#لەعەلی خان#، خەڵکی #هەریر# سەر بە قەزای #شەقڵاوە#، ئەگەرچی ئێستا لە ژیاندا نەماوە، بەڵام کەرەستە کولتووری و فەرهەنگییەکانی تا ئێستا لە ماڵەکەیدا هاوشێوەی موزەخانەیەکی بچووک بە پارێزراوی ماونەتەوە.
کاروان کەریم خان گوندەژۆری، بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر لە سنووری قەزای شەقڵاوە، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی سەردانی مۆزەخانەی ماڵی لەعلی خانمان کرد لە سنووری ناحیەکەمان، باڵی شانازیم کەوتە لێدان، چونکە لەم وڵاتەدا شێرەژنێکی بەساڵاچووی وەک لەعلی خان هەبووە کە بە هەست و عەقڵێکی پڕ لە ئەڤین خۆی بە پاردەی پارێزەری فەرهەنگ و شوناسی کوردستان داناوە. لەم وڵاتەدا کەسانی ئاوا زۆرن کە بە گیرفانی خۆیان فەرهەنگواڵەکانی کوردان دەکڕنەوە و دەیپارێزن''.
بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر دەشڵێت: ئەگەرچی لەعەلی خان، چەند ساڵێک لەمەوبەر کوچی دوایی کردووە، بەڵام کەرستە مێژووی و کەلەپوورییەکانی ئەو ئافرەتە تا ئێستا لە ماڵەکەیدا پارێزراون و ئەمە سەلماندنی شارستانیەتی نەتەوەی کوردە لە هەریر''.
گوتیشی: بە هەموو تواناوە پشتیوانی لە ماڵی لەعلی خان دەکەین و هەوڵی ڕژدمان ئەوە دەبێت کە شوێنێک بە ناوی ماڵی لەعلی خان بکەینەوە، بۆ ئەوەی جگە لە وەدیهێنانی وەسیەتی ئەم خانمە، بتوانین فەرهەنگی کولتوورپارێزی فێری گەنجان بکەین. بەتایبەتی پێویستە ئەم کولتوورە لە شاری هەریر، وەک ناوچەیەکی دەوڵەمەندی مێژوویی لە واری کەلەپوور و کەلوپەلی ئەنتیکە و شتی مۆزەخانەییدا پتر بڵاو بکرێتەوە''.
کاروان کەریم خان گوندەژۆری ئەوەشی خستە ڕوو: ئەوەی کە لە مۆزەخانە بچووکەکەی ماڵی لەعلی خانمدا بینیم و زیاتر سەرنجی ڕاکێشام ئەوەیە کە زۆر خوێندەوار هەن بەدوای تاڵانی کەلوپەلی ئەنتیکە و سەرمایەی شارستانیەتیی وڵاتی خۆیانەوەن، بەڵام لەعلی خان بە بێدەسەڵاتی، خزمەت بە ژیار و فەرهەنگی کوردان دەکات و توانیویەتی ئەو فەرهەنگە جوان و کەلەپوورییە بپارێزێت.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]