ناو: شێر عەلی
نازناو: شێر عەلی مەردان خان
ناوی باوک: عەلیقولی خان محەمەد عەلی خان
ناوی دایک: بی بی مریەم کوێخا
ساڵی شەهیدبوون: 1934
شوێنی لەدایکبوون: ناوچەی #بەختیاری#
شوێنی شەهیدبوون: زیندانی قەسری تاران
$ژیاننامە$
عەلی مەردان خان کە بە (شێرعەلی مەردان)یش ناسراوە، کوڕی عەلیقولی خانی کوڕی محەمەد عەلی خانە. دایکی عەلی مەردان خان، (بی بی مریەم) کۆێخای ناسراوی بەختیارییەکان بوو. لەلایەن دایکییەوە وەک گەنجێکی ئازادیخواز پەروەردە کرا.
بی بی مریەم یەکێک لە کەسە ناسراوەکانی شۆڕشی مەشرووتە و گرتنی ئەسفەھان و تاران و جەنگ لەگەڵ ڕووسیا بوو و لە مێژوودا وەک یەکەم کوێخای ژنی ئێران ناوی ھاتووە.
لە مێژ بوو سیاسەتە نەگریسەکانی ڕەزاشا، کڵپەی شۆڕشی لەناو بەختیارییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا ھەڵگیرساندبوو.
عەلی مەردان خان پاش ڕاوێژ لەگەڵ گەورەکانی عەشیرەتەکەی، بڕیاری دا سەرپەرشتیی شۆڕشی بەختیارییەکان دژی ڕەزاشا بکات. زۆری نەخایاند، عەشیرەتەکانی چوارلنگ و ھەفت لنگ لەدەوری کۆ بوونەوە و زۆرترین خان و کوێخاکان کەوتنە ھاوکاریکردنی ئەو شۆڕشە.
عەلی مەردان خان ساڵی 1929 بە دوو ھەزار چەکدارەوە شاری (کورد)ی گرت و ئەو تورکانەی لەو شارە بەرپرس بوون، دەستگیر و زیندانی کرد. بەشێک لە ئەسفەھانیش کەوتە دەست بەختیارییەکان. حکوومەتی ناوەندی لە چەندین قۆڵەوە ھێرشی گەورەی کردە سەر بەختیارییەکان، بەڵام سوپاکەی عەلی مەردان خان شکستی بە لەشکرەکانی شا هێنا و ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە سەربازییەکانی حکوومەت بە ڕووت و قووتی لەناو ”شاری کورد“ سواری گوێدرێژ و ھێستر کران.
لە ئەنجامدا حکوومەت زۆرترین ھێز و لەشکرەکانی لە چوار قۆڵەوە لە شاری کورد نزیک کردەوە و پاش ساڵێک شەڕکردن، بە میانگیری و ناوبژیوانیی ژمارەیەک کوێخا، عەلی مەردان، خۆی ڕادەستی تاران کرد. پاش ڕادەستبوونی عەلی مەردان خان، حکوومەتی ناوەندی ھەرچی بەڵێن بوو خستییە ژێر پێ و بڕیاری کوشتنی بۆ ئەو شۆڕشگێڕە دەرکرد، ساڵی 1934 شەهیدی کردووە. [1]