- سەرەتای ئەم مانگە: داگیرکەری عەرەبی ئێراق لە شاری کەرکووک خاوەن دوکانە کورد و توکمانەکانی شەقامی سەڵاحەدینی ئاگادارکرد چۆڵی بکەن، تاوەکو لەجێیاندا بازرگانی عەرەب دابنێت.
- ڕوودانی تەقینەوەیەک لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئێڕاقی لە بەغداد لە کاتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەندا.
- ڕووناک عەبدوڵڵا بڕوانامەی ماجستێری لە ئاماردا وەرگرت، شایانی باسە ئەمە یەکەم ئافرەتی کوردە بڕوانامەی وا لە ئاماردا وەربگرێت.
- ناوەڕاستی ئەم مانگە: 16 ئەندامی کۆنگرێسی ئامریکی نامەیەکی دەستنووسیان بۆ مەسعود بارزانی نارد بەبۆنەی یادی دامەزراندنی پارتییەوە، هەروەها جەختیان لەسەر ئێڕاقێکی فیدڕاڵ کردەوە.
- ڕوودانی پشێوییەک لە شاری شنگار لەنێوان موسوڵمانەکان و یەزیدییەکاندا، شایانی باسە موسوڵمانەکان هیچ مامەڵەیەک لەگەڵ یەزیدییەکاندا ناکەن.
- کۆتایی ئەم مانگە: بەرزبوونەوەی ناکۆکیی ڕاگەیاندنی نێوان پارتی و تورکیا بەهۆی ئەوەی مەسعود بارزانی ناڕەزاییی خۆی دەربارەی وتەکانی وەزیری بەرگریی تورک دەربڕی و وتی باشووری کوردستان دەکرێتە گۆڕستانی تورکەکان ئەگەر تورکیا بیەوێت داگیری بکات.
- ئەم مانگە: ئێران هێزەکانی خۆیی لەسەر سنووری خۆرهەڵات و باشووری کوردستان مۆڵدا.
- لابردنی یاسای (غسل العار) لە باشووری کوردستان. بەهۆیەوە هەر کەسێک خوشکی، دایکی، کچی یان هاوسەرەکەی بەم تاوانە بکوژێت وەک تاوانبارێکی ئاسایی داوەری دەکرێت.
- ئەم مانگە: پۆلیسی نەرویژی کەوتە لێکۆڵینەوە لەسەر پەیوەندیی مەلا کرێکار و هەندێک لە هەوادارانی کە دانیشتووی نەرویژن بە ڕێکخراوی قاعیدەوە.
- ئەم مانگە: پارتی وەفدێکی بەسەرۆکایەتیی هوشیار زێباری نارد بۆ تورکیا بۆ هێمنکردنەوەی پەیوەندیی نێوانیان.
- ئەم مانگە: گەیشتنی وەفدێکی ئەمریکی و تورکی بۆ پیرمام بۆ هێورکردنەوەی پەیوەندیی نێوان پارتی و تورکیا.
- بەهۆی هەڕەشەی لێدانی ئامریکا بۆ داگیرکەری عەرەبی ئێراق، باری ناوخۆیی ئێڕاق بەتەواوەتی تێکچووە.
- ئاسایشی پارتی لە هەولێر لێکۆڵینەوەی لەگەڵ نووسەران نورەدین سەعید وەیسی، ڕێبوار کەریم وەلی و گۆران محەمەددا کرد لەسەر ئەو نووسینانەی کە لە ڕۆژنامەی میدیادا بڵاویدەکەنەوە.
- کۆتایی ئەم مانگە: دەستەڵاتی نەرویژی مەلا کرێکاری بەفەڕمی لە نەرویژ دەرکرد و پاسپۆرتەکەشی بەتاڵ کردەوە بەهۆی ئەوەی ناوبراو پەیوەندیی لەگەڵ ڕێکخراوی قاعیدەدا هەیە.
- دۆزینەوەی بیرێکی گەورەی نەوت لە ناوچەی قەرەتەپەی نێوان کفری و جەلەولای گەرمیان، بەهۆی ئەم دۆزینەوەیەوە داگیرکەری عەرەبی ئێراق دانیشتوانی ناوچەکەی دەرکرد و کردییە ناوچەیەکی سەربازی.
- خنکانی 5 پەناهاندەی کوردی باشوور و لەهۆشچوونی 4ی تر لە ناو لۆرییەکدا لە ئیتالیا. ئەمانە لە بولگاریاوە بەم لۆرییە دەیانویست بگەنە خۆرهەڵاتی ئەوروپا.
- گەیشتنی 594 کورد لە کەرکووکەوە بۆ چەمچەماڵ، ئەمانە لەلایەن داگیرکەری عەرەبی ئێراق و بەهۆی بەعەرەبکردنی کەرکووکەوە دەرکران.
کوردیپێدیا، ڕۆژانە بێلایەنانە مێژووی کوردستان تۆماردەکات...
کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان