جاشی هەرکی و سورکی، شاخەکانیان بە قۆنتەرات بە بیست هەزار دینار دەگرت
کەرتی ئێمە لەبەر ئەوەی شارەزای ناوچەکە بووین، عومەر عەرەب بە سامان #گەرمیان#یی وت ئەمڕۆ هێزێکی یەکجار کۆ بووەتەوە و نزیک کەوتوونەتەوە، بەنیازن شەو هێرش بکەنە سەرمان، ئێمە دەچینە پشتی ئێوە و بە ڕووی دوژمندا خۆمان حەشار دەدەین، هەرکە هێزی دوژمن سەر کەوتن و هێرشیان کرد، ئێوە ڕووبەڕوویان ببنەوە و ئێمەش لە پشتەوە لێیان دەدەین. ئەو نەخشەیە زۆر ترسناک بوو، چونکە هێزی پێشمەرگە تەقەی لەوان دەکرد و فیشەکی پێشمەرگەکان بە ئاڕاستەی ئێمەدا دەهات، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بە دیوی ڕژێمدا بووین و هێزی جاشەکانیش بەلای ئێمەدا سەر دەکەوتن و هەریەک لە ئێمەش لەناو دەوەنە وشکبووەکان و پشتی پەنا بەردەکاندا خۆمان حەشار دابوو. شەڕ دەستی پێ کرد و پێشمەرگە لە سەرەوە لێیان هاتنە دەست و ئێمەش لە پشتەوە تەقەمان لێ دەکردن، بەڵام ئێمە ژیانمان زۆر لە مەترسیدا بوو، چونکە هێزی پێشمەرگەش کاتێک تەقەیان لە جاشی هەرکی و سورکییەکان دەکرد؛ فیشەکەکان ڕووبەڕووی ئێمەش دەبووەوە و ڕژێمیش بە هەمان شێوە تەقەیان لە پێشمەرگە دەکرد؛ ئێمەی دەگرتەوە، چونکە ئێمە کەوتبووینە نێوان هەردوو لایانەوە و جاشەکان بە جۆرێک سەریان لێ شێوابوو هەریەک بە لایەکدا ڕایاندەکرد، یەکێک لە جاشەکان لە ترسی گیانی خۆی کەوتە بەر دەستمان و جلی ڕەش و سپیی خەتخەتی لەبەردا بوو، لەگەڵ خۆماندا بردمان. ئەو شەوە تا بەیانی بۆردوومان دەکراین. بۆ سبەی کە ڕۆژ بووەوە، بە دووربین سەیری تەرمی کوژراوەکانی جاشەکانمان دەکرد، زیاتر لە پەنجا کوژراومان ژمارد، جگە لەوەی لەنێو دەوەن و تاشەبەردەکاندا تەرمەکانی تریان نەدەبینران. بەڵام پێشمەرگەیەک شەهید بوو بە ناوی سالار، بەداخەوە لە کاتی شەهیدبوونیدا کەوتبووە دیوی دوژمن کە بەردەوام تۆپبارانی دەکرد، بۆ ڕۆژی دواتر هێنامانەوە و بە سێ پێشمەرگەدا تەرمەکەیمان ڕادەستی تیپی 47ی پیرەمەگروون کرد کە شۆڕش ئیسماعیل سەرپەرشتیی دەکرد. ئەو چەکدارەی کە بەدیل گرتبوومان، هەندێک زانیاریمان لێ وەرگرتبوو کە چەکداری عەشیرەتی هەرکی و سورکی بوون و بەرپرسەکانیان شاخەکانیان بە قۆنتەرات لە ڕژێمی بەعس بە میقداری بیست هەزار دیناری ئەو سەردەمە وەرگرتبوو. عومەر عەرەب وتی: کەریم وەرە لەگەڵمدا، بردمانە ئەودیوی ڕەبییەکە و پێی وت بڕۆرەوە بۆ لای سەددام. چەند مەترێک لێمان دوور کەوتەوە، تاکوو چەند ڕۆژێکیش ئێمە لەوێ بووین، تەرمەکەی هەر لە شوێنی خۆیدا مابووە و ئەوەش وەک تۆڵەیەک بۆ شەهید سالار کە لەو هێرشەدا شەهید کرابوو، ئێمە دووچاری کێشەیەکی گەورە ببووین، چونکە ڕۆژبەڕۆژ ڕژێم هێزی زیاتری دەنارد و کەسیش بەهانای ئێمەوە نەدەهات. عومەر عەرەب وتی: ئێمە تەواو برسی و تینوو و پێداویستیی برینداری و فیشەکمان پێ نەدەما و کەسیش نەیدەزانی ئامانجی ئێمە چی دەبێت و شەڕی بەرەیی (جەبهەیی) بەو شێوەیە ناکرێت و بەو جۆرەش بەکوشت دەدرێین، من دەچم بۆ لای شۆڕش ئیسماعیل بۆ ئەوەی ڕێگەچارەیەک بدۆزینەوە. عومەر عەرەب پێی ڕاگەیاندم ئاگام لە کەرتەکە بێت و بۆ سبەی دەگەڕێتەوە لامان، منیش لە ناخی خۆمەوە ئەوەم پێ باش نەبوو، چونکە پێم شەرم بوو بڵێم ئێمە ماندووین و برسی و بێ فیشەکین، عومەر عەرەب پێشمەرگەیەکی لەگەڵ خۆیدا برد و بەزویربوونەوە ئێمەی بەجێ هێشت. زۆر دڵتەنگ بووم، چونکە نەمدەزانی چی بە پێشمەرگەکان بڵێم، بۆ شەو جارێکی تر جاشەکانی هەرکی و سورکی هێرشێکی دڕندانە تریان کردە سەرمان و شوێنەکانی پێشەوەی ئێمەیان گرت و کۆنترۆڵیان کرد. ئێمەش لەگەڵ هێزی هاوبەشی 51ی گەرمیان و 57ی سەرگرمە، سێ بریندارمان دا و لەو زنجیرەچیایە پاشەکشەمان کرد و هاتینە زنجیرە چیایەکی تر، واتە بەرەو لاوازی و تەسکبوونەوەی سنووری ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە و شەڕەکان دەچووین و تا دەهات ئەوان سنووری هێزی پێشمەرگەیان کۆنترۆڵ دەکرد و هێزی زیاتریان بۆ دەهات.
#شەهاب کەریم#
#مێژوویەک لە لوولەی تفەنگەوە؛ ڕۆژگارە سەختەکانی شاخ 1979-1991# [1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 1,486 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!