یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک دەڵێت، بایەخێکی زۆر بە ئازادیی میدیا دەدەن و نیگەرانیشە لەوەی پاشەکشەیەک لە بوارەکەدا لە عێراق بەگشتی دەبینن.
ڕۆژی پێنجشەممە #08-09-2022# هادی سەلیمی، پەیامنێری #تۆڕی میدیایی ڕووداو# لە هەولێر پرسیاری لە باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک کرد لەبارەی دۆخی ڕۆژنامەڤانی لە هەرێمی کوردستان؛ باربارا لیف بە گشتی لەبارەی دۆخی میدیا لە عێراق قسەی کرد و گوتی: دۆخی ڕۆژنامەڤانی لە پاشەکشەدایە. جۆرێک لە پاشەکشە لە ئازادی و کاری ڕۆژنامەڤانی دەبیندرێت. بەرپرسیارێتییە بۆ ئێمە کە لە پەیوەندییەکانماندا بە پەرۆشەوە ڕەچاوی ئەو بابەتە (ئازادیی میدیا) بکەین و ئەو بابەتەشمان خستووەتە ڕیزبەندی کارە لەپێشینەکانمان.
یاریدەدەرەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە وەک خۆی گوتی: کاربەدەستانی حکومەت پێیان خۆش نییە ڕەخنەیان لێبگیرێت و نایانەوێت گوێیان لە ڕەخنە بێت.
باربارا لیف جەختی لەوە کردەوە کە بابەتی ئازادیی ڕاگەیاندن لای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر گرنگە و هەربۆیە وەک خاڵی سەرەکیی پەیوەندییەکانمان تەماشای دۆخی ڕاگەیاندن دەکەین.
ڕۆژی 7ی ئەیلوولی 2022، سەرۆک مەسعود بارزانی و باربارا لیف لە پیرمام کۆبوونەوە. بەگوێرەی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سڵاوی سەرۆک بایدنی بە سەرۆک بارزانی گەیاند. هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، سەرۆک بایدن بە بایەخێکی زۆرەوە سەیری هەرێمی کوردستان دەکات و هەرێمی کوردستانیش یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی سیاسەتی دەرەکیی ئەمریکا.
هەر ڕۆژی چوارشەممە 07-09-2022، نێچيرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باربارا لیف و شاندێکی ياوەری کرد. لە کۆبوونەوە کەدا ئالينا ڕۆمانۆوسکی، باڵيۆزی ئەمريکا و کۆنسولی گشتيی ئەمريکا لە هەرێمی کوردستان و ژمارەيەک لە ديپلۆماتانی ئەمريکی ئامادەبوون. پەيوەندييەکانی ئەمريکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دوايين پێشهاتەکانی دۆخی سياسيی عێراق و هەوڵی تێپەڕاندنی سەختييەکان، پەيوەنديی هەولێر - بەغدا و کێشەکانی نێوانيان تاوتوێکران.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، باربارا ليف سڵاو و ڕێزی سەرۆک جۆ بايدن و وەزيری دەرەوەی ئەمريکای بە نێچيرڤان بارزانی گەیاند و دووپاتیکردەوە کە لێرەن بۆ جەختکردنەوە لە پەيامی پابەندييان بە پەيوەندييەکانی ئەمريکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان.
دەقی پرسیار و وەڵامی هادی سەلیمی و باربارا لیف:
ڕووداو: لە مێژووی پەیوەندییەکانتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان باس لە پەیوەندییەکی بەردەوام و پتەو دەکەن. دەمەوێ بزانم کە ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان تا چەند پەیوەستە بە ئازادیی میدیایی لە هەرێمی کوردستان و ئەو بابەتە چ پێگەیەکی لە پەیوەندییەکانتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە؟
باربارا لیف: کاری لە پێشینەی ئێمەیە. تەنیا ئەوە بڵێم کە دوای چەند ساڵێک کە گەڕاومەوتەوە عێراق، دەبینم دۆخی ڕۆژنامەڤانی لەپاشەکشەدایە. جۆرێک لە پاشەکشە لە ئازادی و کاری ڕۆژنامەڤانی دەبینرێت و ئەمە بەرپرسیارێتییە بۆ ئێمە کە لە پەیوەندییەکانمان بە پەرۆشەوە ڕەچاوی ئەو بابەتە بکەین و هەربۆیەش خستوومانەتە ڕیزبەندی کارە لە پێشینەکانمانەوە؛ بەڵام کێشەکە لێرەدا گوێگرتنە لە ڕەخنەکان. کاربەدەستانی حکومەت پێیانخۆش نییە ڕەخنەیان لێبگیرێت و نایانەوێت گوێییان لە ڕەخنەگرتن بێت. دەتوانم بڵێم ئەوە ڕاستییەکی ژیانە؛ بەڵام ڕاستییەکی دیکەش ئەوەیە کە خەڵک و ڕای گشتی مافی خۆیانە کە ڕاستییەکان بزانن و شەفافییەت مافی ئەوانە. ئەو ڕوونکردنەوەیە و گەیاندنی کێشەکان بە ڕوونی کاری ئێوەیە و ئێمەش لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەرپرساندا وەک خاڵی سەرەکی پەیوەندییەکان تەماشای دۆخی ڕاگەیاندن دەکەین.[1]