ئاڵای کوردستان، کە ئێستا لەسەر #قەڵای هەولێر#ی پایتەختی باشووری کوردستان دەشەکێتەوە، هەمان ئەو ئاڵایەیە، لە چوارچرای #مەهاباد#ی پایتەختی #کۆماری کوردستان#، بۆ یەکەم جار بە دەستی #قازی محەمەد# و ژەنەڕاڵ #مەلا مستەفا بارزانی# هەڵکرا، بۆیە پرشنگە زێڕینەکانی ئاڵاکە، تیشکی ئەو خۆرەیە، هەموو بەیانییەک، رووناکی دەبەخشێتە گۆڕی پێشەوای کۆمار لە رۆژهەڵات و بارزانیی باوکی مەیدانیی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان لە باشوور.
بە گوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، لە کاتی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، دوو جۆر ئاڵا بۆ کوردستان پێشنیار کران، یەکەمیان لەسەر داوای قازی محەمەد و بە پێشنیاری ژەنەڕاڵ بارزانی، کە لە لایەن (فاتیمە ئەسەدشاهی) نەخشێنراوە و تا ئێستا وەکوو ئاڵای کوردستان لە باشووری کوردستان دەشەکێتەوە. ئاڵای دووەم، لەسەر پێشنیاری (میرزا کەریم ئەحمەدیان)، وەزیری پۆستە و گەیاندنی کۆماری کوردستان بوو، کە (فاتیمە سەیدمەناف حوسێنی) نەخشاندبووی، کە هێمای گوڵەگەنمی رازاوە بە قوماشی سووری لەسەر بوو، بە نیشانەی چینی کرێکار و رێبەرایەتیی سۆسیالیسمی سۆڤیەتی جاران، بۆیە لەلایەن قازی محەمەد رەت کرایەوە. ئەو ئاڵایەی کوردستان، کە مەلا مستەفا پێشنیاری کردبوو، لە بەرزترین شوێنی مەهاباد هەڵکرا و بوو بە ئاڵای کۆماری کوردستان.
لەگەڵ هێرش بۆ سەر مەهاباد و لەباربردنی کۆماری کوردستان، پێشەوا قازی محەمەد، ئەو ئاڵایەی بە ئەمانەت دایە دەست ژەنەڕاڵ بارزانی، بەو ئۆمێدەی، رۆژێک لەسەر خاکی پیرۆز و رزگارکراوی کوردستان سەرلەنوێ هەڵبکرێتەوە.
#کریس کۆچێرا#، لە کتێبی: بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد ، گرنگترین هۆکاری شکانی کۆماری کوردستان لە زاری ژەنەڕاڵ بارزانییەوە بەم جۆرە باس دەکات: لە ڕاستیدا ئەوە کوردەکان نەبوون لە بەرامبەر ئێراندا شکابوون، بەڵکوو شکست و دۆڕاندنی حکوومەتی سۆڤیەت بوو بەرامبەر ئەمریکا و بەریتانیا. ئەمە وتەی ژەنەڕاڵ بارزانییە، کە لە 11ی کانوونی یەکەمی 1946 لە بۆکان گوتوویە و ژیری و لێهاتوویی ئەو پیاوە ئاشکرا دەکات.
دواجار، سەرۆک مەسعود بارزانی ئەو بەڵێنەی ژەنەڕاڵ بارزانیی باوکی بەدی هێنا، کە کاتی خۆی بە پێشەوا قازی محەمەدی دابوو. سەرۆک بارزانی ئەو ئاڵایەی لە سەردەمی کۆمار لە مەهاباد هەڵکرابوو، وەکوو ئاڵای کوردستان لە باشووری کوردستان هەڵکرد و رۆحی نیشتمانپەرستیی پێشەوا قازی و ژەنەڕاڵ بارزانیی پێ شاد کردەوە.
هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ئەو فەرموودە زێڕینەی ژەنەڕاڵ بارزانیمان بەبیر دەهێنێتەوە: من باوەڕم بە دیموکراسییە و دەمەوێ گەلەکەم بە ئاشتی و ئازادی بژین. چاوەڕوانی ئەو رۆژەم ئاڵای کوردستان لەسەر چیاکانی عێراق، ئێران، سووریا و تورکیا هەڵکەم.
بە وتەی ئۆڵگا ئیڤانۆڤێناژیگالینا، نووسەری کتێبی (پۆرتێرێتی مێژوویی مەلا مستەفا بارزانی): لە سەرەتای سەدەی 21 مەسعود بارزانی، کوڕی ژەنەڕاڵ بارزانی، بووە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە بە کردار هیوا و ئارەزووەکانی باوکی بەرجەستە دەکرد، بۆیە زۆرینەی خەڵکی کوردستان پشتگیرییان دەکرد و ئەمە ئەو راستییەمان بۆ دەسەلمێنێت، گەلانی ناو کوردستان متمانەیان بە بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە، کە ئەو رێبەرایەتی دەکات.
سەرۆک بارزانی لەسەر هەمان رێباز و ئامۆژگاریی بارزانیی باوکە، کە دوای رووخانی کۆماری کوردستان گوتبووی: هەرگیز لەبەرامبەر دوژمنانی کورد خۆناچەمێنمەوە و ناهێڵم کوردستان ببێتە مۆڵگەی دوژمنان و داگیرکەران.
بۆیە بە هەڵکردنی هەمان ئاڵای کۆماری کوردستان لە باشووری کوردستان، ئەو راستییەی سەلماند؛ کوردستان یەک خاک و نیشتمانە و سنوورەکان دەستکردن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=