فاق.
لاوازی ملی منداڵدان کە ڕەنگە ببێتە هۆی لەبارچوون یان لەدایک بوونی پێشوەختە.
تێکچوونی کرۆمۆسۆم: تێکچوونی کرۆمۆسۆمی 3-6%ی لەبارچوونە دووبارەبووەکان پێکدەهێنێت.
نەخۆشی خوێن مەین: کە پەیوەندی بە نزیکەی 15%ی دووبارەبوونەوەی لەبارچوونەوە هەیە.
نەخۆشی غودەی دەرەقی.
هەوکردن: هەندێک جۆری هەوکردن، وەک، نەخۆشی پشیلە ، یان هەندێک نەخۆشی ڤایرۆسی، وەک سوورێژە، لەوانەیە ببێتە هۆی لەدەستدانی دووگیانی.
خووی زیانبەخشی ڕۆژانە: هەندێک ئەو کارانەی کە دایکەکە ئەنجامی دەدات لەوانەیە پەیوەندییان بە دووبارەبوونەوەی لەبارچوونەوە هەبێت، وەک خواردنەوەی کحول یان جگەرەکێشان. [1]