ناونیشانی بابەت: شەوی یەڵدا (چلە)...لە میتۆلۆژیای کوردا پیرۆزترین شەوی کوردستانە
شەوی یەڵدا یان چلە، رێوڕەسمێکی دیرێنی وڵاتی کوردەوارییە، کە رەگوڕیشەیەکی قووڵی میبژوویی هەیە، لە کولتوور و باوەڕی کۆنی #کوردستان#دا هاتووە؛ (چقە، جکەماتی)، کە باڵندەیەکی بچووکترە لە چۆلەکە، بەر لە نەورۆز، 40 دانکۆڵە لم دەباتە ناو هێلانەکەی و رۆژانە دانەیەکی دەخاتە خوار، تا چل رۆژەکە تەواو دەبێ و لەگەڵ تەواوبوونی لمەکان، کۆتایی زستان دێ و نەورۆز دەست پێدەکات و ئەو باڵندەیە دەست دەکات بە چریکە و سەما.
لە کوردستان و بەشێک لە رۆژهەڵاتی ناوین، 40 ژمارەیەکی پیرۆزە و جۆریکە لە کامڵبوون، وەکوو چلەنشینی دەروێشەکان، گۆشەگیریی چل رۆژەی سۆفییەکان، چلەی دوای مردن، چلەی منداڵ، چلەی هاوین و زستان و چل ساڵەیی مرۆڤ، کە بە کامڵبوونی فکریی مرۆڤ دایدەنێن.
لە باوەڕە ئایینیەکانیشدا چل پیرۆزیی خۆی هەیە؛ محەمەد (دروودی خوای لەسەر بێت) لە تەمەنی چل ساڵیدا بووە پێغەمبەر، یونس چل ساڵ لەناو زگی ماسییەکدا بوو. دیداری مووسا و خودا لە ماوەی چل رۆژدا رووی دا. هۆزی بەنی ئیسرایل بەهۆی پەرستنی مانگا، سزای چل ساڵیان بەسەردا سەپێنرا و ماوەی چل رۆژ گریان و نزایان کرد، تا پاک ببنەوە.
#سوهرەوەردی#ی فەیلەسووف و سۆفیی کورد پێیوایە: خواوەند مرۆڤی لە ماوەی چل رۆژدا ئافراندووە و رۆژانە سروشتێکی پێ بەخشیوە و چل رۆژی خایاندووە، تا سەرجەم خەسڵەتەکانی پێگەیشتووە و کامڵ بووە. ئادەم بۆ ماوەی چل شەو و رۆژ لەسەر کێوی سەفا کرنۆشی بردووە.
لە کوردەوارییدا زستانیان دەکردە دوو چلە، چلەی گەورە و چلەی بچووک. یەڵدا، یان شەوی چلە، لەدایکبوونی خۆرە لە رۆژی یەکەمی چلەی گەورە. جەژنی سەدەی زەردەشتییەکان، کە هاوکاتە لەگەڵ جەژنی پیری شالیار، کۆتایی چلە گەورەکەیە.
#زەردەشت#ییەکانیش جەژنێکیان هەیە بەناو (چلموو)، یانی چل رۆژ دوای نەورۆز.
لە ڕابردوودا لە هەندێ ناوچەی #لوڕستان#ی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە کاتی حەمامی رۆژی چل، کە دوایین حەمامی ژنی دووگیان بوو، دایک و کۆرپەکەیان (چلەبڕ) دەکرد، یانی بە کاسەیەکی چل کلیل دەیانشۆرد و پێیان وابوو؛ ئەو کارە دایک و کۆرپەکەی لە هەرچی دەرد و بەڵایە دوور دەکەنەوە.
هەروەها باووباپیرانمان پێیان وابوو: منداڵ لەناو زگی دایکیدا چل رۆژ تۆمە (نوتفە)یە، چل رۆژ خوێنە و چل رۆژ گۆشتی کوتاوە.
لە قەزای #نوورئاباد#ی لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆرپە لە رۆژی چلە دەگرنە باوەش و ماڵ بە ماڵ دەیگەڕێنن و هەر ماڵێک مشتێک دانەوێڵە وەکوو دیاری پێشکەشی دەکات و ماڵباتی منداڵەکە لەو دانەوێڵەیە، شلەیەک دروست دەکەن، بە ناوی شلەی چلە و بەسەر خەڵکدا دابەشی دەکەن. لە شوێنەکانی دیکەی کوردستان، دانەکوڵانە لە رۆژی چلە دروست دەکرێت و بەسەر دانیشتوانی گوندەکاندا دابەشی دەکەن.
لە باوەڕی زەردەشتییدا کاتێک کەیوومەرس دەمرێ، خوێنی دەڕژێتە زەوی و دوای چل ساڵ رووەکی مەشی و مەشیانە لەو خاکە شین دەبن. مەشی و مەشیانە هاوشێوەی ئادەم و حەوان لە ئایینی ئیسلامدا.
لە ناوچەی دەرەگەزی خۆراسان کە کوردی کرمانجن، چیرۆکی (چل کچ) باوە، کە گوایە: لە سەردەمی کۆندا چل کچ لەپاڵ کێوێک خۆیان دەشارنەوە، تا نەکەونە دەستی لەشکری دوژمن و بە دیل نەگیرێن. ئەو چل کچە بەجێی ئەوەی بڵێن (یاهوو ”خودا“) ، هاوار دەکەن (یاکوو)، یانی کێو بمانگەرە خۆت. کێوەکە ئەو چل کچە دەگرێتە خۆی و لە سوپای دوژمن دەیانشارێتەوە، بۆیە هەر لە کۆنەوە بۆمان ماوە: تەنیا چیاکان دۆستی کوردن.
$شەوی چلە یان یەڵدا$
شەوی چلە یان یەڵدا، جەژنێکی کوردییە بۆ درێژترین شەوی ساڵ، کە گەلانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش پیرۆزی دەکەن. بنەماڵەکان لەو شەوەدا لەدەوری یەک کۆ دەبنەوە و بۆیان بکرێ تا هەڵهاتنی خۆر و بەرەبەیان ناخەون. هەنار میوەی پیرۆزی ئەو شەوەیە. چلە، یان شەوی چلە، کە لە شاری #سنە# بە شەوچلەیش ناسراوە، لە زۆر شوێندا بووە بە (یەڵدا) کە وشەیەکی سریانییە.
کۆنترین ئەو سەرچاوانەی باسی ئەم شەوەیان کردووە؛ ئەبوورەیحانی بیرونییە، کە بە (شۆڕشی گەورە)، کە مەبەست لێی لەدایکبوونی خۆرە، ناوی لێ بردووە و یەکەم رۆژی دوای چلەی بە رۆژی (خۆر) ناساندووە و لە کتێبی (قانوون مەسعوودی) بە (خۆرە رۆژ) هاتووە.
لە کولتووری کوردیدا چل رۆژی یەکەمی زستان بە چلە گەورە ناسراوە و بە 20 رۆژی دواتری چلەبچووک، کە سەرما و سۆڵەی زیاترە. نەریتی شەوی یەڵدا یان چلە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە دەگۆڕێ و خواردنی سەر خوانەکەیان جیاوازە، بەڵام هەنار پاشای سەر خوانی گشت لایەکە. لە شاری سنە، (کاڵەک ترش)، کە چەند مانگ بەر لە هاتنی شەوی چلە ئامادەی دەکەن، یەکێکە لە خواردنەکان، کە لەپاڵ دۆڵمە و هەنار لەسەر خوانەکانیان دایدەنێن. ئەو ماڵباتانەی، کە تازە بووکیان هەیە، دیارییەک بەناوی (خونچە)، یان دیاریی شەوچلەی بۆ دەبەن، کە سینییەکە لەسەری قوماش، چەرەسات، گوڵ و هەنار دادەنێن و پێشکەشی ماڵی تازەبووکی دەکەن.
لە شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەساڵاچوان باسی بیرەوەرییەکانیان بۆ منداڵەکانیان دەکەن و ئەو شەوە بە یاریی جۆراوجۆری وەکوو (جۆرابین) و (پڕ یان پووچ) بەڕێ دەکەن لە کرماشان بە هۆرەچڕین و تەمبوورژەنی ئەو شەوە دەکەنە رۆژ.
$چلەی هاوین$
لە کوردستان چلەی زستانمان هەیە و چلەی هاوینیشمان هەیە، یانی چۆن چل رۆژ بۆ سەرما و سۆڵە و چل رۆژیش بۆ تین و گەرما هەیە. چلەی هاوین، کە بە چلەی تەمووز و چلەی بڵ ناسراوە، یەکێکە لەو جەژنانە، کە تەنیا لە چەند گوندێکی رۆژهەڵاتی کوردستان ماوە. بڵ ناوی کانیاو و رووبارێکی ناسراوی هەورامانە، کە بۆ خەڵک زۆر پیرۆزە. دەسپێکی چلەی هاوین بە دەسپێکی درێژترین رۆژی ساڵەوە دەست پێدەکات. کاتێک گەرما لە وەرزی هاوین دەگاتە بەرزترین ئاستی خۆی، خەڵکی گوندەکانی روان، سپیاو، باینگان و بانەورێ، گوندەکانیان بە جێ دەهێڵن و خۆیان دەگەیەننە ناو باخ و ژێرسێبەری درەخت و پاڵ کانیاوەکان.
جەژنی چلە، جەژنی ئاو و ئاگر و رێزگرتنە لە خاک و هەوا و گەڕانەوەیە بۆ ناو سروشت و ژینگەی کوردستان. جەژنێکە لە مانگی تەمووز وەک گەرمترین مانگی ساڵ بەڕێوە دەچێت. ئەم جەژنە لەناو باخ و پاڵ رووبارەکان بەڕێوە دەچێت. بۆ ئەم جەژنە دوو داهۆڵی ژن و پیاو دروست دەکرێن، کە بەتەمەنترین کەسی گوند لە دروستکردنی داهۆڵەکان بەشداریی دەکات. دوای دروستکردنی داهۆڵەکان، کوڕ و کچەکان، بە دوو گرووپی جیاواز بە هێمای ئەوەی، کە جیهان لە نێرومێ دروست بووە، بەرەو باخەکان شۆڕ دەبنەوە و لە شوێنێکدا یەکدەگرنەوە و دەبنە گرووپێکی هاوبەش.
لە کۆنەوە باوەڕ وا بووە؛ کردنەوەی ئاگر لە چلەی هاوین، لە سەرماوسۆڵەی زستان کەم دەکاتەوە و خەڵکی دەتوانن بەئاسانی بژێویان لە زستانی داهاتوودا دەست بکەوێ.
لەم جەژنەدا کوڕ و کچەکان جوانترین پۆشاکیان لەبەر دەکەن و بە گوڕوتینەوە لەدەوری داهۆڵەکان هەڵدەپەڕن. خواردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و ئاوی ترێ، کە بەر لە ئیسلام شەراب بووە، بەشێکی دیکەی ئەو جەژنەیە.
دروستکردنی داهۆڵ لەم جەژنە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، داهۆڵەکان باخ و زەویی جووتیاران دەپارێزن و ناهێڵن باڵندە و گیاندارەکان بەرهەمەکان بخۆن، واتا لە نەبوونی باخەوان و جووتیارەکان، ئەوان بەروبوومەکانیان دەپارێزن.
بۆ ئەم جەژنە لە هەر بنەماڵەیەک گەنجێک کارێک دەکات؛ کەسێک 12 بەرد لە رووبار بە نیشانەی 12 مانگی ساڵ دەهێنێ، کەسێک مەشخەڵ دەهێنێ و کەسانی دیکەش ئاو و چەرەسات دەهێنن. دوای کردنەوەی ئاگر، ئامادەبوانی جەژنەکە پۆشاکی کۆنی ساڵی رابردوویان لەناو ئاگرەکەدا دەسووتێنن.
چلەی هاوین، جەژنی ئاو و شەڕەئاویشە، ئاو لە کولتووری کۆنی کوردی، یەزدانی تایبەت بە خۆی هەبووە. ئاناهیتا، خوای ئاووکانیاوەکان و هێمای زاوزێ و پاکیزەیی بووە. کورد لە سەردەمی ماد و ساسانییەکان پێی وابوو: ئاناهیتا سەرچاوەی هەموو ئاوەکانی جیهانە. شوێنەواری ئەم یەزدانە لە شاری کەنگاوەری رۆژهەڵاتی کوردستانە. لە ئاڤێستا بەشێک بە ناو (ئاوان یەشت) هەیە، کە باس لە پیرۆزیی ئاو و کانیاوەکان دەکات و دوور نییە سەرچاوەی چلەی هاوین و شەڕەئاو و یاریی ناو ئاو لە گەرمای هاوین، بۆ ئەو دەقە پیرۆزەی (ئاوان یەشت) بگەڕێتەوە.
ئامادەکردنی بابەت: عەزیز مورادی. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=