لە 15-05-1964 لە شاری #هەولێر# لە باشووری کوردستان لە دایک بووە.
لە سەرەتای نەوەدەکانەوە کوردستانی جێ هێشتووە. سەرەتا لە ئەڵمانیا گیرساوەتەوە و دواتر چووەتە دانمارک. کوڕ و کچێکی بە ناوی (دواڕۆژ) و (ڕۆژیار) هەیە.
$خوێندن$
قۆناغەکانی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەییی لە هەولێر بڕیوە و دواتر بەشی مێژووی لە کۆلیژی پەروەردەی #زانکۆی موسڵ# تەواو کردووە.
$نووسین و وەرگێڕان$
لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە چیرۆک و گوتاری ئەدەبی دەنووسێت و لە دوای ڕاپەڕینەوە بەرهەمەکانی بڵاو کردووەتەوە. چەند کتێبێکی چاپکراوی هەیە، لەوانە چوار کۆمەڵەچیرۆکی (سەدەی یەکەمی خەیاڵ)، (ئەسپیدیلۆن)، (خەوننامەی دادە سۆزی) و (منارەی ئاوەدانی).
سێ ڕۆمانی (ئای لەڤیلیا لەڤیلیا)، (مامزێر) و (کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان) و ڕۆمانێکی هاوبەشیشی لەگەڵ (دواڕۆژ)ی کوڕی لەژێر ناونیشانی (سوارەکان بە قاچاغ بووکیان دەگواستەوە)دا بڵاو کردووەتەوە). هەر لە بواری گێڕانەوەدا کتێبی (منداڵیم ئاسکێک بوو بەسەر پەلکەزێڕینەکاندا بازبازێنی دەکرد)ی هەیه، کە سەربردەی ژیانی منداڵیی خۆیەتی. ناوە ناوەیش گوتار لەبارەی فکر، ئەدەب و هونەرەوە دەنووسێت.
کتێبێکی هاوبەشی بە ناونیشانی (مناڵێک بە دزییەوە کتێب دەخوێنێتەوە) لەگەڵ (دانا فایەق)دا هەیە، کە گفتوگۆیەکی درێژە و تێیدا وەڵامی پرسیارەکانی (دانا فایەق) دەداتەوە.
بیست کتێبی منداڵانی لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی وەرگێڕاوە، کە دەزگای موکریانی ساڵی 2010 چاپی کردوون.
کتێبی (گەشتێک بۆ وڵاتی هاوڕێیانم)ی بە هاوبەشی لەگەڵ هونەرمەندی شێوەکاری دانمارکی (ئەنیتا ئێسپاندەر) بە کوردی و دانمارکی نووسیوە.
هەروەها چەند بەرهەمێکی بڵاونەکراوەیشی بۆ چاپ ئامادەن، لەوانە ڕۆمانی (کازینۆی منداڵان)، (کۆمەڵێک گوتار لەبارەی ئەدەب، هونەر و فکرەوە) و کتێبی (ئامادە و بەردەوام، کۆمەڵێک گفتوگۆ لەگەڵ کاروان کاکەسوور). ئێستا خەریکی نووسینی ڕۆمانێکی نوێیە، کە ساڵێک دەبێت دەستی پێ کردووە.
هەندێک لە بەرهەمەکانی بۆ زمانی عەرەبی، فارسی و سوێدی وەرگێڕدراون.