زانا کایانی
جۆن بۆڵتن لە ساڵانی 2018 بۆ 2019 وەک ڕاوێژکاری ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کاری کردووە و کەسێکی نزیک بووە لە دۆناڵد ترەمپ، دواتر لەسەر ناکۆکییەکانی لەگەڵ ترەمپ دەستی لەکارکێشایەوە. لەم هەڤپەیڤینەدا باسی دۆخی سووریا، مافی کورد و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژاوای کوردستان دەکات.
بۆڵتن دەڵێت: نیگەرانم لەوەی ئەردۆغان لە ڕابردوودا ترەمپی فریودا و، ئامانجی تورکیا داگیرکردنی زۆربەی باکووری سووریایە. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە بە چوونی سەربازی تورکیا بۆ سەر سنوورەکانی سووریا، کورد لە مەترسیدایە.
ئەو ڕاوێژکارەی پێشووی ترەمپ جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت حکومەتی داهاتووی سووریا بەتەواوی لە تورکیا سەربەخۆ بێت. هەروەها دەبێت کورد بەشی دادپەروەرانەیان لە حکومەتی داهاتووی سووریا پێبدرێت.
لەبارەی کەوتنی دەسەڵاتی ئەسەد، بۆڵتن پێی وایە ئەوە گورزێکی گەورە بووە بۆ ئێران، هەروەها ئەو وڵاتە ئێستا لە دۆخێکی زۆر لاوازدایە. دەشڵێت، سەقامگیرییەکی بەردەوام لەو ناوچەیەدا نابێت تاوەکوو ئایەتوڵڵاکان لە دەسەڵاتدا بن.
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا بڕیاریدا هێزەکانی وڵاتەکەی لە ناوچە سنوورییەکانی سووریا بکشێنێتەوە، دوای ئەوەش تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان دەستپێکرد. بۆڵتن دەڵێت: کوردەکان زۆر گرنگ بوون بۆ سەرکەوتنی ترەمپ و ئەگەر ترەمپ کوردەکان بەجێبهێڵێت، نێوبانگی لەکەدار دەکات.
دەقی هەڤپەیڤینی ڕووداو لەگەڵ جۆن بۆڵتن:
ڕووداو: بەڕێز بۆڵتن ئەم کاتەت باش. خۆشحاڵم کە گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێزت دەکەم، بەتایبەتیی لەم کاتە هەستیارەدا کە دۆخێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە. نوێترین وتاری ئێوەم خوێندەوە، زۆر گەشبینانە سەیری داهاتووی سووریا ناکەن. بۆچی پێتانوایە داهاتووی سووریا باشنابێت؟
جۆن بۆڵتن: خۆشحاڵم کە لەگەڵتانم. بێگومان ئەوە شتێکی باشە کە ڕژێمی ئەسەد کەوتووە. هیچ گومانی تێدانییە. ئەمەش گورزێکی گەورەیە لە ئێران، کە بەبڕوای من مەترسیی سەرەکییە بۆ ئاشتی و ئاساییشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هەرچەندە لە سووریا دەستەی تەحریری شام بەسەر دیمەشقدا زاڵە، کەچی هاوپەیمانانی تورکیا هێشتا نیگەرانم دەکەن. نازانین ئایا دەستەی تەحریری شام دەبێتە درێژکراوەی داعش یان چی، یان ئیدی گرووپێکی تیرۆریستی نییە، وەک خۆیان دەڵێن. پێم وایە دەبێت زۆر وریابین پێش ئەوەی بە ڕوواڵەتی بڕوا بە بانگەشەکانیان بکەین کە وازیان لە تیرۆریزم هێناوە. بەڵام تەنیا دەستەی تەحریری شام کێشە نییە. بەشداریی تورکیا بە ئامادەییەکی بەرچاو لە ئیدلیب و باکووری ڕۆژاوای سووریا کێشەیەکی گەورەیە. نازانین هاریکارییان لەگەڵ دەستەی تەحریری شام چۆن بووە بۆ هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی ئەسەد، بەڵام گومانم وایە ڕەنگە زۆر بووبێت. هەروەها دەزانین کە پێشتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دژی منبج دەستیان داوەتە جووڵە، کە ڕێککەوتنێک کرا هێزەکانی بەرگریی سووریا بکشێنەوە. بەڵام تورکیا، وەک لە ڕێگەی مێژووەوە دەزانین، ئامانجی داگیرکردنی زۆربەی باکووری سووریایە، بەدرێژایی سنووری باشووریان و مەترسی گەورە دەخاتە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات، هێزە کوردەکان لەو ناوچەیە و، ڕەنگە هەڕەشە لە ئەمریکاییەکانیش بکات. جگە لەوانە، دانیشتووانی کریستیان و دروز لە سووریا هەن. ئەگەر دەستەی تەحریری شام هێشتا وەک داعش گرووپێکی تیرۆریستیی توندڕەو بێت، ئەوا مەترسییەکی گەورەیە بۆ زۆرێک لە خەڵکی ناو سووریا.
ڕووداو: باشە، بە دیاریکراوی باسی کوردت کرد، پێگەی کورد لە سووریای نوێ چۆن دەبینیت، پێتوایە هەرێمی کوردستانی سووریا درووستببێت لەگەڵ ئەو هەموو ئاڵنگارییەی کە هەیە؟
جۆن بۆڵتن: بەڵێ، هیوادارم وابێت. من لەم بابەتەدا تووشی هەمان شت بووم لە یەکەم ماوەی سەرۆکایەتیی ترەمپدا کاتێک ئەردۆغان هەوڵیدا ترەمپ قایل بکات هێزە ئەمریکییەکان بکشێنێتەوە، بەپێچەوانەوە دەیوت ئەو لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کێشەی تیرۆریزم چارەسەر دەکات، کەچی مەبەستی ئەوە بوو بیانوویەک بگرێتە دەست بۆ ئەوەی هێزە سەربازییەکانی تورکیا بچنەسەر کورد و هێزەکانی سووریای دیموکرات. توانیمان بەرەنگاری ئەوە ببینەوە. ئێستاش نزیکەی 900 ئەمریکی لەو ناوچەیەدان. بەڵام جیا لەوەی دەستەی تەحریری شام چی دەکات، پێم وایە کوردەکان لە مەترسیدان بەهۆی هاتنی سەربازی تورکیا بۆ سەر سنوور. کێشەیەکی دیکەشمان هەیە، ئەویش زیندانییە داعشەکانە کە هێزە کوردییەکان ئەرکی چاودێریکردنیان هەبووە لە هەڵمەتی دژبە داعشدا. ئەوە زۆر مەترسیدارە. دەزانین ویلایەتە یەکگرتووەکان لەم دواییانەدا هێرشی کردووەتە سەر شوێنەکانی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە تایبەتیی کۆگەکانی چەک و تەقەمەنییان. کەواتە گومان و مەترسی زۆرە. هیوادارم کاتێک سەرۆک ترەمپ دێتەوە، بتوانرێت ڕازی بکەن هێزەکانی ئەمریکا نەکشێنێتەوە و هاوپەیمانە کوردەکانی لەژێر مەترسیی تورکیا یاخود دەستەی تەحریری شامدا بەجێنەهێڵێت.
ڕووداو: باشە باسی هەڵوێستی ترەمپت کرد. بەڕێز بۆڵتن، جەنابتان لە پەرتووکی ئەوەی لە ژوورەکەدا ڕوویدا ڕەخنە لە ترەمپ دەگرن، بە خیانەتکردن لە کورد تۆمەتباری دەکەن لە بەرانبەر ئەوەی کە سەربازانی ئەمریکای لە هەندێک شوێن کشاندنەوە کە دواتر کەوتنە بەر شاڵاوی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی. پێتوایە ترەمپ لەم ئیدارە نوێیەیدا کە جارێکی دیکە دێتەوە دەسەڵات هەمان کار دووبارە بکاتەوە؟
جۆن بۆڵتن: زۆر نیگەرانم. لە کۆتاییدا توانیمان ڕازی بکەین نەکشێتەوە، بەڵام زۆر نزیک بوو. ئەگەر نەچووبایە بنکەی ئەسەد لە ئێراق لە شەوی کریسمس و، گوێی لە ئەمریکاییەکانی ناو بنکەکە نەگرتبا کە چەندە گرنگە هێز و ڕاوێژکارانمان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بهێڵینەوە، ڕەنگە بکشایەتەوە. بۆیە نیگەرانم ئەگەر ڕاوێژی درووستی پێنەدرێت، ئەوا ڕەنگە ئەم پڕۆژەیەی جێبەجێ بکات. بۆیە بە بڕوای من زۆر گرنگە دۆستانی کوردستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دڵنیا بن کە ڕاوێژکارانی داهاتووی ترەمپ بزانن بۆچی ئەم ناوچەیە لەڕووی ستراتیژییەوە بۆ کورد و هەروەها بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانیش گرنگە.
ڕووداو: بەڕێز بۆڵتن، هەرچەندە نامەوێت لە بابەتە سەرەکییەکە دوور بکەومەوە، بەڵام ئەمەش بەشێکە لە بابەتەکە. ئەم ڕاوێژکار و وەزیرانەی کە لە کابینەی نوێدا ترەمپ پێشنیازی کردوون و پۆستیان دەبێت، چۆنیان دەخوێنیتەوە. پێتوایە لە ئیدارەی نوێی ئەمریکادا ڕاوێژی چۆن بە دۆناڵد ترەمپ دەدەن؟
جۆن بۆڵتن: من بەتەواوی متمانەم بە مارکۆ ڕووبیۆ هەیە. ئەو سێناتۆرەی وەکوو وەزیری دەرەوە دیاری کراوە. متمانەشم بە مایکڵ واڵتز، ئەندامی کۆنگرێس هەیە کە وەکوو ڕاوێژکاری ئاساییشی نیشتمانی دیاری کراوە. بەڵام نیگەرانم لە هەندێک لەوانی دیکە، وەکوو تولسی گابارد کە وەکوو بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی دیاری کراوە، کە هیوادارم بەو پێگەیە نەگات. ئەو لە ساڵی 2017دا سەردانی ئەسەدی کرد و دوای ئەوە وتی کە سووریا هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ نییە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان. کە بێگومان هەڕەشەیەکی گەورە بوو بۆ زۆرێک لە هاوپەیمانەکانمان. هەروەها ئەو قسەی باشی لەسەر ڕووسیا کرد و، ڕەخنەی توندی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئۆکراینا گرت. زۆر نیگەرانم لەوەی کە بۆچوونەکانی بە چ ئاڕاستەیەک بن. بۆچوونەکانی زۆر تووندڕەوانەن و زۆر لە بۆچوونی ئەو ڕاوێژکارانە دوورن کە دەبێت لە دەوری ترەمپ بن. بۆ ئەوانەی دەیانەوێت ئەو سەقامگیرییە بچووکەی ئێستای باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بپارێزرێت، ئەم کاتە کاتێکی گرنگە بۆ پەیوەندیکردن بە ئەندامانی کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکان و، هەروەها بە سێناتۆر ڕووبیۆ و کۆنگرێسمان واڵتزەوە بۆ ئەوەی پێیانبڵێن بۆچی پاراستنی ئەوەی ئێستا لە بەرژەوەندی ئەمریکایە گرنگە. ئەویش بەردەوامبوونە لەوەی کە بۆ زیاتر لە 10 ساڵ دەیکەین و، پێویستە پشتیوانیی هاوپەیمانە کوردەکان بکەین کە لە تێکشکاندنی داعشدا هاوکاربوون.
ڕووداو: کەواتە بەڕێز بۆڵتن، با من ئەوە بپرسم لەگەڵ ئەم تێبینیانەی کە لەسەر ئەو خەڵکانە هەتن کە لە ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترەمپدا دەستبەکاردەبن، پێتوایە ئەمریکا تاوەکوو کوێ بتوانێت پشتیوانی لە دۆزی کورد بکات؟ پشتیوانی لە کورد لە ڕۆژاوای کوردستان.
جۆن بۆڵتن: سەیرکە، پێم وایە بەرژەوەندیی ئەمریکا لەوێ هەر بەوجۆرە دەمێنێتەوە کە بۆ ماوەیەکی درێژە لە سەردەمی پەیمانی بەرەنگاربوونەوەی داعشەوە هەیبووە. ئەویش دڵنیابوونە لەوەی داعش دوای ئەو تێکشکانەی پێیگەیشت دووبارە خۆی ڕێکناخاتەوە و نایەتەوە. هێشتا ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی داعش هەن. دڵنیابوون لەوەی ئیدی هیچ زەوییەک لە دەستیاندا نامێنێت و خەلافەتەکەیان نەماوە. بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بە دەستەی تەحریری شامەوە هەیە کە ئێستا بەسەر دیمەشق و ئەوەی لە توانای سەربازیی حکومەتی ئەسەد ماوەتەوە زاڵە، دەکرێت مەترسییەکی زۆر گەورەتر درووستبکات. ڕەنگە هەڕەشە بکاتە سەر ئوردون، یان ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان، هاوئاهەنگی لەگەڵ تورکیا بکات لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و بە درێژایی سنوور. بەڵام باشییەکەی لەوەدایە کە پێم وایە ڕەنگە هێزەکانی ئێران و ڕووسیا تەواو لە گۆڕەپانەکە دووربکەونەوە. بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە دۆخەکە بووەتە دۆخێکی سەقامگیر، بەڵکوو تاوەکوو هەڕەشەی داعش هەبێت و ئەگەری ئەوە هەبێت کە دەستەی تەحریری شام هێشتا هەمان ناوەرۆکی داعشی لە ناخدا بێت، مافی کوردان لە مەترسیدایە. بۆیە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبێت لەوێ بمێنێتەوە.
ڕووداو: باشە. با بە دیاریکراوی باسی تورکیا بکەین. ئەمریکا چۆن دەتوانێت هەژموونی خۆی بەسەر تورکیادا بەکاربهێنێت؟ بەوەی لە سووریای نوێدا مافە سیاسییەکانی کورد پارێزراوبن. بە دیاریکراوی بەڕێزت دەزانیت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دۆناڵد ترەمپ لە وتارێکدا پەسنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیای کرد.
جۆن بۆڵتن: من نیگەرانم. ئەردۆغان لە ڕابردوودا ترەمپی فریودا، بەڵام خۆشبەختانە ڕاوێژکارانی ترەمپ لە واشنتن توانییان ناچاری بکەن کە شتێکی جیاواز بکات. بەڵام پێم وایە ئەگەر ئەردۆغان لە داهاتوودا قسە لەگەڵ ترەمپ بکات، هەمان شت دەڵێتەوە کە لە 2018 و 2019دا وتی، کە ئەویش ئەمەیە: من دڵنیایی ئاساییشی باکووری سووریا دەکەم. دەتوانن هێزەکانتان بکشێننەوە. من دڵنیا دەبم کە هەموو شتێک باش دەبێت، بەڵام ئەمە لە گۆشەنیگای تورکیاوەیە، نەک لە گۆشەنیگای ئەمریکا، یان کوردان، یاخود ئەوانی دیکەی ناو سووریا. باشدەبێت بزانین بۆ نموونە، دەستەی تەحریری شام چەندە دەتوانێت سەربەخۆ لە تورکیا کاربکات. ئەگەر ژێردەستەی تورکیا بن، ئەوە شتێکە، ئەگەر بیانەوێت لە تورکیا جیا بن و، بۆ تەواوی سووریا بن، ئەوەش شتێکی دیکەیە. ئەمە زانیارییەکی گرنگە کە من پێم وایە لای ئێمە نییە، بەڵام پێم وایە دەکرێت جیاوازیی گەورە درووستبکات.
ڕووداو: باشە بەڕێز بۆڵتن، بەڕێزت شارەزاییەکی باشت لە سیاسەتی ڕۆژهەڵەتی نێوەڕاست هەیە و لە ماوەی ڕابردوودا تەواو ئاگاداری دۆخی کورد بوویت. دەمەوێت لە بەڕێزتان بپرسم کورد دەبێت چی بکەن تاوەکوو لە حکومەتی داهاتووی سووریادا خاوەن دەنگ و نوێنەرایەتی بن؟
جۆن بۆڵتن: من پێم وایە ئەوە زۆر گرنگە، چونکە تەنیا شتێکە کە لە سووریا هەموو لایەنەکان ڕازی دەکات و دەبێتە هۆی سەقامگیری. ئەوەی نایزانین ئەوەیە ئایا دەستەی تەحریری شام بە جیددی دەیەوێت حکومەتێک لە سووریا درووستبکات کە پێکهاتەی دانیشتووانەکەی نوێنەرایەتی بکات یان نا. بەشێکی گرنگی ئەوەش ئەوەیە کە ئەو حکومەتە دەبێت بەتەواوی لە تورکیا سەربەخۆ بێت و، کوردان دەبێت بەشی دادپەروەرانەیان پێبدرێت تاوەکوو بتوانن دڵنیا بن لەوەی حکومەت بەرژەوەندیی ئەوانیش وەک خەڵکی دیکە دەپارێزێت. سەرکردەکانی دەستەی تەحریری شام ئێستا شتی باش دەڵێن، بەڵام ئایا ڕاستگۆن؟ ئێستا من ناتوانم ئەوە بڵێم، بەڵام پێم وایە کوردی سووریا ڕەنگە لە باشترین پێگەدا بن کە یارمەتیمان بدەن تاوەکوو تێبگەین کە ئێستا ئەم گرووپی دەستەی تەحریری شامە لە چ ڕوانگەیەکدایە و چی دەوێت. ئەگەر بتوانین ئەوە بزانین و هەڵسەنگاندنێک بکەین بۆ ئەوەی بزانین باوەڕپێکراون کاتێک دەڵێن وازیان لە تیرۆریزم هێناوە وەکوو ئەوەی خۆیان دەیڵێن یان نا. من هیچ زانیارییەکم نییە کە پشتگیریی ئەمە بکات. بەڵام ئەگەر بتوانین تێگەیشتنێکی ورد بۆ ئامانجەکانیان پەیدا بکەین، ئەوا ئەمە ڕێنوێنیی ئەوە دەکات کە کوردەکانی سووریا چی بکەن، هەروەها ئەوەش کە ویلایەتە یەکگرتووەکان چی بکات.
ڕووداو: باشە بەڕێز بۆڵتن، با ئەگەرەکانیش لەبەرچاو بگرین. لە ئەگەری هەڵوەشاندەوەی هەسەدە و کۆنترۆڵکردنی ناوچەی پێگەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئایا ئەمریکا دەتوانێت هاوبەشێکی وەکوو هەسەدە بدۆزێتەوە؟
جۆن بۆڵتن: نەخێر، پێموانییە. ئەگەر هێزەکانی سووریای دیموکرات تێکبشکێن، ئەوا سوپای نیشتمانیی سووریا کە میلیشیایەکە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت، گەورەترین براوە دەبن. ئەمەش بەتەواوی سەپاندنی داگیرکاریی تورکیا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەسەلمێنێت، ڕەنگە تەنانەت زاڵبوونیشی بێت بەسەر ئەو ناوچەیەدا. لە حاڵەتێکی دیکەدا، ئەگەر داعش دووبارە سەرهەڵبداتەوە بەبێ هێزەکانی سووریای دیموکرات، نازانم چی دیکە بەردەستدەبێت. ئێراق ئێستا لە بارودۆخێکی زۆر جیاوازدایە بەراورد بەوەی 10 ساڵ پێش دەستپێکردنی هەڵمەتی دژ بە خەلافەتی داعش. کوردەکان لە هەموو ماوەیەکدا چالاکترین و وەفادارترین هێز بوون. بۆیە بینینی ئەوەی کوردەکان بەجێبهێڵرێن یان تێکبشکێن، بە بڕوای من کارەساتێک دەبێت بۆ سەقامگیری لە سووریا، بۆ کوردەکان و بۆ ئەمریکایش.
ڕووداو: با فراوانتر سەیری وێنەکەش بکەین، یان سەیر لایەکی دیکەی وێنەکە بکەین. لە دوای لاوازبوونی حیزبوڵڵای لوبنانی و حەماس و ڕووخانی بەشار ئەسەد، ئایا بەڕێزت پشتیوانی لە زیاتر لاوازکردنی بەرەی ئێران و هاوپەیمانییەکەی دەکەیت؟
جۆن بۆڵتن: بەڕاستی هیوادارم وابێت. مێژوو لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر خێرا دەجووڵێت. دوێنێ بینیمان ئەمریکا هێرشی کردە سەر ئامانجێکی حووسییەکان لە سەنعای پایتەختی یەمەن، دوای ئەویش هێرشەکانی ئیسرائیل دەستیان پێکرد. حووسییەکان یەکێکی دیکەن لەلایەنە تیرۆریستییەکانی سەربە ئێران کە دەبێت تێکبشکێنرێن. پێم وایە ئێران لە دۆخێکی زۆر لاوازدایە. شتێکی ئەرێنی کە لەبارەی دەستەی تەحریری شامەوە دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە دیارە بڕیاریانداوە ڕێگەی گواستنەوەی ئێران لە ئێراقەوە بۆ سووریا و پاشان بۆ حیزبوڵڵا بگرن، ئەوەش گورزێکی دیکە دەبێت بۆ حیزبوڵڵا لە وەرگرتنی چەک و تەقەمەنی لە ڕێگەی وشکانییەوە. هەروەها ڕاپۆرتی میدیایی بەرفراوان هەیە لە ناوچەکە و ڕۆژاوا کە باسی ناکۆکی و سەرزەنشتکردن دەکەن لەنێو ئێراندا لەسەر لەدەستدانی ئەسەد، کە ئێستا بووەتە نیگەرانیی گشتی. سوپای پاسداران، جەنەڕاڵەکان، سوپای ئاسایی، هەمووان ناکۆکن. لە سەرووی هەمووشەوە، ئەم باسوخواسە لەناو خودی خەڵکی ئێرانیشدا بڵاوبووەتەوە، ئەوان ئەم پرسیارە دەکەن: بۆچی حکومەت بە درێژایی دەیان ساڵ دەیان میلیار دۆلاری بۆ درووستکردنی ئەم گرووپە تیرۆریستییانە خەرجکردووە، کەچی ئێستا هیچیان پێناکرێت؟ ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم پارەیە بۆ خەڵکی ئێران خۆی خەرجنەکراوە. پێم وایە لەم دۆخەدا، ئەو شکستانەی ئێران لە سووریا و لوبنان و غەززە و شوێنەکانی دیکەدا یەکجار گوشارێکی گەورەیان خستووەتە سەر ڕژێمەکەی. کاتێک لە سەرەوە گوشار درووستدەبێت، کاتێک سەرکردایەتی ناکۆک دەبێت و دژی یەکدی دەوەستنەوە، ئەوا ئەگەری گۆڕانکاری لەلایەن خەڵکی بێچەکەوە زیاتردەبێت، دەتوانن گۆڕانکاری کاریگەر لە ڕژێمەکە درووستبکەن و بیڕووخێنن، ئەوەش ئێستا لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە. وەکوو هەموو کەس دەزانێت، ڕێبەری باڵای ئێران تەمەنی 85 ساڵە، تەندرووستیی باش نییە، پلانێکی ڕوونیش بۆ جێنشینی نییە. ئەمە قۆناخێکی دیکەی لاوازبوونی گەورەی ئەم ڕژێمەیە. بۆیە پێم وایە دەبێت هەموومان هەوڵی ئەوە بدەین کە کەڵک لەم دۆخە وەربگرین، چونکە هیچ ئاشتی و سەقامگیرییەکی بەردەوام لەو ناوچەیەدا نابێت هەتا ئایەتوڵڵاکان لە دەسەڵاتدا بن.
ڕووداو: باشە. لە دوای سووریا، پێشبینی دەکەیت ئیسرائیل ڕێکاری سەربازی دژی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران لە ئێراق بگرێتەبەر؟
جۆن بۆڵتن: پێم وایە ئەوە ئەگەرێکە، بێگومان هێزە سەربازی و کارمەندە مەدەنییەکانی ئەمریکا لە ئێراق ڕووبەڕووی هێرشی زۆری میلیشیا شیعەکان بوونەتەوە کە لەلایەن ئێرانەوە ڕێکخراون و پارەیان پێدراوە. پێم وایە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبوو لە ساڵی ڕابردوودا لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر کاری لەسەر ئەم میلیشیایانە بکردایە لە ئێراق. پێم وایە پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ئایا ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران کاتێک ئیدارەی بایدن لە مانگی داهاتوودا کۆتایی پێدێت و ئیدارەی ترەمپ دەست پێ دەکات؟ من پشتگیری لەوە دەکەم. پێم وایە ئەگەر ئەمە ڕووبدات، دەبێتە هۆی گوشارێکی دیکە بۆ سەر ڕژێمی تاران. دەیڵێمەوە، ئەو خەڵکەی ئێران ئێستا بە دەسەڵاتدارانیان دەڵێن ئێوە ئەو هەموو پارەیەتان لە بەرنامەی ئەتۆمیدا بە هەدەر دا. ئەوەش بەڵگەیەکە بۆ ئەوەی کە دەبێت حکومەتی ئێستا و ئایەتوڵڵاکان بڕۆن.
ڕووداو: باشە. زۆر بە کورتی ئەگەر وەڵام بدەیتەوە، بەڕێز بۆڵتن. ئەمە دوایین پرسیارم دەبێت. ئەگەر جارێکی دیکە بەڕێزتان وەکوو ڕاوێژکاری ئاساییشی نیشتمانیی ترەمپ دەستبەکار ببیەوە، چ ئامۆژگارییەکی دۆناڵد ترەمپ دەکەیت پەیوەست بە کورد لە سووریا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی؟
جۆن بۆڵتن: لە یەکەم ماوەی دەسەڵاتیدا، کاری گەورەی کرد بۆ ئەوەی خەلافەتی داعش لەنێوببات. ئەوە دەڵێم کە کوردەکان زۆر گرنگ بوون بۆ سەرکەوتنی ترەمپ لەوەدا. بۆیە ئەگەر ترەمپ کوردەکان بەجێبهێڵێت، ئەوا نێوبانگی لەکەدار دەکات. ئەوە باشترین ڕێگەیە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ترەمپ.
ڕووداو: بەڕێز جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری پێشووی ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا، خۆشحاڵ بووم کە لەگەڵم بوویت. سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە.
جۆن بۆڵتن: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.[1]