ناونیشانی بابەت: کابینەی نۆ، پرۆژەی بەردەوام سەرەڕای بەربەستەکان
ناوی نووسەر: #فرسەت سەید شکور#
ئەگەرچی پیلانەکان دژ بە هەرێمی کوردستان و قەوارە دەستوورییەکەی لە ناوخۆی کوردستان و ئێراق و هەتا وڵاتانی ئیقلیمیش بەردەوام هەبووە، بە هەر شێوەیەک بێت، هەوڵ دراوە سنوور بۆ سەرکەوتن و پێشڤەچوونەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابنرێن، بەڵام ئەوەی بۆ هەموان لەم قۆناغەدا یەکلایی بووەتەوە؛
ئەم حکوومەتە، بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە بناغەیەکی پتەو و جێگیری هەگبە پڕ لە پرۆژە و خزمەتگوازی و کارئاسانیی ژیانی هاووڵاتییانی هەیە و ئاڵنگارییەکان دەشکێنێت.
کابینەی نۆیەمی حکوومەت، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، لە سەرەتای کارکردنیەوە ڕووبەڕووی ئاریشەی زۆر بووەوە، بەو پێیەی، دروشمی چاکسازیی کردە کردار، ئەمەش وای کرد، کە هەندێک هێزی سیاسی بکەونە پەلەقاژە و لەپێناو ئاشکرانەبوونی تاڵانی و ئەو سەرپێچییە دارایی و سیاسی و ئەمنییانەی هەیانبووە، هەموو ڕێگەیەکی ناشەریفانە بگرنە بەر، بەڵام سەرەڕای تاقیکردنەوەکانی هەموو کەتنەکانیان، لە لاوازکردنی کابینەی نۆیەم شکستیان هێنا.
وێڕای هەموو ئەو ئالنگارییانە، (کابینەی نۆیەم) لە پرۆژە گرنگە ژێرخانییەکانی بەردەوامە و سڵی لە بۆمب و بەربەستەکان نەکردووەتەوە، چونکە سەرۆک وەزیرانێکی بەهێزی هەیە، تەنیا لە دە پازدە رۆژدا (کارگەی شیرەمەنی لە بارزان، هەفتەی تەندروستیی کوردستانی
– ئوردنی، پێشانگای تەکنۆلۆژی لە هەولێر، بەدیجیتاڵکردنی کارەکانی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، کردنەوەی بانکی جیهان، گۆڕانکاری و ئاسانکاری لە تۆمارکردنی کۆمپانیاکان….تد) راگەیاندنی ئەو هەموو پرۆژە گرنگە لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان، لە هەموو ئەمانەدا مەسرور بارزانی ئامادە بووە یان سەرپەرشتیی کردووە و هەریەکەیان لە بوارێکی جیاوازدان و پرۆژەی گرنگی ستراتیژی و ژێرخانییان تێدایە. ئەگەر بە کورتی سەرکەوتنە سەرەکی و هەرە گرنگەکانی ئەم کابینەیە بە نموونە وەربگرین:
– لەکاتێکدا تەواوی جیھان بەدەست کۆرۆنا و لێکەوتە تەندروستی و ئابوورییەکانییەوە دەیناڵاند، کابینەی نۆیەم، زۆر بە بەرپرسیارانە توانیی خۆی لەگەڵ کەشە جیھانییەکە بگونجێنێت، ھەر لە خزمەتگوازیی تەندروستی و چاودێریی وردی نەخۆشخانەکان و دابینکردنی دەرمانی پێویست لە خزمەتی تووشبووانی نەخۆشییەکەدا بوو.
– لە کابینەی نۆیەمدا، هەوڵی جدی دراوە بۆ گەڕاندنەوەی منداڵانی سەرشەقام بۆ هۆڵەکانی خوێندن. – سەرەڕای سزادانی بەردەوامی ناڕەوای دەسەڵاتدارانی ئێراق، کەچی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان یەک پرۆژەی نەوەستاند، خەرجییەکانی کەم کردەوە و داھاتیشی زیاد کرد، تەنانەت بەشێک لە قەرزە کەڵەبووەکانی ڕابردوویشی دایەوە، کە بە (ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار) مەزەندە دەکرێت، جگە لەوەش، سەدان ھەلی کار بۆ بێکاران دۆزرایەوە، کە چەندین ساڵ بوو بەدەست کەمی، یان نەبوونی دەرفەتی کار گیرۆدە بووبوون، لەپاڵ ئەوەش، گەورەترین خواستی خەڵک بەدی ھات، کە ڕووبەڕوونەوەی گەندەڵی بوو، کە هەنگاوی زۆر باشی بڕی ڕێکارەکانی بە ئێستاشەوە بەردەوامە.
– لە بواری بازرگانییدا هەنگاوێکی کابینەی نۆیەم، کە ئابووریی هەرێمی کوردستان دەبووژێنێتەوە، بووە مایەی خۆشحاڵیی هاووڵاتییان، بە شێوەیەک، بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیا بە ئۆنلاین، دەتوانرێت سەردانی پۆرتاڵی تۆمارکردنی دامەزراوە بازرگانییەکان بکرێت.
– داخستنی کۆگاکان و بازاڕەکانی چەک و دانانی سنووری تەواو بۆ بارزگانیکەرانی چەک، بۆ ڕێگەگرتن لە کوشتن و تاوانکاریی زیاتر، لە بڕیارە بوێرییەکانی مەسرور بارزانی بوو، ئەمەی دوایی بەئێستاشەوە بەردەوامە، کە داخوازیی سەرەکیی خەڵکی کوردستانە. لەگەڵ ئەوەش، ڕێنمایی نوێی یاسایی بۆ داماڵینی چەک، لەژێر چاودێریی (مەسرور بارزانی)دایە، کە ئەوەشیان لەپێناو پاراستنی خەڵکی کوردستاندایە.
– گوێگرتن لە میدیاکاران لەلایەن مەسرور بارزانی، میتۆدێکی گرنگە لە خوێندنەوە بۆ بۆچوون و دیدگای ڕۆژنامەنووس و میدیاکاران، مۆدێلێکی نوێی تێگەیشتنی دیموکراسییانەی دروستە، بەتایبەت بۆ پرسێکی گەورەی وەک میدیا، کە وەک دەسەڵاتی چوارەم لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگە و وڵات ھەژمار دەکرێت.
– پیشاندانی پێگەی ھەرێمی کوردستان بە دونیای دەرەوە، بەتایبەت لە ڕووی ئارامی و ئاوەدانی و خوێندنەوەی لۆژیکییانە بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی، لە سیاسەت و ستراتیژییەت و دونیابینیی مەسرور بارزانی ڕەنگی داوەتەوە.
– سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە پێشانگا نێودەوڵەتیەکان داوە، نەخاسمە تەکنەلۆژییەکان، ئەو کارئاسانییە بووە هۆکاری کردنەوەی چەند پێشانگایەکی تەکنەلۆژیا و زانیاریی ئابووری و بوارەکانی دیکە. گرنگیدان بە پرۆژەکان.
1- لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا، زیاتر لە 392 ملیار دینار بۆ پرۆژە خزمەتگوازارییەکانی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە تەرخان کراوە.
2- بۆ کەرتی پەروەردە و دروستکردنی قوتابخانە و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، 36 ملیار دینار خەرج کراوە.
3- لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا، بڕی 25 ملیار دینار بۆ سێکتەری کارەبا تەرخان کراوە.
4- بۆ دروستکردنی سایلۆ و کۆگاکان، 37 ملیار دینار خەرج کراوە.
5- بڕی 282 ملیار دینار بۆ پرۆژە خزمەتگوازرییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی ھەرێم خەرج کراوە.
6- بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، بڕی 25 ملیار دینار خەرج کراوە.
7- بۆ دروستکردنی بەنداو، لەپێناو ڕێگەگرتن لە وشکەساڵی، 22 ملیار دینار خەرج کراوە.
8- بۆ سێکتەرە جیاوازەکانی دیکەی خزمەتی گشتی، 31 ملیار دینار خەرج کراوە.
ئەم ئامارانەی باس کران، ڕۆژانە و هەفتانە گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و دێت، چونکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە خزمەتگوازییەکانی نەوەستاوە و لە تەرخانکردن و خەرجکردن بۆ پرۆژە ستراتیژیییەکانیش بەردەوامە. گرنگترین خاڵیش، کە تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرکەوتنەکانی کابینەی نۆیەمە، بەرگەگرتنی بەرپرسیارێتییە.
ھەروەک #مەسرور بارزانی# خۆی دەڵێت: (ئەگەر بە تەنیاش بم، تەحەمولی بەرپرسیارێتیی دەکەم). مێژووش سەلماندوویەتی، ئەوەی لە بەرپرسیارێتیی نەترسابێت، لە ھەڕەمی سەرکەوتن و لەئاست متمانەی خەڵکیشدا بووە. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!