ناو: سەلیم
نازناو: سەید سەلیم
ناوی باوک: نەبی تەها
ساڵی لەدایکبوون: 1940
ڕۆژی شەهیدبوون: #24-12-1979#
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #بێخاڵ# - #ڕواندز#
شوێنی شەهیدبوون: #سماقولی#
$ژیاننامە$
ناوی تەواوی سەلیم نەبی تەها، ناسراو بە سەید سەلیم ساڵی 1940 لە گوندی بێخاڵی شارۆچکەی ڕواندز لە دایکبووە، ساڵی 1961 وەک یەکەمین دەستەی پێشمەرگە لە دەڤەری ڕواندز پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات، وێڕای ئەرکی پێشمەرگایەتی دەچێتە نێو خەباتی حزبایەتی لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ساڵی 1969 بەشداری لە خولی پێگەیاندنی کادیران دەکات و بە پلەی زۆرباش لێدەردەچێت.
بەشداری دەیان داستانی وەک ( هەندرێن و کوڕەک و هەیبەسوڵتان و سەرتیز و گەروی عومەرا ئاغا هەرەوها گەلی عەلی بەگ دەکات) ، لە شۆڕشی ئەیلول سێ جار بریندار دەبێت، بە پاڵەوانی داستانی چیای گۆڕنۆک لە ساڵی 1974 ناو دەردەکات.
دوای شکستی شۆڕشی ئەیلول ئاوارەی ئیران دەبێت و لەتەک هەڤاڵان (عەلی سەربازی، دکتۆر خالید، کاردۆ گەڵاڵی، عەلی هەژار....هتد) کار بۆ دامەزراندنی بزووتنەوەی سۆسیالستی کوردستان دەکەن.
لە هەڵگیرساندنەوەی شؤڕشی نوێ لەسەر ڕاسپاردەی مام جەلال دوای کارەساتی هەکاری و بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنەی لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان درووست بووە لە بەهاری 1978 پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات، لە دامەزراندنی هەرێمەکان، ئەرکی دامەزراندنی هەرێمی 12 ڕواندزی پێدەسپێردرێت، دوابەدوای ئەوە دەکرێتە ئەندامی مەکتەبی سەربازی، لە شۆڕشی نوێ بەشداری دەیان داستانی وەک ( بەنی هەریر، مەلەکان، خۆشناوەتی، گەلی عەلی بەگ و ڕواندز) دەکات.
لە کاتی جیابوونەوەی بزووتنەوەی سۆسیالستی کوردستان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەهار 1979 لەگەڵ باڵی بزووتنەوە دەکەوێت، بۆ هاوکاری شۆڕشی 1979 ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوو جار وەک فەرماندەی هێزێکی هەشتا پێشمەرگە دەچێتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشاداری شەڕەکانی قۆپی بەگزاد و چەلدیان و شەڕی پاراستنی مەهاباد دەکات.
لە دامەزراندنی حزبی سۆسیالستی یەکگرتووی کوردستان پلەی ئەندامی یەدەگی سەرکردایەتی و سەرپەرشتیاری هەرێمەکانی (10، 11، 12) پێدەسپێردرێت.
دواجار لە داستانی بەناوبانگی #سماقولی# لە 24-12-1979، لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ کۆپتەری دوژمن دەکرێتە ئامانجی بۆردومانی فڕۆکە و بەسەختی بریندار دەبێت، بەهۆی سەختی برینەکەی و دژواری شەڕکە دوای چەند کاتژمیرێک مانەوەی بەبرینداری ئێوارەی هەمان ڕۆژ گیان لەدەست دەدات و شەهید دەبێت. شەهید سەید سەلیم لە دوایی خۆی 4 کوڕ و کچێک بە جیدەهێڵێت. [1]