ئەوڕەحمان پاشای کوڕی مەحمود پاشای بابان یەکێکە لە میرە هەرە ناودارەکانی کورد و لە سەردەمی ئەودا میرنشینی بابان ڕووبەڕووی گەلێک گۆڕانکاریی سیاسی و سەربازیی گەورە بووە.
ئەوڕەحمان پاشا هەر زوو هەستی بەوە کردبوو کە سنووری تەسکی ناوچەکە و نەبوونی پەیوەندی ڕاستەوخۆ بە سوڵتانی عوسمانییەوە دوو هەڕەشەی گەورەی سەر کورد و سەر میرنشینی بابانن، بۆیە لە ماوەی ژیانیدا چەندین جار هەوڵیداوە هەم سنووری میرنشینی بابان گەورە بکات و هەم هێزێکی چەکداری وای هەبێت کە والی بەغدا نەتوانێت دەستبخاتە کاروباریەوە.
ناکۆکی دێرینی نێوان دەوڵەتی ئێران و دەوڵەتی عوسمانی و ناتەبایی لەنێوان سەردارەکانی باباندا ئەم ئاواتەی ئەوڕەحمان پاشایان زیندەبەچاڵکرد.
ئەوڕەحمان پاشا لە ساڵی (1783) ی زاینییەوە تا ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی نۆزدە بە پچڕپچڕی ماوەی (24) ساڵ میری وڵاتی بابان بووە و لە پێناو بەرگرییکردن لەو میرنشینە، گەلێک شەڕی قارەمانانەی کردووە، کە دوو جاریان لە ناوچەی (دەربەندی بازیان) بووە و لە سەردەمێکیشدا هێندە بەهێز بووە کە توانیوێتی دەسەڵاتی والی بەغدا بخاتە مەترسییەوە.
کاربەدەستانی دەوڵەتی عوسمانی هەر زوو هەستیان بە مەترسیی ئەو ئامانجە گەورانەی ئەوڕەحمان پاشا کردووە، بۆیە چەند جارێک و هەر بۆ ئەوەی لە کوردستان دووری بخەنەوە، پۆستی وەزارەتیان لە ئەستەموڵ داوەتێ، بەڵام ئەوڕەحمان پاشا ئەو پێشنیارانەی ڕەتکردووەتەوە.
ئەوڕەحمان پاشا جگە لەوەی کە فەرماندەیەکی سەربازیی و سەرکردەیەکی لێهاتووی کاروباری ئیداری بووە، مرۆڤێکی بەخشندە و پشتیوانێکی گەورەی زانا و شاعیر و نووسەرانیش بوو.
بە لەناوچوونی دەسەڵاتی ئەوڕەحمان پاشا، میرنشینی بابان ئەو سەربەخۆییەی لەدەستداو بەئاشکرا کەوتە ژێر کۆنترۆڵی والی بەغدا و کاربەدەستانی عوسمانییەوە.
ئەم پاشا ناودارەی میرنشینی بابان ڕۆژی #22-08-1813# کۆچی دوایی کرد.