حسێن بەخشی
ڕۆژی لە دایکبوون: 7ی بەفرانباری 1335ی هەتاوی لە شاری #مەهاباد# لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی تا دیپڵۆم لە شاری مەهاباد. هۆگری بە کار و چالاکی سیاسی لە تەمەنی 15 و 16 ساڵێوە, لە هاوینی ساڵی 1353ی هەتاوی بۆ یەکەم جار بە تاوانی سیاسی لەگەڵ پۆلێک لە دۆستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی پەهلەوی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی #ورمێ# کراون.
لە بەهاری ساڵی 1357ی هەتاوی دوای ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنی شەهید عەزیزی یوسفی سەرلەنوێ لەگەڵ چەندین کەسیتر دەسبەسەرکراون.
لە کۆتاییەکانی پاییزی ئەو ساڵەدا لە ئاکامی خۆپێشاندانەکانی خەڵک دژی ڕژێمی شایەتی و لاواز بوونی دەسەڵاتی ناوەند، لە زیندان ئازاد کران.
دوای ڕووخانی ڕژێمی شای لە ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دا درێژەی بە کار و تێکۆشان دا.
لە سەرووبەندی شۆڕشی گەلانی ئێران و تا ئەو کاتەی حیزب چالاکی ئاشکرای هەبوو، وەک نوێنەری لاوان لە دوو دەورەی شورای شاردا بەشدار بوو.
لە ساڵی 1358 و لە جەنگەی شەری سێ مانگەدا دەوری لە دامەزراندنی ڕێکخراوی لاوانی حدکا هەبووە و لە پلەی بەرپرسی ئەو ڕێکخراوەدا کاری کردووە.
لە ڕێبەندانی 1358ی هەتاوی لە کۆنگرەی چواری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێراندا بەشداربوو.
لە 25ی جۆزەردانی 1359ی هەتاوی لەگەڵ ڕەوتی جیابوونەوەی کۆمەڵێک لە ئەندامانی ڕێبەری و کادرەکانی حیزب بە ناوی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران (پێرەوانی کۆنگرەی چوار) کەوت.
لە ساڵی 1360ی هەتاوی بووتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و ڕاوێژکاری دەفتەری سیاسی.
لە بەهاری ساڵی 1362ی هەتاوی لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێیان ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە جێهێشت و تا کۆتایی ساڵی 1364ی هەتاوی لە چیاکانی باشووری وڵات لە لای هاوڕێیانی حیزبی شیوعی ئێراق گیرسانەوە.
لە زستانی 1365ی هەتاوی لەگەڵ هاوژینەکەی وکۆرپەیەکی یەک ساڵە بە نەهێنی لە شەوی 10ی بەفرانبار بە ڕانبەر بە 1ی ژانویە ئاودیوی یەکییەتی سۆڤیەت بووە.
لە 2ی مانگی مای 1987ی زایینی گەیشتنە وڵاتی ئەڵمانیا و داوای پەنابەرییان کرد.
لە ئەڵمانیا بووتە ئەندامی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا.
لە ساڵی 1989لە دەرکردنی ڕۆژنامەی هاوارگەی کوردەواریدا دەوری هەبووە. تا 9 ژمارە بەو ناوە دەرچووە.
لە ژمارە 10تا ژمارە14 لەژێر ناوی هاواری کورد بڵاو دەکراوە. تا ساڵی1993.
پاشان لە ساڵی 1997ی زایینی تا 17ی خاکەلێوەی 2005، ئەندامی دەستەی نووسەرانی گوڤاری هاوار بوو کە سەرجەم 17 ژمارەی چاپ و بڵاو بووەوە.
لە ساڵی 1993 تا 1996 دەورەی تێکنیسێنی نەخشەکێشی سەنعەتی لە ئەڵمانیا تێپەڕ کرد.
لە 2017 تا 2018 دەورەی وەرگێڕ لە ئاڵمانییەوە بۆ کوردی و فارسی و کار لەگەڵ پەناخوازاندا.
لە سیپتامبری 2018، وێڕای چەند کەس لە دۆستان، دامەزراندن و بە فەرمی گەیاندنی ڕێکخراوێکی مەدەنی بە ناوی ڕێکخراوی جیهانی کورد بۆ مەبەستی ناساندنی دۆزی کورد لە دیاسپۆرا.
لە ئێستادا وەک دووەم کەسی بەرپرس لە کۆمیتەی بەڕێوەبەریدا کار دەکات.
ساڵێک زیاترە بووەتە خوێندکاری زانستە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەی ئۆنڵاین لەگەڵ زانکۆی ئێران ئاکادێمی کە ناوەندەکەی لە هولەندە.
جگە لە وتار و بابەتی کوورت و درێژ کە لە گۆڤاری هاواردا بڵاو بوونەوە، لەسەر لاپەڕەی فەیسبووکیش جارووبار بابەتی کوورت دەنووسێ. نزیکەی 20 ساڵ لەوە پێشیش پەرتووکێکی بە ناوی لێکدابڕان سەبارەت بە پێداچوونەوەیەک بە سەر چۆنێتی پێکهاتنی پێرەوانی کۆنگرەی چواری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران نووسیوە.