ناونیشانی بابەت: پاشماوەکانی ژیانی مرۆڤ لە کوردستانی دێریندا
ئامادەکردنی: #هامنۆ ئەیوب هەورامی#
کاتێک دەمانەوێت مێژووی زنجیرە چیاکانی (زاگرۆس) لە سەردەمی چاخە بەردینەکاندا دیاری بکەین، دەکرێت بەو ڕاستییە بگەین، کە ئەم ناوچانە لە بەرەبەیانی مێژووەوە مەنزڵگایەکی شیاو و هێمنی مرۆڤە سەرەتاییەکان بوون. ئەوەش بەهۆی بوونی دەیان ڕووبار و زێ و چۆم و دۆڵ و چیا، لەپاڵ ژیانی سەدان گەلە گیانداری شیردەر لە جۆرەکانی (کەرەکێوی و ئاسک و گاکێوی) کە جێگای سەرنج و بایەخی مرۆڤە سەرەتاییەکان بوون، ئەوانیش لەسەر ڕاوکردنی ئەو گیاندارانە ژیاون و یەکەمین پیشەی مرۆڤی سەرەتاییان دروست کردووە، ئەمە و دۆزینەوەی شوێنەواری ئەو قۆناغە مێژووییە لە دامێنی خۆرئاوای زاگرۆس لە #کوردستان#دا، بەڵگەی ڕاستییەکانمانن.
دیارە جاران وا دەزاندرا، کە لێواری چۆم و ڕووبارەکان؛ دێرینترین نیشتمانی مرۆڤ بوون، ئێستا لای مێژوونووسان ڕوون بووەتەوە، کە دۆڵ و گەلی و دەشتایی و لاپاڵی چیاکان، هەزاران ساڵ پێش کەناری ڕووبارەکان لە لایەن مرۆڤەوە ئاوەدان کراونەتەوە.
هەتاوەکوو ئێستاش لەسەر خاکی کوردستان لێکۆڵینەوەیەکی ئەوتۆی گشتگیر و زانستیی شوێنەوارناسی نەکراوە، کە شایستەی خودی خاکەکە بێت، سەرەڕای ئەمەش، شوێنەواری لەمێژینەیی ژیانی مرۆڤ لە چەندین شوێن و گۆشە و کەناری ئەم وڵاتە بەردەست کەوتوون. لەوانە (بەردەبەڵگە) لەدەرەوەی شاری (#چەمچەماڵ#)، کە دەریدەخات سەردەمی نیشتەجێبوونی مرۆڤ لەو ناوچەیەدا بۆ سەردەمی دواچەرخی بەستەڵەکی دەگەڕێتەوە، واتە لەنێوان (100000-60000) ساڵی پێش ئێستا. هەروەها شوێنەواری تێدامانەوەی مرۆڤ لە #ئەشکەوتی هەزارمێرد#، کە دەکەوێتە دووریی (18) کیلۆمەتر لە باشووری خۆرئاوای شاری #سلێمانی#، کە بۆ سەردەمەکانی بوونی مرۆڤی نیاندەرتاڵ دەگەڕێتەوە، واتە لەنێوان (100000-35000) ساڵ پێش ئێستا ژیاون. لە #ئەشکەوتی شانەدەر# یش لە بەشی خوارووی چیاکانی برادۆست، پاشماوەی نیشتەجێبوونی مرۆڤی نیاندەرتاڵ دۆزراوەتەوە و دەرکەوتووە کە، (60000) ساڵ پێش ئێستا، ئەو ئەشکەوتە شوێنی ژیانی مرۆڤ بووە.
لە ئەشکەوتی (بابەخاڵ) لەنزیک (هەودیان) و (سەراندۆڵ)ی نێوان #هەولێر# و #شەقڵاوە#ش؛ پاشماوەی هەمان سەردەم دۆزراونەتەوە، شوێنەواری زۆری دیکە دوای ئەو سەردەمانەش لە زۆر شوێنی دیکەی کوردستان دۆزراونەتەوە، وەک ئەشکەوتی (زەرزی، باڵی کۆرا، چەرموو، باراک، کەریمشار، گردەجای، گردەماملک، زاوی چەمێ، گردی شمشارە، تەمەرخان، بارام تەپە، کێلەشین) و ...هتد.
شوێنەوارەکانی کوردستان پاشماوەی گرنگی ئەم چاخە دێرینانەن بۆ پەیبردن بەو مەودایە، (کارود) توێژینەوەکانی لە ساڵی (1928ز) لە ناوچەی (سلێمانی) دەستپێکرد و سەردانی هەردوو ئەشکەوتی (زەرزی و هەزارمێرد)ی کردووە، لە ئەشکەوتی (زەرزی)، کە دەکەوێتە نزیکی شارەدێی سوورداش، چەندین شوێنەواری دۆزییەوە، کە دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردینی دێرینی سەروو، ئەو کەرەستانەش، کە تێیدا بەدی دەکران؛ لەو جۆرانە بوون، کە بە (مایکرۆلیت) ناسراون و نیشانەکانی ئاماژە بەوە دەکەن، کە دەگەڕێنەوە بۆ چاخی بەردینی ناوەڕاست، کە هەتاوەکوو (120000) ساڵی پێش لەدایکبوونی مەسیح درێژ بووەتەوە.
(بەردەبەڵگە) بە یەکەمینی ئەم نموونانە وێنا دەکرێت، کە لە ساڵی (1951ز)دا لە لایەن هەردوو شوێنەوارناسی ئەمریکی (برۆس هاو و هربرت ڕید) دۆزرایەوە، کە چەندین دەساوردی چاخی بەردینی دێرینی لەخۆ گرتبوو، لەوانە بەردی خڕ و چەقۆی جیاواز و تەوری دەستی بچووک لە جۆری (ئاشۆلین)، سەرەڕای دۆزینەوەی چەندین پەیکەری ئێسکی ئاژەڵ لە جۆری فیل و کەرکەدەن و گامێش و کەرەکێوی. پاشان شوێنەوارناسی کەنەدی (تۆماس لۆی) لێکۆڵینەوەی لەسەر دۆزراوەکانی (بەردەبەڵگە) کرد، سەرەنجام گەیشتە ئەوەی، کە پاشماوەی پرژەی خوێنی مرۆڤێکی نیاندەرتاڵ لەسەر یەکێک لەو دۆزراوانە بدۆزرێتەوە، کە بۆ نزیکەی (100000) ساڵ پێش لەدایکبوونی مەسیح دەگەڕێتەوە. هەروەها شوێنەواری دیکەی ئەم سەردەمە لە لایەن (سنگر وایمەر) لە ئورمییە و (پدر مورتنسن) لە پل باریکی هەلیلانی لوڕستان و (ڕۆبرت بریدۆد) لە گردی گاگیەی خۆرهەڵاتی کرماشانەوە، توانییان چەندین ئامێری چەرخی بەردینی دێرین بدۆزنەوە، وەکوو تەوری دەستی، کە بۆ نزیکەی (75000 – 70000) ساڵی پێش لەدایکبوونی مەسیح دەگەڕێتەوە.
لە دێرینترین شوێنەواری مرۆڤی دێرینیش لەم هەرێمەدا، لەلایەن شوێنەوارناس (#ڕاسف سوڵکی#) بوو لە ئەشکەوتی شانەدەر، کە پاشماوەی نیاندەرتاڵ بوو و بۆ نزیکی (70000-40000 پ. ز) دەگەڕێتەوە. هەروەها پاشماوەی شوێنی نیشتەجێبوونی دیکەمان هەیە بۆ ئەو سەردەمە، وەکوو (هەزارمێردی سلێمانی و تۆم تۆمەی ئورمییە و کل داوودی سەرپیلی زەهاو و بەرەکانی بن وارواس و کبەی #کرماشان# و ئەشکەوتەکانی و دەوروبەری خوڕەماباد).
بۆ ئەم بابەتە سوود لەم پەرتووکانە بیندراوە:
سەرەتایەک بۆ مێژووی شارستانییە دێرینەکان – بەرگی یەکەم، نووسینی: تەها باقر، وەرگێڕانی: عوسمان عەزیز عەللاف و ئەفراسیاب ڕەشید کەریم، پێداچوونەوەی: کەمال نوری مەعروف.
مێژووی کۆنی کورد، نووسینی: د. جەمال ڕەشید ئەحمەد و د. فەوزی ڕەشید، وەرگێڕانی: ملکۆ کەلاری.
چیانشینانی زاگرۆس، نووسینی: هورمزی بیگلەری، وەرگێڕانی: حەمەی حەمەسەعید، پێشەکی بۆ نووسینی: د کەیوان ئازاد، پێداچوونەوە: سەریاس عەلی جوانڕۆیی.
مێژووی ئارامییەکان لە کوردستاندا، نووسینی: شاسوار هەرشەمی.
کورد لە سەرچاوە مێژووییەکاندا، نووسینی: عەبدوڵا قەرەداغی. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!