ئەم تێکۆشەرە گەورەیەی کورد کوڕی عەزیز خانی کورٍی بارام بەگە، ساڵی 1870 لە گوندی (دزڵی)ی ناوچەی هەورامانی تەخت لە بنەماڵەیەکی سەردار و دەست ڕۆیشتووی ناوچەکە لەدایک بووە.
پاش مردنی عەزیز خان، مەحمود خانی کوڕی بۆتە جێنشینی و بەماوەیەکی کەم و لە ئەنجامی تواناو لێهاتوویی خۆیدا دەسەڵاتی بەسەر ناوچەی دزڵی و دەوروبەری هەوراماندا بڵاو کردۆتەوە و وەک گەورە پیاوێکی ئەو سەردەمەی کورد و سەرەک عەشرەتێکی بە دەسەڵات ناوبانگی پەیدا کردووە.
مەحمود خان ئەو تێکۆشەرە گەورەیە بوو کە لە ئازاد کردنی شاری #سلێمانی#دا لە دەست هێزەکانی ئینگلیز ڕۆڵی سەرەکیی بینیوە، بە جۆرێکی وا کە #ڕەفیق حیلمی# ناوی لێ ناوە پاڵەوانی شۆڕشی یەکەمی شێخ مەحمود.
ئەم پیاوە کورد پەروەرە لە ژیانی پڕ سەروەری خۆیدا دوو مەسەلەی زۆر گرنگی داهێنا کە پێشتر دەگمەن بوون، ئەو یەکەمین سەرەک عەشرەت بوو کە سنوورە دەستکردەکانی ڕەتکردەوەو هاوکارییەکی گەورەی شۆڕشەکەی شێخ مەحمودی کردووە.
هەر ئەم پیاوە هەڵکەوتووەش بوو کە بنەماکانی شەڕی پارتیزانی داڕشت و لە دوای شەڕی #دەربەندی بازیان#، بەم شێوازەی خەبات هێزەکانی ئینگلیزی شپرزە کرد.
مەحمود خانی دزڵی لە پێناو ڕزگارکردنی کوردستاندا قوربانی زۆری داوەو لەسەر ئەم هەڵوێستەی چەندین جار دەربەدەر کراوەو لە زیندانەکانی هندستانو عێراق و ئێراندا کوێرەوەری و ئازار و ئەشکەنجەی زۆری بینیوەو زۆر جاریش بە دەست بەسەری ڕەوانەی شارەکانی عێراق و ئێران کراوە.
مەحمود خانی دزڵی پیاوێکی بەخشندە و زمان شیرین بوو. لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا گوندی دزڵی و ئاواییەکانی دەوروبەری بووبونە پەنا و داڵدەی ئەو کەسانەی کە لە دەست ڕژێمە داگیرکەرەکان هەڵدەهاتن.
خانی دزڵی چەندین جاریش بە خۆی و بنەماڵەو جەنگاوەرەکانیەوە خەباتی چەکداریی کردووە دژی ڕژێمی قاجاری و پەهلەوی.
ئەم پیاوە خاوەن ئەزمونە لە بەڕێوەبردنی ئیشو کاری ناوچەکەیدا گوێی لە بیرو بۆچوونی خەڵکی گرتووە و هەمیشە ئەنجومەنێکی ڕاوێژکاری هەبووە. دۆست و خۆشەویستی شێخی نەمر و سمکۆی شکاک و سەردار ڕەشیدی ئەردەڵان و حەمە ڕەشید خانی بانە و #کەریم بەگی فەتاح بەگی هەمەوەند# و شێخانی تاڵەبان و کە#سنە#زان و شێخانی بیارە بووە.
لەسەر داوای دەستەیەک نیشتمانپەروەرو ڕوناکبیری کورد لە (حیزبی هیوا)دا بووە بە ئەندام. ئەم پیاوە هەڵکەوتووەی کورد ساڵی 1946 بە پیلانی کاربەدەستانی ئێران دەرمانخواردکراو لە گوندی (هانەی قوڵ) بە خاک سپێردرا.[1]