وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل پاڵپشتیی خۆی بۆ کوردانی سووریا دەردەبڕێت و دەڵێت: پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەمان هەڵوێستی هەبێت.
ڕۆژی شەممە، #28-12-2024# ، میدیای ئیسرائیل هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بڵاوکردەوە.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل وتی، لە گفتوگۆکانمدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی جیهان، لەوانە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ئەوانەی دیکەش، هەموو کات جەختم لە بەرپرسیاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرانبەر کورد کردووەتەوە. دەشڵێت، کورد قوربانیی زۆریان دژی داعش داوە هۆشداریشی لەبارەی مەترسییەکانی هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی بەڕێوبەریی خۆسەر دا.
ساڵی 2011 گرژییەکانی سووریا و دواتر شەڕی نێوخۆ لە وڵاتەکە دەستی پێ کرد. کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەسەڵاتێکی سەربەخۆیان لەو ناوچەیە درووستکرد، سیستەمێکی حکومڕانیان دانا و هێزەکانی سووریای دیموکراتیان بە پاڵپشتی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی #داعش# درووستکرد. نزیکەی 11 هەزار شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە شەڕەکانی دژی داعشدا شەهید بوون.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، کورد پاڵپشتیکاری ڕۆژاوان و گرووپێکی دۆستن و پێویستە پاڵپشتییان بکەین.
ڕۆژی 8ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا کە دیارترینیان دەستەی تەحریر شام بوو، توانیان حکومەتی سووریا بڕوخێنن و بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا هەڵات بۆ ڕووسیا. دواتر، حکومەتێکی کاتی تاوەکوو ئاداری داهاتوو پێکهات.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕۆژی 27ی کانوونی یەکەم ڕایگەیاند، ئامادەن بۆ ئەوەی شاندیک بنێرنە دیمەشق بۆ گفتوگۆ.
ئاماژەی بەوەش کرد، دەکرێت هێزەکانی سووریای دیموکرات بچنە نێو سوپای سووریا، ئەمە دوای ئەوەی هەردوولا دەگەنە ڕێککەوتنێکی هاوبەش و گونجاو لە ڕێگەی گفتوگۆوە.[1]