موجتەبا پاش ئەوەی لە کرماشانەوە هات بۆ تاران هاوکاریی خۆی لە گەڵ بەرنامەی کوردی دەس پێکرد، بەرنامەی کوردی لەو سەردەمە دا، لە سێ بوارەوە مۆسیقای تۆمار ئەکرد. یەکەم لە ئۆرکێستری تایبەتی بەرنامی کوردی، دووەم لە ئۆرکێسترای گەورەی ڕادیۆ ئێران و سێیەم دوو سێ مۆسیقاری هەبوو کە حەفتەی جارێ، کە بەرنامەی (بەزمی هەینی) لە ستۆدیۆ تۆمار ئەکرا لەسەر دەرخوازی دانیشتوان و بەشداری یەکێ لە گۆرانی بێژەکان گۆرانییان تۆمار دەکرد، موجتەبا لەم بەشەدا بە تایبەت لەگەڵمان هاوکاری هەبوو، ڕۆژێکیان لە بیرمە دەوری چل کەس هاتبوونە ستۆدیۆ، موجتەبا هات و ڤیۆلۆنەکەی گرت بە دەستەوە، دەستی پێکرد، هەموو بێ دەنگ سەیری دەس و پەنجەیان ئەکرد کتوپڕ لە نێو خەڵکەکە کابرایەکی ئاسایی بێ ئەوەی هونەر ناس و مۆسیقار بێ، هاواری لێ هەستا و وتی (باوکەڕۆ چی ئەکا ئەو کابرایە خۆ جەرگ و دڵی لە ڕیشە دەرهێنام!)، جا بەڕاستیش هەروەها بوو. کاتێک لەئۆرکێسترای گەورەی ڕادیۆ ئێران دا بەشداری دەکرد، لە نێو چل پەنجا ئامڕازی مۆسیقا دا ڤیۆلۆنەکەی موجتەبا هاواری ئەکرد، وەک چۆن لە ئاسمان دا بڕێ ئەستێرە بە وروشەترن لەوانی تر، ڤیۆلۆنەکەی موجتەباش دیار بوو و بەر گوێ دەکەوت. موجتەبا لە تاران بەباشی جێی خۆی کردەوە، بە تەنیا لە ئۆرکێسترای گەورەی ڕادیۆ بەشداری ئەکرد مۆسیقای بۆ نزیکەی پەنجا فیلمی فارسی داناوە. لەگەڵ هەموو گۆرانی بێژەکانی فارس دا هاوکاری هەبووە، زۆربەی گۆرانیەکانی #حەسەن زیرەک# و #مەزهەری خالقی# کە لە ڕادیۆی کرماشان تۆمار کراون وان لەو پەڕی جوانی و دڵڕفێنی دا کاری موجتەبایە و دەست و پەنجە ڕەنگینەکانی ئەون کە گەیاندوونی بەو جێگایە، یەکێ لە تایبەتمەندیەکانی موجتەبا ئەوەیە کاتێ گەیشتە ئەو پلە و پایە کە لە نێو مۆسیقارە بە ناوبانگەکانی ئێرانا ئەدرەوشایەوە، خۆی نە گۆڕی لە خۆی تەبا نەبوو و بەو پەڕی شانازییەوە لە وەڵامی پرسیاری هەواڵ نووسانا کە ئەیان پرسی کوردی؟ ئەیوت ئەرێ برام، خۆم کوردم، دایکیشم کوردە، باوکیشم کوردە. بەزاراوەی جۆری کەلهوڕی (کرماشانی) ئەدوا.
موجتەبا خەریک بوو لە ناوهونەرمەندانا بگاتە ئاستێ کە کەس لەو سەرتر نەبێ، بەڵام بەداخەوە بەڵای ناگەهانی شۆڕش هات ئامڕازی مۆسیقاکانی شکاند و مۆسیقارەکانی ڕاونا قەڵەمی نووسەرانی شکان و لاپەڕەیەکی ڕەشی لە مێژووی هونەری ئێران دا بەدی هێنا، زۆر لە هونەرمەندان ئەو بارە سەنگینەیان بۆ هەڵ نەگیرا، دڵیان لە لێدان وەستا و ڕۆحیان بەرەو ئاسمانی بێ پاومان دای لە شەقەی باڵ، دیارە موجتەباش یەکێ لەوانە بوو. لە باری کەسایەتییەوە نزیک بەدڵ و خوێن شیرین و سەرو زمان خۆش و میهرەبان بوو جیهانی زۆر گەورە دەهاتە بەرچاو وە بڕوای وابوو کە هونەر سنوور نا ناسێ و مەرزی بۆ نیە.[1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 1,006 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!