ناونیشانی بابەت: پرۆسەی بنیاتنانەوەی نەتەوە
ناوی نووسەر: #فرسەت سەید شکور#
پرۆسەی بنیاتنانەوەی نەتەوە (Nation Building) یەکێکە لەو پرۆسانەی، کە بە قۆناغێکی دژوار بۆ نەتەوە دادەنرێت، لە ڕاستیدا ئەمە بەو واتایە نایەت، کە لەپێشدا ئەم پرۆسەیە نەتەوە نەبووە، بەڵکوو لە زانستی سیاسەت بەو مانایە بەکار هاتووە، کە پێویستە فاکتەر و کارتێکەرە گرنگەکانی نەتەوە بۆ پاڵپشتیکردن و چەسپاندنی دامەزراوە فەرمییەکانی وڵات بەکار بخرێن، هەروەها بۆ ئەوەی هاوئاهەنگییەکی دروست لەنێوان وڵات و کۆمەڵگەدا هەبێت و دەوڵەت و کۆمەڵگە پێکەوە هاوکار بن لە ڕەتکردنەوەی دەستێوەردانی دەرەکی و هەڕەشەی دەرەکی بۆ سەر دەوڵەت.
بنیاتی نەتەوە (Nation Building) جیاوازە لە زاراوەی بنیاتی دەوڵەت (State Building)، لەبەر ئەوەی زۆر لە نەتەوەکان سەدان ساڵ خاوەنی دەوڵەت بوون، بەڵام لە یەکێک لە قۆناغەکانی نەتەوەدا، پێویستیان بە پرۆسەی بنیاتی نەتەوە بووەتەوە، کەواتە لێرەوە دەکرێت بڵێین، پرۆسەی بنیاتنانەوەی نەتەوە، پرۆسەی دووبارە پێناسەکردنەوەی ئەو دەوڵەتەیە، کە هەیکەل و ناسنامەی نەتەوە بە شایستەی شکۆی نەتەوە پیشان دەداتەوە، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەگەر نەتەوەیەک خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ نەبێت، دەتوانێت پرۆسەی بنیاتنانەوەی نەتەوە لە چوارچێوەی کیانێکی بێ سەروەریی دەست پێبکات؟ بێ گومان مێژووی پرۆسەکانی بنیاتنانەوەی نەتەوە پێمان دەڵێت، بەڵێ هەیە، هەر بۆ نموونە، تایوان ئەو هەرێمەیە کە خاوەنی پڕۆژەی بنیاتنانەوەی نەتەوەیی خۆی بووە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی هەتا ئێستاش ئەو مەسەلەیە لەئارادایە، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان تێکەڵاوی چین بێتەوە.
لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە، ئایا دەکرێت نەتەوەیەک پارچە پارچە کرابێت و لە بەشێکەوە دەست بە پرۆسەی بنیاتنانەوەی نەتەوە بکرێت؟ ڕەنگە ئەڵمانیای دوای شەڕی دووەمی جیهان و کۆریای دوای شەڕی ساڵی 1953 پێمان بڵێن؛ بەڵێ دەکرێت، هەروەک چۆن ئەڵمانیای ڕۆژئاوا ڕاستەوخۆ لەدوای دووەم شەڕی جیهان و لە چوارچێوەی پڕۆژەی مارشاڵدا دەستی پێکرد و دواتر دوای ڕووخانی دیواری بەرلین ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئەڵمانیای ڕۆژئاوا یەکی گرتەوە و پرۆسەکە بوو بە پرۆسەیەکی سەرتاسەری، هەروەها بۆ ئێستای کۆریای باشووریش دەبینین.
کۆریای باشوور لەدوای ساڵی 1953 دەستی بە پرۆسەی بنیاتنانی نەتەوە کردووە، بەڵام هێشتا بەشێکی گەلی کۆریا لە باکوور دەستیان پێنەکردووە، ئەم ئاراستەیە پێمان دەڵێت، پرۆسەی بنیاتی نەتەوە، واتە پرۆسەی بنیاتی دەوڵەتی دامەزراوەیی، کە دەبێتە سەرەتا بۆ دروستبوونی دەوڵەتی سەروەریی یاسا و دەوڵەتی دیموکراتی، کەواتە کاتێک دێین باسی ئەم پرۆسە گرنگە دەکەین، گرنگە بگەڕێینەوە بۆ مێژووی دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی، بەوەی هەموو نەتەوەیەک مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆی بێت، ئەمەش ئەو مانایەی لێ دەخوێنرێتەوە، کە دەوڵەت نابێتە ڕێکخەری هەیکەل و ناسنامەی نەتەوە، ئەگەر ئەو دەوڵەتە دەوڵەتێکی دامەزراوەیی نەبێت، ئەمانە پێمان دەڵێن پرۆسەی بنیاتی نەتەوە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە بوونی دەوڵەت وەک مەرجی پێشوەختە نییە و لە هەمان کاتدا پێمان دەڵێت، پرۆسەی بنیاتی نەتەوە پرۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی نییە.
پرۆسەی بنیاتنانەوەی نەتەوە لە وڵاتانی دوای شەڕ، یان تازە سەربەخۆ
ئێراق لە سەردەمی ڕژێمی پاشایەتیدا (1920- 1958) هەم ئەندامی کۆمەڵەی گەلان بووە و هەمیش ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە، بەڵام کاتێک لە ساڵی 1958 ڕژێمی پاشایەتی ڕووخا، پرۆسەی بنیاتنانەوەی نەتەوە لە ئێراقدا دەستی پێکرد، بەو مانایەی ئێراق ببێتە ئەو وڵاتەی کە هاووڵاتییانی خۆیان بە هاووڵاتیی ئێراق بزانن، هەر بۆیە دوای نووسینەوەی دەستووری کاتی و دانانی بەندی 3 لەو دەستوورە کاتییە، بەوەی ئێراق نیشتمانی هاوبەشی کورد و عەرەبە، گەلی کورد پشتگیریی لەم دەستوورە کرد و ئامادە بوو بەرگری لە کۆماری ئێراقیش بکات، بەڵام دوای ئەوەی عەبدولکەریم قاسم لەو بەڵێنانەی پاشگەز بووەوە، پرۆسەی بنیاتنانەوەی نەتەوە لە ئێراقدا هەرەسی هێنا، کورد نەک ئامادە نەبوو بەرگری لە کۆماری ئێراق بکات، بەڵکوو لە بەرامبەر هەموو حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئێراق شۆڕشی بەرپا کرد، بۆ ئەوەی پرۆسەی بنیاتنانەوەی نەتەوە لە ئێراقدا بخاتەوە سەر ڕێچکەی خۆی و کورد و عەرەب و تورکمان و کلدان و ئاشووری و سریانی و ئێزدی بە مافە نەتەوەیی و ئایینەکانی خۆیان شاد بن.
بەڵام ئەم هەوڵە هەتا ڕووخانی ڕژێمی پێشووی ئێراق لە ساڵی 2003 بێ ئاکام بوو، بۆیە جەنابی بارزانیی نەمر لەناو شۆڕشی ئەیلوولدا، پرۆسەی بنیاتنانەوەی نەتەوەی کوردستانی دەست پێکرد، ئەمەش بەو مانایەی، هەموو نەتەوەکانی کوردستان بە جیاوازیی ئایین و زمانەوە، وەک یەک نەتەوە یەکسانن لە مافی هاووڵاتیبوون و جیاوازیشن لە زمان و ئاییندا، ئەم پرۆسەیەی بارزانیی نەمر لە شۆڕشدا پیادەی دەکرد، توانا و ئیرادەی نەتەوەی کوردستانی یەک خستبوو، نەک بۆ بنیاتی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، بەڵکوو بۆ ئەوەی دەوڵەتی ئێراق ئەو توانایەی بۆ دروست بێتەوە، کە بتوانێت ئاشتی دروست بکات و توانا و ئیرادەی ئێراقییەکان بەو ئاراستەیە هەڵبسووڕێنێت کە هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان وەک یەک نەتەوە، مافی هاووڵاتیبوونیان هەبێت و پارێزگاری بە جیاوازیی ئایین و زمان و بیروبۆچوونی هەر یەکەشیان بگرێتەوە.
ئەمە دروست بەو مانایەی ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، تاکێکی کوردستانی (کورد بێت، یان تورکمان، یان کلدان و ئاشووری و سریان و ئەرمەن)، (موسڵمان بێت، یان کریستیان، یان ئێزدی، یان کاکەیی، یان زەردەشتی، یاخود سابئە)، ئەمانە هەموویان وەک تاکی گەلی کوردستان یەکسانن لە مافی هاووڵاتیبوون و ناسنامەی نەتەوەیی و بیروباوەڕی ئایینی نە هیچ شتێک لەو مافە زیاد دەکات، نە هیچ شتێکیش لەو مافە کەم دەکاتەوە.
ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەک هەوڵێکی سەرکەتوو لە پرۆسەی بنیاتی نەتەوەدا
پێش ئەوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان هەبێت، گەلی کوردستان هەبووە، بەڵام ئەم بوونە لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەسەلمێنراو و نەناسراو بووە، بەڵام بە رێکخستنی هەیکەل و ناسنامەی ئەم گەلە لەمیانەی دامەزراوە دەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، ئێستا وەک دەبینین نەک هەر ئیرادەی ئەم گەلە دانی پێدا نراوە، بەڵکوو هەموو جیهان ئامادەیە مامەڵەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەم هەرێمەدا هەبێت و ئامادەن کونسوڵخانە و نوێنەرایەتیی خۆیان لەم هەرێمە بکەنەوە، ئەوەی جێگەی سەرنج و هەڵوەستەکردنە، هەموو جیهان دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بە ئاستی دامەزراوەی دەوڵەتانی هاوچەرخ هەڵدەسەنگێنن، بەڵام ئامادەش نین وەک دامەزراوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دانی پێدا بنێن.
لێرەدا ناکرێت گلەیی ئەوە لە دەوڵەتانی جیهان بکرێت کە کوردستان وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری ناناسن، چونکە، یەکەم: بزووتنەوەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان خۆی یەکێک لە ئامانجەکانی فیدراڵی و دیموکراتییە لە zێراقدا و داوای جیابوونەوەی نەکردووە، دووەم: هەم دەوڵەتانی جیهانیش ئومێدی ئەوەیان بە هەرێمی کوردستانە، کە پرۆسەی بنیاتنانەوەی نەتەوە لە ئێراقیش هاوشێوەی هەرێمی کوردستان سەرکەتوو بێت، بەڵام ئەگەر لە لایەکی دیکەوە سەیری پرۆسەی بنیاتنانەوەی نەتەوە لە هەرێمی کوردستان بکەین و بپرسین، کە ئێمە هەوڵەکانمان بۆ بنیاتی دەوڵەتی سەربەخۆیی خاوەن سەروەری نییە، بۆچی دەستمان بەم پرۆسەیە کردووە؟
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا، پرۆفیسۆر ئەنتۆنیۆ داماتۆ، ڕاوێژکاری یاسایی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کۆسۆڤۆ، دەڵێت؛ کە پێویستە پێش ڕاگەیاندنی دەوڵەت زەمینەی یاسایی بۆ دەوڵەتی کوردستان بڕەخسێنن، ئەمە مانا ئەوەیە، پرۆفیسۆر داماتۆ داوای ئەوەمان لێ دەکات، کە پێویستە هەرێمی کوردستان لە ڕووی یاساییەوە مەرجەکانی دەوڵەتی تێدابێت، پێش ئەوەی بیر لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بکرێتەوە، واتە کیانێکی سیاسی، کە مەرجە یاساییەکانی دەوڵەتی تێدابوو، ئەگەر نەبێتە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و ئەندامیش لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوا جیهان وەک دەوڵەتی دیفاکتۆ ڕێزی لێ دەگرێت و ئامادەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکات و وەک ئەندام لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە وەری بگرێت.
هەروەک چۆن ئێستا تایوان دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییش نییە، بەڵام ئەندامی ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی (WTO)یە، هەرێمی کوردستانیش کە ناکرێت لە هەندێک ڕووەوە بە تایوان بەراورد بکرێت، چونکە لانی کەم تایوان تا ساڵی 1971 دەوڵەتێکی سەربەخۆ بووە و نەک هەر نوێنەرایەتیی تایوان، بەڵکوو نوێنەرایەتیی چینیشی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، بەڵام لە ڕووی هەنگاوهەڵگرتن بۆ بنیاتی دامەزراوەکان و کرانەوەی ئابووری و هەنگاوی خێرا بۆ پەرەپێدان، لە زۆر ڕووەوە نەک هەر کوردستان لە تایوان دەچێت، بەڵکوو لە زۆر لایەنەوە، بەتایبەتی لەلایەنی دیموکراتی و ژیانی فرەیی سیاسی و ئازادیی ڕادەبڕینەوە، ئێستاشی لەگەڵدا بێت، کوردستان زۆر لە تایوان پێشکەوتووترە. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!