دەکەوێتە ناوەندی ناوچەی #شارەزوور#ەوە، لە ساڵی 1956 بڕیاری بە شارەدێبوونی دراوە، بە شێوەیەکی بەرچاو ساڵانە بە پێی ئامار %17 ڕێژەی دانیشتووان ڕوو لە زۆربوون دەکات، ئێستا زیاتر لە 68 هەزار کەس نیشتەجێی ئەو شارەن.
بەهۆی زۆری دانیشتووانەکەی ئەو شارە لە #21-02-2007# بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران کرایە شارۆچکە.
سەید سادق بە ناوی پیاوچاکێک بە ناوی (سەید محەمەد سادق کوڕی شێخ عیسای بەرزنجە کوڕی بابا عەلی هەمەدانی) ناو نراوە کە گۆڕەکەی بە سەر شاخی سەید سادقەوەیە.
سەید سادق برای شێخ عەباس بووە کە گەڕەکی شێخ عەباسی شاری سلێمانی بە ناوی ئەوەوە ناو نراوە هەروەها برای سوڵتان ئیسحاقە کە کاکەییەکانیش بە ڕێبەرێکی گەورەی خۆیانی دەزانن
شارەزوور لەدێرزەمانەوە شوێنی نیشتەجێبوونی گەلە زاگرۆسییەکان بووە وەک (گۆتی -لۆلۆ) سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوەدەکەن (لۆلۆکان) لەهەزارەی چوارەمی پێش زایین لەشارەزوور ژیاون وحوکمڕانییانکردووە
لە سەردەمی ئاشوورییەکاندا شارەزوور مەڵبەندی وڵاتی (زاموا) بووە، ئەوەی بەشارەزووردا گوزەر بکات ژمارەیەکی زۆر تەپ و گردۆڵکەی دەستکرد سەرنجیڕادەکێشن، گومانی تێدا نییە ئەوگردانە زۆربەیان قولە وقەڵا و شوێنی حوکمڕانی ودانیشتنی دەسەڵاتداران بوون و بایەخی گەورەیان بووە،
دەربارەی ناوی شارەزوور چەند بۆچوونێک هەن....
لەپەرتووکی شەرەفنامەدا بەناوی (شهرەزول) هاتووە کەبووەبە (شەهرەزور) کەبەمانای شارێکی گەوورە دێت
هەروەها یاقووتی حەمەوی کەلەبوولدانی وەرگرتووە لەسەدەی چوارەمی کۆچیدا ژیاوە، دەڵێت شارەزوور دەکەوێتە هەرێمی چوارەمەوە، شوێنێکی گەورەیە و پڕلە خانوە بەگوند و شار دەورەدراوە، لەنێوان ئەربیل و هەمەدان دایە، بۆچونەکەشی لەسەر ناوی (زوری کوڕی زوحاک) بیناد کردووە.
موهەلهەل دەڵێت:شارەزوور شارێکی گەورە و پڕ دێهاتەو لەئێستادا پێیدەگوترێت (نیم ئەزرای) واتە (نیوەی ڕێگا) هەروەها دەڵێت:ئەم شارە ئەستووری شوراکەی هەشت باڵەو دوپشکی کوشندەی تێدایە، کەلەدووپشی نسیبین خراپترە لێرەدا شاخێک هەیە بەناوی شەعران (هەورامان) شارەکەکەش لەنێوەڕاستی ڕێگاکەدا بووە، لەنێوان (مەدائینن) و پەرستگای ئاگری لە (شیز) لەئازەربایجان قوبادی کوڕی فەیرۆز درووستی کردووە، ئەم ڕایەش ڕەنگە لەسەر پاشماوەی قەڵای خورماڵ بنیاد نرابێ.
ڕایەکی تر هەیە دەڵێت: ناوی شارەزوور لە (شهر) بەمانی شاردێ (زوور) یش بەمانای نزم دێت، واتە شاری نزم. ئەم ناولێنانەش لەگەڵ شێوەی نزمی دەشتی شارەزوور دەگونجێت.
هەروها لەبەر ئەوەی سنووری شارەزوور فراوان بوەو چەندین شاروو گوندی ناوچەی گرتووەتەوە ئەم ڕایەش دەڵێت لە (شاری زۆرەوە) هاتووە.
ڕایەکی تریش دەڵێت:شارە زۆر، واتەشاری گران چونکە خەڵکەکەی یاخی بوون و ملنەدانیان پێخۆشبوەو بەئاسانی داگیر نەکراوە لەلایەن داگیر کەرانەوە بۆیە پێی گوتراوە شاری (زۆر) قوورس یا گران.
وەچەند بۆچونێکی تریش هەیە لەسەر ناوی شارەزوور.
هەروەهائەدمۆز دەڵێت: شاری شارەزووری کۆن شوێنەکەی یان خورمالی ئێستایە یان شوێنەواری یاسین تەپە
4 -هەتاوەکوو ئێستا بەتەواوەتی یەکلای نەبووەتەوە کەئایا شارەکۆنەکەی شاری شارەزوور قەڵای خورماڵە یاخود گردی یاسین تەپەیە.
وەکوزانراوە بەدرێژای مێژوو شارەزوور لانکەی شارستانییەت بوەو هەر لەم ناوچەیەدا مرۆڤ فێری کشتوکاڵ کردن بووە، یەکەمجار مرۆڤ لێرەوە کشتوکاڵی کرد.لە گردی بێستانسوور کە شوێنەواری یەکەمین گوندی کشتوکاڵی لەلایەن تیمێکی زانکۆی ڕیدینگی بەریتانییەوە دۆزرایەوە کە مێژوەکەی بۆ
9000 10000 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوەو بەو دۆزینەوەیەش بێستانسوور بووە یەکەم گوند کە کشتوکاڵی لێکرابێت کە بە 2000 هەزار ساڵ پێش چەرمۆ کشتوکاڵی لێکراوە.
وەلێرەدا ئەوەی گرنگە باسبکرێت ئەوەیە ناوچە شوێنەواریەکانی ئەم ناچەیە بەتەواوی پشت کوێ خراوەو تاوەکوو ئێستا نەتوانراوە ئەوناوچە شوێنەواریانە بپارێزرێن وەبەشێک لە مێژووی ناوچەکە و کورد لەناو شوێنەوارەکانی ئەم ناوچەیە پارێزراون.
پێوویستە لە مۆزەخانەیەکدا لە ناوچەکەدا نمایش بکرێت و مۆزەخانەیەک بۆ ناوچەکە درووست بکرێت کە تاوەکوو ئێستا ئێمە لەم ناوچەیە خاوەنی مۆزەخانەیەکی حکومی نین
سەرچاوەکان
1 -تالب دەرباز هەوارگەی شارەزوور چاپی یەکەم بەرگی دووەم
2_ جەمال شێخ نووری. شارەزوور لە مێژوودا چاپی یەکەم
3_ سەروەر پێنجوێنی، داگیرکردنی شارەزوور لەسێ هەڵمەتی فتوحاتی ئیسلامیدا، گۆڤاری دابڕان. ژ 4 ئەیلولی 2016
4_ کەمال نووری مەحروف، بەڵگەهێنانەوە سەبارەت بە ڕەگوڕیشەی ناوی شارەزوور، گۆڤاری کلتوور، ژ 7 8، ئەیلوولی 2012
شۆڕش وەهبی [1]