ناونیشانی بابەت: لە قەزای چۆمان یادی شەوی یەڵدا بە چەندین چالاکیی جۆراوجۆر کرایەوە
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
شەوی یەڵدا، کە بە دریژترین شەوی ساڵ دادەنرێت و دەکەوێتە 20/21ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک، واتە کۆتا شەوی پایز و سەرەتایی وەرزی زستان، ساڵانە لە شار و شارۆچکە و ناوچەکانی #کوردستان# ئەم یادە بە چالاکیی جۆراوجۆر دەکرێتەوە.
هەر بۆ بەرزڕاگرتنی ئەم شەوە، سەنتەری ڕۆشنبیریی چۆمان، بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی باڵای باڵەک، لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتگوزاری #چۆمان#، لەو شەوەدا چەند چالاکییەکی شیعر و موزیک و گۆرانی و خواردنی کوردەوارییان ساز کرد.
هەوارگە کەریم ڕەشید، ئەندامی سەنتەری ڕۆشنبیریی چۆمان، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: شەوی ڕابردوو، وەک سەنتەری ڕۆشنبیریی چۆمان و ناوەندی باڵای باڵەک، لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتگوزاری چۆمان، بۆ ئامادەبوونی ژمارەیەک لە گەنجان و ڕۆشنبیران و چین و توێژەکانی ناو سەنتەری شار و میوانانی ڕانیە و قەسرێ و وەڵزە و دەوروبەری، شەوی یەلدامان بەڕێ کرد.
ئەو ئەندامەی سەنتەری ڕۆشنبیریی #چۆمان# ئاماژەی بەوەش دا: لە چالاکیی شەوی یەڵدا، جیا لە هەموو شوێنەکان بە مێخەکڕێژ کردنی سێو و گوێز شکاندن و هەنار و شەوچەرەی کوردەواری و بە دەم گوێگرتن لە هۆنراوەکانی مام هێمن و مەحوی و بەسەر هاتی خۆشەکانی مام خالد یابانی و خاڵ مەجید گوندەژۆری و گۆرانییە رەسەنەکان بەڕێ کرد و بووە جێگەی دڵخۆشیی ئامادەبوان.
هەوارگە کەریم گوتیشی: بەپێی ئەوەی ناوچەی باڵەکایەتی لە سنووری قەزای چۆمان شوێنێکی شاخاوی و ساردە، لە کەشێکی ساردی زستانی، کە زوو زوو دەنگی باران ئەهاتە گوێمان، لەژێر بنمیچی دارینەوە، تا درەنگانی شەو چالاکییەکەمان بەردەوام بوو. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=