مستەفا گۆران
ڕێکخراوی سەڵاحەدینی ئەیووبی ڕێکخراوێکی خێرخوازیی کوردییە لە عەممان. ئەم ڕێکخراوە لەلایەن سەعد جومعە کوردی لە ساڵی 1970وە دامەزرێندراوە، بەئامانجی یارمەتیدانی خانەوادە هەژارە کوردەکانی شانشینی ئوردنی هاشمی و بەرز ڕاگرتنی ناوی کوردییە لەو شانشینە.
ئەوان هیچ هاوئاهەنگییەکیان لەگەڵ حکومەت و ڕێکخراوەکانی هەرێمی کوردستان نییە و دەیانەوێت لە ڕێگەی ڕووداوە و دەرگایەکی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.
دکتۆر هەمزە محەمەد کوردی، سەرۆکی ڕێکخراوەکەیە و دەڵێت: پێویستە ساڵانە چالاکیی جۆراوجۆرمان هەبێت، وەک جەژنی نەورۆز و بەرزکردنەوەی ناوی سەڵاحەدینی ئەیووبی و ئەو کارانەی کردوویەتی گرنگی پێبدەین. بۆ ماوەیەک ئەم ڕێکخراوە زۆر بەخاوی کارەکانی ڕایی دەکرد، بەڵام ئێستا جارێکی دیکە دەمانەوێت زیندووی بکەینەوە وەک خانەوادە کوردییەکان و ڕێکخراوێکی کوردی، من تازە بووم بە سەرۆکی ئەم ڕێکخراوە و هیچ هاوئاهەنگییەکمان [لەگەڵ دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان] نییە و هیوادارین لە داهاتوو دا پەیوەندی و هاوئاهەنگیمان هەبێت.
بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی سەڵاحەدینی ئەیووبی، نزیکەی 80 هەزار کورد لە ئوردن هەن.
عەبدولهادی یوسف کوردی، ئەندامێکی ڕێکخراوەکەیە و دەڵێت: [پەرتووکی] 'ئوردن یەکەم، دواتر هاشمی؛ داهێنەری شکۆی مێژوو' کە فراس فائز مەسعود کوردی نووسیویەتی، ئەم پەرتووکە باس لە دەوڵەتی هاشمی و ڕۆڵی کورد تێیدا دەکات، ئەمە گرنگترین پەرتووکی ئەم پەرتووکخانەیە.
ڕاکان محەمەد حەسەن، ئەندامێکی ڕێکخراوەکەیە و دەڵێت: پاڵنەر و ئامادەبوونمان لێرە بۆ ئەوەیە ئەم ڕێکخراوە بەرەو پێشەوە ببەین و زمانی کوردی زیندوو بکەینەوە و زۆرترین گەنجی وەکوو من و لە من بچووکتر و گەورەتر فێری زمانی کوردی بکەینەوە.
لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، مانگانە گۆڤارێکیان بە ناوی 'ڕۆناهی' بە زمانی کوردی چاپ دەکرا، بەڵام ماوەی 20 ساڵە هیچ ڕۆژنامە و گۆڤارێک لەم وڵاتە بە زمانی کوردی نییە.
ئەم ڕێکخراوە لە 9 ئەندام پێکدێت و هەر سێ ساڵ جارێک هەڵدەبژێردرێن. ئەویش لەژێر چاودێریی وەزارەتی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی ئوردن.
یاسر کوردی، ئەندامێکی دیکەی ڕێکخراوەکەیە و دەڵێت: وەزارەتی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ڕێز و پێزانینی زۆری بۆمان هەبوو. ڕایگەیاند ئێوە لەنێو باشترین 5 ڕێکخراوەکانن لە شانشینی ئوردنی هاشمی.
هۆز و خانەوادە کوردییەکانی ئوردن بەبنچینەی دامەزراندنی شانشینی ئوردنی هاشمی دادەنرێن و نزیکەی 1200 ساڵە لەم وڵاتە وەک نەتەوەیەک بەشداری کارایان لە ئوردنی کۆن و نوێ دا هەیە. دیارترین پۆست و پلە کە کوردەکان لەم شانشینە پێی گەیشتوون پۆستی سەرۆکوەزیرانە کە لەلایەن سەعد جومعە کوردییەوە، دامەزرێنەری ڕێکخراوی سەڵاحەدینی ئەیووبی لە ساڵی 1967 بەڕێوەبراوە.[1]