ناو: سەرگوڵ
ناوی باوک: حسێن
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
$ژیاننامە$
ناوی تەواوی سەرگوڵ حسێن سڵێمان، لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەشی شانۆ.
دەستپێکی کاری هونەری دەگەڕێتەوە بۆ چوونی بۆ پەیمانگای هونەرە جوانەکان ، بەشداری لە چەندین فیلمی سینەمایی و شانۆ و درامادا کردووە تا ئێستاش بەردەوامە لە خزمەت بە هونەری کوردی، وەک نواندنکار لەگەڵ چەندین دەرهێنەردا کاری کردووە لەوانە: ( #گەزیزە عومەر عەلی ئەمین# ، کامەران ڕەئوف، شەفیق، محەمەد کارۆخ ئیبراهیم، مەریوان عومەر، .کارۆخ محەمەد، پێشڕەو حسێن ، میران کامەلا، مامۆستا مۆفەق لهۆنی، #هاوڕێ مستەفا# ، خالید حەمەلاو، بێهروز نوورانی پور، فوئاد جەلال )
بەشێک لەوبەرهەمە هونەریانەی بەشداری تێداکردووە بریتین لە:-
( کورتەفیلمی منداڵی بلووری، درامای سۆما، درامای کرێچییەکان، مۆنۆدرامای کەسێک لەدەرگا دەدات، شانۆگەریی ڤانیا) چەندینی دیکە.
لە ژیانی هونەریدا لە بەرانبەر بەخشش و بەشدارییە هونەرییەکانی چەندین خەڵاتی پێ بەخشراوە، لەوانە:-
خەڵاتی باشترین ئەکتەر لە ڤێستیڤاڵی مۆنۆ درامای هەولێر بۆ مۆنۆدرامای (کەسێک لە دەرگا دەدات)
لە نووسینی/ بەڕێز مەجید
لە دەرهێنانی/ مەریوان عومەر
خەڵاتی ڕێزلێنانی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان
خەڵاتی ڕێزلێنانی سەندیکای هونەرمەندان
خەڵاتی ڕێزلێنانی تیپی شانۆیی شار
خەڵاتی ڕێزلێنانی تیپی شانۆیی هاوڕێیانی گەزیزە
دواین کاری هونەری بریتیبوون لە بەرهەمێکی هونەری بەهاوبەشی لەگەڵ دەرهێنەر (بێهرۆز نوورانی پور )
(درامای کرێچییەکان)
لە نووسینی (شوعلە شەریعەتی )
(پێشڕەو حسێن) کاری وەرگێڕانی بۆ کردووە
(کاوە ئەحمەد میرزا) پێداچوونەوەی بۆ دەقەکە کردووە، ( #ئەنوەر قەرەداغی# )کاری موزیکی دراماکە جێبەجێ دەکات.
دەرهێنانی لەلایەن (دکتۆر غەسان عەبدوڵڵا)
بەرهەمی وەزارەتی ڕۆشنبیری کوردستانە
کۆمپانیای مەستی فیلم جێبەجێی دەکات.
لەبارەی نواندنی سەرگوڵ حسێنەوە لە مۆنۆدرامایی (کەسێک لەدەرگا دەدات) نووسەر و ڕەخنەگر
(حەیدەر عەبدولڕەحمان) دەڵێت:-
کەسێک لەم دیو دەرگاوە ڕەخنەی هەیە!
فەلسەفەی نمایش
کاتێک بێدەنگی باڵی بە سەر هۆڵێکدا دادەکێشێ، هەناسەکانت لە خۆت دەبڕی بۆ ئەوەی بچیتە نێو ڕووداو و دیمەنەکانی مۆنۆدرامای (کەسێک لە دەرگا دەدات) لە نووسینی بەڕێز مەجید و دەرهێنانی مەریوان عومەر و نواندنی سەرگوڵ حسێن. لە دنیایەکی گەورەی پڕ لە تراژیدیادا تەنیا ژوورێکی تاریک دەبینی کە لە زیندانێکی بچووک دەچێت، دەرگاکانی بە زنجیر قفڵ دراون، گوریس وەک هێمایەک بۆ کۆتوپێوەنددەکانی بنیادەم، ژوورەکەی تەنیووە، جۆلانەیەک بۆ لاواندنەوەی ئازارەکانی ڕۆحی ئافرەتێکی جەزرەبە دراو بە کۆمەڵێک کولتووری کۆمەڵایەتی دوا کەوتوو، کە ئازادی و مافی مرۆیی و ژیان بە تێکڕاییی دەخاتە نێو زیندانێکی تاریک و نووتەک، لەو لاشەوە فیلمێکی سینەمایی، شریتێک لەو ڕابووردووە تاڵەلەژێر ئاوێنەیەکدا دەبیندرێت، کە ڕۆژانی ڕابووردووی ئەو ژنە بەدبەختەی تێدا تۆمار کراوە.
چیرۆکی ئەو ژنەی کە هەر لە منداڵییەوە، ترسی خەتەنە و ستەمە بێڕەحمەکانی دایک و باوکێکی دڵڕەق، منداڵێک دەخەنەوە، لێوانلێو لە ترس و دڵەڕاوکێ و ڕاڕایی، منداڵێکی هەڵاتوو لە خۆزگە منداڵیەکان و نەفرەتکردوو لە گەورەیی. ئەو یاسا کۆمەڵایەتییانەی لە دەسپێکی ئەو ژیانەی لای ئەو هێشتا لە دایک نەببوو، کاتێک یاخیبوونی ئەویان بۆ زەماوەند لەگەڵ نێرینەیەکی ڕۆبۆت ئاسا بە ناو عەبدولڕەحمان لەبار برد و چارەنووسییان خستە نێو شەڕواڵی ئەو نیرینەیەو دوای ئەوەی هەتکیان کرد و بە زۆر کچیێتیان لێ سەند. ئینجا تەڵاقیان دا. ئەوەندەش بەس نەبوو، ویستیان بۆ جارێکی تر ئەو کەرەستە بازاڕیییە بە عەبدولڕەحمانێکی تریش بفرۆشن.
ئیدی هیوایەک نەما لە پێناوی دا بژیت، ئەوە نەبێت، لەو زیندانە تاریک و نوتەکە زنجیر دارە، بێ هیوا بژیت و دەرگا لە هیچ کەسێک نەکاتەوە لەو بەنی ئادەمانەی خەونەکانیان هەڵوەراند. لە وێدا ڕووبەڕووی دایکی و باوکی و ئەو هاوسەرە ڕۆبۆتئاسایە بێتەوە کە ئەویان بەو ڕۆژە تاریکە گەیاند. لەوێدا تووشی هیستریایەک بێت، بیەوێت بە قومە قووڵەکانی جگەرە ساڕێژی برینە بە سۆکانی بکات، بیەوێت بە جۆلانەیەک ئارامی بە ڕۆحی داخکراوی خۆی ببەخشێت. بەڵام ئەو لە دوا ساتدا، ئەو بڕوایەی لا درووست دەبێت کە ئەو شایەنی ئەوە نییە خۆی ڕادەستی ئەو کۆتاییە تاڵە بکات، بۆیە لەو واقیعە تاڵە یاخی دەبێت زنجیر و کۆت و پێوەند و گوریسەکان دەپچڕێنێت و ئەو شریتە پڕ لە مەرگەساتانەی ڕابووردووی بە دەستی خۆی دەسوتێنێت و ڕوو لە ژیانێکی نوێ دەکات. کە ئەو ژنە دەستەپاچەیە نەبێت ببێتە قوربانی ئەو دەردە کوشندە کۆمەڵایەتیانە، بەڵکوو ئەو یاخی دەبێت و باروکەکەی فڕێ دەدا بە فۆرمێکی ترو ئەقڵێکی تر ژیان دەست پێدەکاتەوە. بۆ ئەوەی بە هەمووان بڵێ هەرگیز ژیانتان ڕادەستی واقعێک مەکەن کە وەک هەر کاڵایەکی بازاڕی سەوداتان پێ بکات، بەڵکوو دەبێت وەک مرۆڤ دەستەپاچە نەبن و ڕووبەڕووی ئەو واقیعە تاڵە ببنەوە، بۆ ئەوەی بۆ نەوەکانی داهاتووتان ژیانێکی نوێ بۆ خۆیان درووست کەن.
فۆرم:
بۆ بەرجەستەکردنی ئەو تێکستە مۆنۆدرامیە و گەیاندنی فەلسەفە و وتاری نمایش، دەرهێنەر کۆمەڵێک ئامرازی بە دەستەوەیە کە لە سەرووی هەموویانەوە ئەکتەرە، ئینجا سینۆگرافیا و کارلێ تێکردنەکانی دیکەی نمایش. ئەو هەوڵی ئەوەی داوە تێکستەکە بخاتە نێو فۆرمێکی سادە، کە بریتییە لە دیکۆرێکی ساکار، کە ڕەنگی ڕەش وەک هێمایەک بۆ ژوورێک لە شێوەی زیندانە، بە سەریدا زاڵە، جۆلانەیەک لە لای ڕاستی شانۆ، بۆ درووستکردنی ئەکشن و ڕاگرتنی هاوسەنگیی ڕیتمی شانۆ، پەتێک کە جلی دایکی پێوەیە لە فەزای شانۆوە بۆ خوارەوە، ئەوی تریان بۆ باوکی و یەکێکیش بۆ هاوسەرەکەی، لە لای دواوەی چەپی شانۆ بەکرەیەکی سینەمایی و شریتی فیلمێک بۆ گێڕانەوەی ڕابووردوو، لەگەڵ ئاوێنەیەک، لە ناوەڕاستی شانۆشدا تەختەیەکی پێچاوپێچ بۆ شەوی پەردوو (بووک و زاوایی) داندراوە.
بەڵام دەرهێنەر بۆ درووستکردنی وێنە، ئامرازەکانی بەزیندوویی ڕانەگرتووە و ئەو بوارەی نەڕەخساندووە کە کاراکتەرەکانی باگراوندو ئامادەیەکی زیندوویان هەبێت لەسەر شانۆ، بەڵام ئەکتەر کە بەرپرسی یەکەمە لە بەرجەستەکردنی ئەو کاراکتەرانەو بە زیندووڕاگرتنیان، ئەوە دەبێت بڵێین کە ئەدای ئەکتەر بۆ بەرجەستەکردنی کاراکتەرەکان جگە لە دایکی نەبێت، بۆ باوکی و هاوسەرەکەی لاواز بوو، ئامرازە سینۆگرافیەکانیش یاریدەیان نەدا بۆ وێناکردنی ئەو کاراکتەرانە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش.
دەرهێنەر هەموو پشتبەستنێکی بە ئەکتەرە، ڕاستە کە ئەکتەر کرۆکی سەرەکیی نمایشە، بەڵام کاتێک دەتوانین یاریدەی ئەکتەر بدەین بۆ ئەوەی وێنەیەکی جوانتر لە خۆی لەسەر شانۆدا نیشان بدات، کە سینۆگرافیایێکی زیندوو بۆ ئەتمۆسفیری شانۆ درووست بکەیت و بۆ بە زیندووڕاگرتنی شانۆش هاوسەنگیت هەبێت، بەڵام ئەوەتا ئامرازەکانی سینۆگرافیا لە ڕووناکی و موزیکدا نەیان توانی وەک پێویست ڕۆڵی کارای خۆیان بۆ بەرجەستەکردنی دیوی ناوەوەی ئەکتەردا ببینن، لە کاتێکدا تایبەتمەندی نمایشەکە، لە ڕووی دەروونییەوە پێویستییەکی زۆری بە موزیک و ڕەنگ و ڕووناکی هەبوو.
دەرهێنەر دەست کورت بوو لە درووستکردنی وێنەی درامی، نمایشەکە جگە لە چەند وێنەیەک نەبێت، وەک شەوی بە زاوابوونەکە، باگ ڕاوندی هاوسەرەکەی لەژێر پەردە سینەماییەکە، هیچ وێنەیەکی دیکەی ئەوتۆی تێدا نەبوو کە لە زاکیرەی بینەردا بمینێتەوە، ئەمە لە کاتێکدا دەرفەتی زۆر هەبوون بۆ درووستکردنی وێنە و پڕ کر دنەوەی بۆشاییەکان.
لە ڕووی پێکهاتەی درامییەوە نمایشەکە کراوە بە دوو پارچە:
پارچەی یەکەمی نمایشەکە بریتییە لە دەستپێک تا ئەو شوێنەی ئافرەتەکە بڕیاری یاخیبوون دەدات.
پارچەی دووەم لە یاخیبوونەکەوە یە تا کۆتایی. هیچ هاوسەنگیەک لە ڕیتم و ئاستی درامی لەنێوان ئەو دوو بەشەدا نییە، ئەوەتا لە پارچەی دووەمدا دەرهێنەر زۆربە سادەیی و سەرپێیانە پارچەی دووەم بەڕێ دەکا، ئافرەتە باکوورەکەی سەری فڕێ دەدا، زنجیرو گوریسەکان دەپچڕێنێ، شریتەکە دەسوتێنێ، بێ ئەوەی هیچ کردەیەک، یان وێنەیەکی درامی ببینی، ئافرەتەکە لە شانۆ دەچێتە دەرەوە بە ڕیتمێکی مردوو، وەک ئەوەی هێشتا نمایشەکە کۆتایی نەهاتبێت. ئەو ڕادەستکردنە درامیە لاوازە، دەستە پاچەیی دەرهێنەر دەگەیەنێت لە درووستکردنی کۆتاییەکی هێمادار کە بینەر لەگەڵ خۆیدا دوا وتارو فەلسەفەی نمایش لە دەرهێنەر وەرگرێت و بە چەند لەحزەیەکی ورووژێنەرو لە تۆپی ڕیتمدا نمایش بەجێ بێڵێ.
ئەکتەر:
سەرگوڵ حسێن ئەکتەرێکی لەشولار سووکە، بۆیە بۆ بەرجەستەکردنی کاراکتەری سەرەکی لە مۆنۆدرامادا توانستی لە سەرپێ وەستان و ئەدای باشی هەیە لە شانۆدا، لە نمایشی کەسێک لە دەرگا دەدات، لە پارچەی یەکەمدا توانستێکی باشی نیشان داین، لە هەندێک دیمەندا بوێرانە زۆر کۆتو پەیوەندی شکاند لەوانەش لە دیمەنی بە زاوابوونەکە، لە دیمەنی جگەرەکێشانەکە زۆر ڕۆمانسیانە دەر دەکەوت، ئەو پێویستی بە هاوکاریی زیاتری دەرهێنەر هەبوو، بۆ ئەوەی زێتر لەوەندە توانستی ئەو قۆرخ بکرایە و سوودی زێتری لێ بینیبوایە.[1]