شاعیر و ئەکادیمیکار و نووسەرێکی کوردە، ساڵی 1951 لەباشووری کوردستان، ناوچەی #گەرمیان#، لە دایک بووە. شاکەلی یەکێکە لەو شاعیرانەی کە شیعری کوردییان لە 1970دا تازە کردەوە و بزووتنەوەیەکی گەورەی نوێخوازییان هێنایە ناو ئەدەبی کوردییەوە. فەرهاد شاکەلی خوێندنی دواناوەندیی لە شاری #کفری# تەواو کردووە و لە سەرەتای حەفتاکاندا لە زانکۆی بەغدا، بەشی زمانی کوردی خوێندوویەتی. ساڵی 1974-1975 چووە ڕێزی شۆڕشی کوردستانەوە و بوو بە پێشمەرگە و دوای هەرەسهێنانی شۆڕش ماوەیەک خەباتی نهێنیی کرد و پاشان لە ڕێگەی بیابانەوە ڕووی کردە سووریا و ماوەیەک خەریکی کاری سیاسی و پێشمەرگایەتی بوو. لە هاوینی 1977دا بە یەکجاری وازی لە کاری سیاسی هێنا و ڕووی کردە ئەوروپا. شاکەلی دوای خوێندنی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی، زمانانی نۆرد، زمانە کۆن و تازەکانی ئێران، وەک مامۆستای زمان و ئەدەبی کوردی لە زاانستگەی ئوپسالا، سوێد، دەستی بە کار کرد و هەتا ئێستایش لەو زانستگەیە کار دەکات. فەرهاد شاکەلی تا ئێستا نزیکەی 30 کتێبی چاپ کردوون کە بەشێکی زۆریان دیوانی شیعرە، ئەوانی دیکەیش لێکۆڵینەوەی ئەکادێمی، کورتە چیرۆک، وەرگێڕان لە سوێدی و ئینگلیزییەوە و وتاری فکری و فەلسەفین. لە ساڵانی 1985-1996دا گۆڤاری (مامۆستای کورد) بڵاو کردەوە، کە گۆڤارێکی فەرهەنگی و فکری بوو، سەرجەم 31 ژمارەی لێ دەرچوو. هاوکاتیش، 1985-1988، بە زمانی سوێدی گۆڤاری Svensk-kurdish journalی بڵاو کردەوە. فەرهاد شاکەلی ئەمڕۆ شاعیر، ئەکادێمی و زمانەوانێکی ناسراوی کوردستانە و بە شێوەیەکی چالاکانە لە ژیانی فەرهەنگیی کوردستاندا بەشداری دەکات.[1]