ناوی تایبەت بە هەندێک جۆری قوماش:
ئاماژە بە ناوی هەندێک جۆری قوماش دەکەین، کە کورد بۆ جلوبەرگی ژنان سودی لێیان وەرگرتووە. لە ڕاستیدا، لەسەردەمی کۆندا، زانیاری لەبارەی جلوبەرگ و پۆشاکی ژنانەوە کەمە، لەبەرئەوەی ژنان کەمتر لە پیاوان دەکەوتنە بەردید و سەرنجی مێژونووسان تا باس بکرێن و وەسف بکرێن، بەڵام ئەوەی دەبیسترێت، لە کۆنەوە قوماشی خام بۆ پۆشینی جلوبەرگی ژنان سودی لێ وەرگیراوە، ئینجا ئەم خامە ڕەنگ کراوە و خراوەتە ناو خوم، واتە: کوپه، نمونەی ئەمەش (خامەکی مۆر و چیت) ە، هەروەها سود لە قەدیفەش وەرگیراوە، کە ژن لەسەر کراسەوە دەیانپۆشی، هەروەها بەپێی سەردەم سود لە چەند قوماشێکی دیکەش وەرگیراوە، وەک: (کرێشە، جەرسە، ئەنگۆرە، گوڵباتمان، خەسوتەقێنە، بازە، پەڕی مێشێ، ناز ونوز، چاوی ماری، کودەری، شلومل، ئاوریشم، جادەی تارانێ، لەیالی، ئەتڵەس، دانتێل، مەخمەر، خیابان، حەسەن زیرەک، ڕیشی مامزێ، شایەخ بێزی، شاخ و داخ، سرکەیی، کوێستانان خاڵ خاڵ، تەزرە و باران، خەوخۆش، گوڵ و نیو، کەڕنە، کەتان، سورمە، ...هتد).
هەندێک لەو جۆری قوماشانە، چونەتە ناو بواری فۆلکلۆر و گۆرانی کوردییەوە، وەک: (کەتانە و کەتانە، وەی وەی کەتانە، دەسرۆکەی لە ملانە، بمرم کەتانە. کراس کودەری ئاوریشم، با بەس ئاخت بۆ هەڵکێشم، کراسەکەت چیتی مۆرە، تۆزێ هەڵی کە شۆڕە، چاوم چاوەڕێی دەرگا دوو دەری، بەڵکو دەرکەوێ مەکسی کودەری، چارۆگەکەی گازرە و کۆڵوانەکەی گازرە، ئەی وەی بەلەنجەولار، گیان بەلەنجەیە، کەیفی من لە کراسی کرێشەیە). [1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 60,650 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!