ناونیشانی بابەت: لە بارەی ڕۆمانی (نامۆ)ی (ئەلبێرت کامۆ)وە
ئامادەکردنی: #ئاراس سەعید#
ئەگەر بمانەوێت لەبارەی ڕۆمانی (نامۆ -the stranger) ی (ئەلبێرت کامۆ) و بدوێن، پێویستە گوزەرێک بەسەرەتاکانی ژیانی ئەم نووسەرەدا بکەین. چوون بەشێک لە ڕەنگدانەوەی ژیان و ئازار و ئەندێشەکانی لە ئایدیا و بیرۆکەکانی ئەم ڕۆمانەدا بەرجەستە دەبن.
کامۆ لەبارەی منداڵییەوە بەم شێوەیە دەنووسێت: ( وەکوو منداڵانی سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم، لەگەڵ دەنگی دەھۆڵی جەنگدا بە ھەتیوی گەورە بووم، کە ژیانم سەراپا تەماشاکردنی درامایەک بوو لە کوشتن و بڕین و ستەم و نادادی).
ئەلبێرت کامۆ لە 7ی تشرینی دووەمی ساڵی 1913دا لە شاری مۆندۆڤیی وڵاتی جەزائیر چاوی بەدوونیا هەڵهێناوە. خێزانی کامۆ جەزائیری نەبوون. باوکی خەڵکی فەرەنسا و دایکی خەڵکی ئیسپانیا بوو. وەلێ زۆرترین کاتێکانی ژیانی لە وڵاتی جەزائیر بەسەربردووە و هەر لەوێش کۆچی دوای کرد.
باوکی کامۆ کرێکاربووە لە کارگەیەکی مەی درووستکردن، لە کاتی ھەڵگیرسانی جەنگی جیھانیی یەکەمدا باوکی کامۆ بەشداری ئەو شەڕەی کرد و لە شەری ڕاماندا بریندارکرا و لەبەر سەختی برینەکەی کۆچی دوای کردووە. کامۆ سەرلەبەری ژیانی بینینی تراموای درامایەک بووە، پڕە لەدیمەنی ناڕەوایەتی و ستەم و ستەم و نادادی کۆمەڵایەتی. ئەو پاش مەرگی باوکی بەهەژاری لە یەکێک لەگەڕەکە هەژارنشینەکانی بلکۆردا درێژەی بەژیانی داوە و تا هەلێکی بۆ ڕێککەوتووە بۆ خوێندن ڕویکردووەتە وڵاتی فەڕەنسا، لە فەڕەنساش ڕووبەڕووی چەندین گرفت دەبێتەوە و بەتەواوی نامۆ دەبێت لەو کۆمەڵگە مۆدێرنەی کە باوەش بۆ هیچ مرۆڤێک ناکاتەوە.
کامۆ لە هەرزەکارییەوە درکی بە دابەشبوونی چینایەتی و گرفتەکانی شاری مۆدێرن و ستەم و ستەمی کۆڵۆنیاڵیزمی ئەوروپی کردووە، ئەمەش بەتەواوی لە ڕۆمانی (نامۆ) دا ڕەنگی داوەتەوە.
ڕۆمانی (نامۆ) لەبارەی کۆمەڵگەیەکی نادادپەروەر و بێ بەزەییەوە دەدوێت، کە جگە لە سزا هیچ پاداشتێکی پێ نییە بۆ هاووڵاتییەکانی. کۆمەڵگەیەک کە بەهیچ شێوەیەک تووشی دڵەخورپە و نیگەرانی نابێت، بەرانبەر ئازار و ئەندێشەکانی تاک، کۆمەڵگەیەک کە پەیکەری تاک دادەڕێژێتەوە و شوناسی کۆمەڵایەتی بەسەردا دەسەپێنێت.
(مێرسۆ) کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەیە، لەو شوناسە کۆمەڵاییەتییە نامۆ دەبێت، کە ئەوی تر بەسەریدا سەپاندووە. ئەو مرۆڤێکە ناتوانێت گرنگی بەهیچ شتێک بدات. ژیان بۆ ئەو هیچ مانایەکی نییە، نەخۆشەویستی بۆ ئەو مانایەکی هەیە، نە مەرگ.
بۆ ئەوەی ڕوونتر ئەم تێکستە شرۆڤەبکەین پێویستە کەمێک لەسەر چەمکی نامۆبوون ڕابوەستین. نامۆبوون یەکێکە لەو تێمایانەی بەردەوام مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، لە سەرجەم کایەکانی بیری مرۆڤدا. وەلێ دەتوانین بڵێن ئەم چەمکە بۆ یەکەم جار لەلایەن فەیلەسووفی ئەڵمانی فریدریک هیگڵەوە، بەکارهێنراوە، ئەو لە بارەی نامۆبوونەوە بەم جۆرە دەنووسێت: پڕۆسەیەکە کە (سوبێکت_مەردووم) خۆبەخۆ تێدا دەبێتە بێگانە. ئەمەش ساتێک ڕوودەدات کە ناتوانێت خودی خۆی ببینیت، لە وجیهانە کۆمەڵایەتییەی تێدا دەژیت[Phenomenology of Spirt. Hegls Phenomenology des Giestes...1807]. لەڕوانگەی ئەدەبییاتەوە، دەکرێت بەمجۆرە لەبارەی نامۆبوونەوە بنووسین: نامۆبوون پڕۆسەی درپێککردنە بەوەی سوبێکت خۆی لەو جیهانەدا نابینێتەوە کەتێدا دەژێت. بە دەربڕنێکی دی، پڕۆسەیەکە مرۆڤ نامۆ دەبێت لەو شوناسە کۆمەڵایەتییەی پێدراوە، چوون ئەو شوناسە هیچ گوزارشتێک لەناوەوەی مرۆڤ ناکات، بەڵکوو تێگەشتنی ئەوی ترە لە ڕووی دەرەوەیدا سنووردار بووە. لەم ڕوانگەیەوە (میرسۆ) هیچ گرنگییەک بە نۆڕم و نەریتەکانی کۆمەڵگە نادات، ئەو ئەرکە ڕاناپەڕێنێت کە کۆمەڵگە بەسەریدا سەپاندوویەتی، هیچ شتێک بۆ ئەو ماناییەکی نییە. مرۆڤێکی کەنەفتە و نا ئومێدە. نە عیشقی ژنێک مانا بە ژیانی دەدات، نە سزای مەرگ تووشی دڵەڕاوکێی دەکات. تەنانەت مەرگی دایکیشی هیچ مانایەکی بۆ ئەو نییە، سەرەتایی ڕۆمانەکە بەمەرگی دایکی دەست پێ دەکات. (دایەمرد)! ئەو بۆ ئامادەبوون لە ڕێووێنەی بەخاکساپردنی دایکی پێویستی بە مۆڵەتە لە شوێنی کارەکەی. وەلێ هیچ غەمگین نییە. ئەو پێی خۆش نییە، دایکی لە ڕۆژی یەکشەمەدا مردووە، دەنا ناچار نەدەبوو بە داواکردنی مۆڵەت لەخاوەن کارەکەی.
لێرەدا دەکرێت نامۆبوون لەنێو ڕەهەندێکی تری فەلسەفەدا شرۆڤەبکەین. ئەم تێکستە گوزارشتە لەنامۆبوون ی کرێکار لە سیستەمی کاری کرێگرتەدا، وەک (کاڕڵ مارکس) لەبارەیەوە دەدوێت، نامۆبوون سەرەتا لای چینی کرێکار سەریهەڵدا، کاتێک کە (لودییەکان) کارخانەکانیان دەشکاند، پێیان وابوو ئەم تۆپەڵە ئاسنە سەرچاوەی نەهامەتییەکانی کرێکارە، دواتر وشیاربوونەوە کە ڕەگی نامۆبوون سیستەمی کاری کرێگرتەیە، کە بە درێژایی تەمەن ئیش دەکەن، نابن بەخاوەنی خۆیان، بەڵکوو مرۆڤ لە خودی خۆی دادەماڵێت. سیستەم گرنگی بەمەرگی دایکی میرسۆ نادات. تەنانەت لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکات بۆچی لە ڕۆژی پشوودا نەمردووە؟ (مێرسۆ) دەڵێت: خۆ سوچی من نییە، دایکم لەم ڕۆژەدا مرد!
نامۆبوون پڕۆسەیەکە تێدا مرۆڤ نامۆ دەبێت لەو جیهانەی تێدا دەژێت. (میرسۆ) مرۆڤێکی نامۆ و نائومێدە، نامۆیە بەو ڕۆڵ و بەرپرسیارییەتییەی کۆمەڵگە بەسەریدا سەپاندوویەتی. ئەو لە زمانی کۆمەڵگە تێناگات، هیچ کەسێکیش لە زمانی ئەو تێناگات. کاتێک عەرەبێک دەکوژێت و وەکوو تاوانبارێک دەچێتە بەردەم دادگا، بەتەواوی خۆی درک بە نامۆبوونی خۆی دەکات لەو جیهانەی تێدا دەژی. ئەوان بەتۆمەتی کووشتن دادگایی ناکەن، بەڵکوو لە بەرانبەر ڕەفتاری ناجۆرەکانییەوە دادگایی دەکرێت. چۆن دایکی ناردووە بۆ خانەی بەساڵاچووان، بۆچی بە مەرگی دایکی هیچ خەمێکی دەرنەبڕیوە. چۆن لە خانەی بەساڵاچوون جگەرەی کێشاوەو لە ڕۆژی پرسەی دایکی دا، سەمای لەگەڵ ژنێکدا کردووە؟
لێردا کامۆ ئەو دیمەنەمان نیشان دەدات کە مرۆڤ هیچ کاتێک ئەو کارەکتەرە نییە، کە ئەوانی دی دادوەری لەبارەوە دەکەن. هیچ کەسێک ئەو هەیەجان و دۆزەخە نابینێت لەناوەی (میرسۆ) دا دەگوزەرێت.
ئەو لە پێشەکی چاپە فەڕەنسیەکەدا دەنووسێت: میرسۆ کارەکتەرێکی بەستەزمانە، ئەو هەتاو.[1]