ناو: شاهۆ
ناوی باوک: سەعید
ساڵی لەدایکبوون: 1970
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
$ژیاننامە$
شاهۆ سەعید نووسەر و ئەکادێمی ئەندامی پێشوی پەڕڵەمانی کوردستانە. ساڵی 1970 لە شاری سلێمانی لە دایکبووە. خاوەنی دکتۆرایە لە ڕەخنەی مۆدێرن، ماستەر لە ئەدەبی بەراوردکاری و بەکالۆریۆس لە زانستە ئیسلامییەکاندا. نووسەری چوار پەرتووک، هەشت چاپتەری پەرتووک و ژمارەیەک توێژینەوە و کاری وەرگێڕانە بە هەر سێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی. ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری سەردەم بووە تا 2009. لە زانکۆی سلێمانی و زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی کۆرسەکانی فەلسەفە، فیکریی کۆمەڵایەتی، فیکری سیاسی، ئەدەبی عەرەبی، ڕەخنەی ئەدەبی، ئیستاتیکا و ڕەخنەی هونەریی وتووەتەوە.
ساڵی 2009 وەک نووسەری بەرنامەی سیاسی و یەکەمین وتەبێژی فەرمی بەشداری کردووە لە دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕاندا. هەمان ساڵ بە ئەندامی پەڕڵەمانی کوردستان هەڵبژێردراوە. ساڵی 2012 دەستی لە کاری سیاسی کێشاوەتەوە و خۆی تەرخان کردووە بۆ چالاکی ڕۆشنبیری و ئەکادێمی.
ئێستا سەرۆکی دامەزراوەی بیرکردنەوەی ڕەخنەییە لە کوردستانی ئێراق، هاوکات وانەبێژی میتۆدۆڵۆجیای نووسین و ئارگیومێنتی ئەکادێمییە لە زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا، هەروەها مامۆستای بەشی ئینگلیزیی زانکۆی ئەمریکییە لە ئێراق- سلێمانی.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەرچووی پرۆگرامی فووڵبرایت- هەمفرییە لە زانکۆی پێنستێت لە پێنسیلڤانیا 2019. زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی کانساس لە ئەمریکا خوێندووە. لە زانکۆی جۆرج تاون لە واشنتۆن و ئیستیتیوتی شرایەر لە پەنسلڤانیا وەک توێژەر لە بواری ڕەخنە و بیرکردنەوە ڕەخنەییدا کاری کردووە. بەشداری چەندین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی کردووە لە قەتەر، فلۆریدا، کالیفۆرنیا، واشنتۆن، فڵادیڵفیا و بۆستن.
ساڵی 1999 خەڵاتی توێژەری یەکەمی فێستیڤاڵی گەلاوێژی وەرگرتووە. ساڵی 2005 خەڵاتی توێژەری یەکەمی فێستیڤاڵی وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستانی وەرگرتووە. ساڵی 2019 بڕوانامەی هیوبێرت. ئێچ. هەمفری لە واشنتۆن لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا و وەزیری دەرەوی ئەمریکا پێ بەخشراوە لە بواری کارگێڕی پەروەردەیی و بیرکردنەوەی ڕەخنەییدا. [1][2]