شارەدێی پێباز لە ساڵی (1937) کراوە بە شارەدێ و لەڕووی ئیدارییەوە سەربە شارۆچکەی #کەلار# ە، لە ئێستاشدا ژمارەی دانشیتووانی لە ساڵی (2020) نزیکەی (9٬399) کەس دەبێت، لە دوای شارەدێی #ڕزگاری-سموود# دووەم گەورەترین شارەدێی ئیدارەی گەرمینانە
ئەم شارەدێیە لە سەرەتای درووست بوونیدا سەربە شارۆچکەی کفری بوو لە پارێزگای کەرکووک، پاش پێکھێنانی شارۆچکەی کەلار بووە شارەدێی ئەم قەزایە خرانە سەر پارێزگای سلێمانی تاوەکوو ئێستا، ئەم شارەدێیە کەوتووەتەناوچەی گەرمیان، لە ڕۆژھەڵاتییەوە لەسەر ڕۆخی ڕووباری سیروانە، خاکێکی بە پیتی ھەیە بۆ کشتوکاڵ بە تایبەتیی بۆ گەنم و جۆ.
ئەم ناوچەیە بە پێباز بەناوبانگ بووە، ئەو کات (ئێڵی جاف) لەم ناوچەیەدا گەرمیان و کوێستانیان کردووە، ھەتا ئەم دواییە کە تیایدا نیشتەجێ بوون و وازیان لە گەرمیان و کوێستان ھێنا.
وشەی پێباز لە دوو وشەی لێکدراو پێکھاتوو: پێ (قاچ) و باز (باز، باڵندەیەکە یان بازدان یان جێپێ (پێگە)). بە سەر یەکەوە پێباز واتای پێگە دێت کە ئەویش بە واتای پێگەی ئێڵی جاف دێت.
پێباز بەواتای بەردەباز دێت کە بەردێکە بۆ پەڕینەوە لەناو جۆگە و ڕووبارەکاندا دایدەنێن. بەھۆی ئەوەی ھۆزەکانی جاف گەرمیان و کوێستانیان کردووە، بەتایبەتیی چوونەتە کوێستانەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە ڕووباری سیرواندا پەڕیوونەتەوە، بۆ پەڕینەوەیان ئەم بەردانەیان بەکار ھێناوە و لەوەوە ئەم ناوچەیە ئەم ناوەی ھەڵگرتبێت.
بۆچوونێک ھەیە دەڵێت ئافرەتێک بە ناوی (بەھواز) دەسەڵاتداری لەم ناوچەیەدا ھەبووە، بەناوی ئەوەوە ناونراوە و بەپێی کات بووەتە پێباز.
#جوگرافیا#
شارەدێی پێباز ھاوسنوورە لەگەڵ:
لە باکوورەوە شارەدێی شێخ تەویل.
لە باشوورەوە شارەدێی قۆرەتوو و شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی کەلار.
لە ڕۆژھەڵاتەوە شارەدێی مەیدان و شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی دەربەندیخان.
لە ڕۆژاواوە شارەدێی ڕزگاری.
=KTML_Bold=ڕووبەر=KTML_End=
ڕووبەری ئەم شارەدێیە (346کم2)یە لە (1٫7٪) پارێزگای سلێمانی پێکدەھێنێت و (20٫3٪) شارۆچکەی کەلار پێکدەھێنێت.
لە ڕووی ڕووبەرەوە لە ئاستی (سێیەم)ە لە چوار شارەدێی شارۆچکەی کەلاردا.
=KTML_Bold=دانیشتووان=KTML_End=
تەواوی دانیشتووانی ئەم شارەدێیە کوردن، بە پێی پێشبینی دەستەی ئاماری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2020 دانیشتووانی ئەم شارەدێیە (9، 399)کەسە.
لە ڕووی دانیشتووانەوە لەسەر ئاستی (سێیەم)ە لە چوار شارەدێی شارۆچکەی کەلار.
#مێژوو#
لە سەردەمی عوسمانییەکاندا کەرت و گوندەکانی شارەدێی پێباز سەربە شارەدێی (شێروانە) و شارۆچکەی (وڵعەنبەر) بووە.
لە سەردەمی ئینگلیز و پاشایەتییدا (1918 -1958)
لە دوای نەمانی دەسەڵاتی عوسمانییەکان و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ، بۆ چەند ساڵێک ئیدارەی لیوای سلێمانی ڕاستەوخۆ لەژێر ھەژموونی ئینگلیزدا بوو، بە پێچەوانەی لیواکانی تر کە سەربە بەغدا بوون، بەڵام دوای واژۆکردنی پڕۆتۆکۆلێک لەنێوان بەریتانیا و ئێراقدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێراق لە (11/تەممووزی/1923)دا بڕیاری لکاندنی سلێمانی بە ئێراقەوە درا، ئەم بڕیارەش لە ساڵی دوایدا جێبەجێکرا بە ناردنی (5) ئەندام وەکوو نوێنەری لیواکە لە ئەنجوومەنی دامەزراندنی ئێراقدا (المجلیس التأسیس العراقی)، دواتر لە کاتی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە ناکۆکی نێوان ئێراق -تورکیا لەسەر دواڕۆژی ویلایەتی مووسڵ، کۆمەڵەی گەلان لە شوباتی 1925ز دا لیژنەی خۆی ڕەوانەی ئەم ویلایەتە کرد، بە کۆتایی ھاتنی ئەم کێشەیە ئیتر سلێمانی بووە بەشێک لە دەوڵەتی ئێراق.
* لەنێوان ساڵانی (1918 -1936)دا
ڕێکخستنەوەی سنووری نێوان ھەردوو لیوای کەرکووک و سلێمانی بە شێوەیەک زنجیرە چیای قەرەداغ و بازیان بوو بە سنووری نێوانیان، بەمەش شارۆچکەی بازیان کە ناوەندەکەی چەمچەماڵ بوو، کرا بە دوو بەشەوە بەشی یەکەم شارۆچکەی چەمچەماڵ بە ھەردوو شارەدێی (قەڵاسێوکە و سەنگاو) و بەشی دووەم شارەدێی بازیان، یەکەم بەشیان لە لیوای سلێمانی دابڕێنرا و خرایە سەر لیوای کەرکووک، دووەمیان لەسەر لیوای سلێمانی مایەوە، ھەروەھا بەشی خواری شارەدێی وارماواش کە دواتر بوو بە شارەدێی پێباز خرایە سەر شارۆچکەی کفر
* لەنێوان ساڵانی (1936 -1947)دا
بە ئیرادەی مەلەکی ژمارە (58) لە 27\1\1937دا شارەدێی پێباز ھاتە کایەوە بەدابڕانی لە شارەدێی شێروانە لە سنووری شارۆچکەی کفری لە پارێزگای کەرکووک.
لە سەردەمی کۆماریدا (1958 -1990)دا
ئەم سەردەمە بە نەمانی دەسەڵاتی پادشایی و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێیە، ئەم سەردەمە پڕە لە گۆڕانکاری سیاسی، حکومی عەبدولکەریم قاسم (5) ساڵ، نەتەوە پەرستەکان بە سەرکردایەتی عەبدولسەلام عارف، دواتر براکەی عەبدولڕەحمان عارف (5) ساڵ، دەسەڵاتی بەعسییەکان لە دوو قۆناغدا، ئەحمەد حەسەن بەکر (1968 -1979) و سەددام حسێن (1979 -2003)، دەسەڵاتی سەددام لەسەر ئەم پارێزگایە تا ساڵی 1991 بوو. کاریگەریی ئەم فرە دەسەڵاتە و دەستتێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە سیاسەتی ئێراق، لەسەر گۆڕاکارییە کارگێڕییەکان بە زەقی دەردەکەوێت، زۆربەی زۆری ئەو گۆڕانکارییانە سیاسی بوو، ئامانجی لەناوبردنی بزووتنەوەی سیاسی کوردستان بوو، و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە ستراتیژییەکان بوو، بەتایبەت ئەوانەی دەوڵەمەند بوون بە سامانە سرووشتییەکان. لەم سەردەمەدا زۆرترین گۆڕانکاری کارگێڕی کرا، پارێزگای کەرکووک زۆرترین گۆڕانکاری بەسەردا ھات لە ڕووی کارگێڕییەوە.
* لەنێوان ساڵانی (1958 -1965)دا
بە بەیانی وەزارەتی ناوخۆ لە ساڵی 1959دا، (5)کەرتی شارەدێی پێبازی سەربە شارۆچکەی کفری بە شارەدێی شێروانەی ھەمان قەزاوە لکێندرا.
* لەنێوان ساڵانی (1965 -1977)دا
بە فەرمانی کۆماری ژمارە (137) لە 28\2\1970دا، شارۆچکەی کەلار لە سنووری پارێزگای کەرکووک ھاتە کایەوە و ناوەندەکەشی شارۆچکەی کەلار بوو، ھەردوو شارەدێی پێباز و شارەدێی شێروانەی پێوە لکێندرا.
بە فەرمانی کۆماری ژمارە (608) لە 6\11\1975دا، شارۆچکەی کەلار و شارۆچکەی چەمچەماڵ دابڕێنران لە پارێزگای کەرکووک و لکێندران بە پارێزگای سلێمانییەوە ھەروەھا بە ھەمان فەرمان شارۆچکەی کفری دابڕێنرا لە پارێزگای کەرکووک و لکێندرا بە پارێزگای دیالەوە.
* لەنێوان ساڵانی (1977 -1990)
لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی خاپوورکردنی گوندەکانی باشووری کوردستان، ڕژێمی بەعس لە سنووری گەرمیان ھەستا بە درووستکردنی ئۆردوگای زۆرەملێی (سموود) لە نزیک شارۆچکەی کەلار بۆ نیشتەجێکردنی دانیشتووانی گوندە خاپوورکراوەکانی شارۆچکەی کەلار و بەشێک لە گوندەکانی شارۆچکەی کفری.
بە فەرمانی کۆماری ژمارە (321) لە 11\6\1987دا شارەدێی تیلەکۆ ھەڵوەشێنرایەوە و ھەموو کەرتەکانی بەسترایەوە بە شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی کەلار.
بە فەرمانی کۆماری ژمارە (911) لە 16\11\1987دا شارەدێی پێباز ھەڵوەشێنرایەوە و ھەموو کەرتەکانی بەسترایەوە بە شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی کەلار.
بە فەرمانی کۆماری ژمارە (238) لە 16\3\1988دا بە ھێنانە کایەی شارەدێی سموود
سەردەمی حکوومەتی ھەرێم
* لە ماوەی ساڵانی (1991 -1992)دا:
لەم ماوەیەدا پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەولێر و پارێزگای دھۆک لەلایەن بەرەی کوردستانییەوە بە ڕێوەدەبرا، کە لەسەر ھەمان سیستەمی یەکە کارگێڕییەکانی ساڵی 1989 بەڕیوەدەبرا، لەبەر ئەوەی گوندەکان تازە ئاوەدان دەکرانەوە، ھەروەھا لەڕووی کارگێڕییەوە ھەرێمی کوردستان درووست نەبووبوو تاوەکوو لە ساڵی 1992 پەڕڵەمانی کوردستان پێکھێنرا. ئینجا یەکە کارگێڕییەکان درووستکرانەوە.
* لە ماوەی ساڵانی (1992 -2003)دا:
لە دوای ڕاپەڕینی 1991، ھەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان بە پێی بڕیاری ژمارە (18) لە (22 -9 -1992)دا ڕێگەی دا بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئەو شارۆچکە و شارەدێیانەی بە مەبەستی سیاسی ھەڵوەشێنراونەتەوە سەرلەنوێ پێکبھێنرێنەوە.
* لە ماوەی ساڵانی (2004 -2014)
ھێنانەکایەی شارەدێی شێخ تەویل، بە دابڕانی 43 کەرت و گوند لە شارەدێی پێباز لە ساڵی 2005دا.
دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی ئێراق لەلایەن ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانییەوە لە ساڵی 2003دا، جارێکی تر گەرمیان کە شارۆچکەی کەلار ناوەندەکەیەتی تووشی بۆشاییەکی کارگێڕی ھات، ئەوەش بەھۆی ھەڵوەشاندنەوەی پارێزگای کەرکووک لە دەربەندیخان، بۆ چارەسەرکردنی ئەو بۆشاییە ئیدارییەش ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە بڕیارێک لە ڕۆژی 6/8/2006 ئیدارەی گەرمیانی پێکھێنا کە ناوەندەکەی لە شارۆچکەی کەلار دانراوە، ھەروەھا لە پێناو کاراکردنی ئیدارەکە و فراوانکردنی دەسەڵاتە کاڕگێڕییەکانی، حکومەتی ھەرێم لە ساڵی 2008 بڕیاریدا ئیدارەی گەرمیان ھاوشێوەی پارێزگاکانی تری ھەرێم مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و لەو ڕووەشەوە دەسەڵاتی پارێزگار بە خشراوەتە سەرپەرشتیاری ئیدارەکە.
[1]