نووسینی: #شێمحەمەد باڵەک#
ئەسحابەی ڕەسوولەڵڵا: لە حەوتووی یەکەمی ڕاپەڕینی ساڵی 1991دا وتم تا ئێستا هەر خەڵکی لادێ دە شۆڕشگێڕان دەگەییشتن ئەمجارەیان خەڵکی شارانیش تێمان دەگەن. هەر لەو ساڵەدا سەفەرێکیان دەستەیێک پێشمەرگەبووین لە شەقڵاوەوە وەڕێکەوتین بەرەو #قەڵاچوالان# . لە کۆتایی شاری سلێمانی بەرەو ئەزمڕ گەییشتینە دوکانێکی تەڕەفرۆشی، دوکانەکە بە جەمەلۆن و تەنەکەوتاڵ سەری داپۆشرابوو. لەپێش دوکان بە لێخوڕی ترومبێلەکەم وت ڕایگرە. بۆ یەکەم جار لەو دوکانە ترێیە دەنک خڕە دەنک گەورە و شووشەییەکەم بینی پێش ئەوەی بچم بۆ شاخ ئەو جۆرە ترێیەم نەبینی بوو. دوکاندار مشکی (شەدە) یێکی سووری تاری یاخود ئاماڵ قاوەیی لەسەری بەستبوو. وەکوو ئەوەی هەورامی و هەڵەبجەیی و خەڵکی ئەو ناوە دەیبەستن. هەندێک ترێم جودا کردەوە و لە میوە و تەڕەکانی تریش لە هەر شتەی شتێکم لێ جودا کردنەوە؛ تەماتە و کولەکە و بایینجان و کاڵەک و شووتی. وتم لەو چۆڵە وارە سەرکردایەتی هیچیان لەلا نییە با هێندێک تەڕەیان بۆ بەرین. کە نێوی سەرکردایەتیم هێنا تەڕفرۆشی شەدە بەسەر زۆر بەوردی تەماشای کردم. وابزانم ئەو تەماشاکردنەی هی ئەوەبوو لەنێو دوکانەکەدا من دەوری بەرپرسم دەگێڕا کەچی جلک و بەرگ و پێڵاوی من لە هی بەرپپرسان نەدەچوون هی پێشمەرگەکانی دی چاکتر وێدەچوون. وتم دەی بیان کێشە بزانین بایی چەندن. دوکاندار وتی نایانکێشم. وتم بۆ نایانکێشی؟ وتی ئێوە ئەسحابەی ڕەسوڵەڵڵان سەلەڵڵاهو عەلێیهی وەسەلەم چۆن میوەتان بە پارە بدەمێ؟ چەندی کێشەم لێکرد ئەو هەر قسەی خۆی کرد. گرانی بازاڕ لەوپەڕی خۆیدابوو، ئەوەندە تەڕەیە بایی پارەیێکی زۆر بوو. بە جەماعەتم وت یاڵڵا سواربنەوە بابڕۆین، شتەکان نابەین. ئەم جارە کابرا شتەکانی کێشان و پارەمان دایێ. ئەمجارەیان تەڕەفرۆش دوو شووتی خستنە نێو سەیارەکەوە گەورەترین شووتی دوکانەکەی بوون. سوێندی خوارد وتی دەبێ بیانبەن وتمان بەهەرحاڵ دڵت ناشکێنین. ئێستا تەڕەفرۆشی شەدەبەسەر ئەگەر لە ژیاندا مابێ - ئیشاڵڵا هەر ماوە و دووسەت ساڵ دەژی - نەحلەتی هەموو شەیتانەکانی جیهان بۆ ئێمەی ئەسحابەی ڕەسوڵەڵڵا (د.خ) دەنێرێ.[1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 971 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!