بەپێی کۆتا کنە و پشکنینەکانی شوێنەواری کە تا ئێستا کراون، #گردی بەکرئاوا# ی سنووری دەشتی شارەزوور لەلایەن شوێنەوارناسانەوە بە کۆنترین شاری شوێنەواری لە مێژووی کوردستان دیاری دەکرێت. کە تا ئێستا دۆزرابێتەوە.
بە گوتەی توێژەران، ئەم شوێنەوارە پاشماوەی شاری (ئەتێلا)ی کۆنی سەردەمی #ئاشوورییەکان# بووە، بەهۆی گەورەیی شوێنە شوێنەوارییەکە و پاشماوە بیناسازی و ئەندازیارییەکان، بەکرئاوا بە کۆنترین شاری میزۆپۆتامیا و ناوچەکەیش دادەنرێ، بەڵام دواتر ژیانی تێدا نەماوە و بووەتە وێرانە، واتا بە کۆنترین شاری وێرانبوو دادەنرێت کە ماوەیەکی یەکجار زۆرە خەڵکی لێ نەژیابێت، نەک کۆنترین شار کە تا ئێستاش ژیان تێیدا بەردەوام بێ. گردی بەکرئاوا، یەکێکە لە گردە شوێنەوارییەکانی دەڤەری شارەزوور کە کەوتووەتە نێوان هەڵەبجەی شەهید و شارەدێی سیروان، بە دووری چوار کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای هەڵەبجه و حەفتا کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی سلێمانی هەڵکەوتووە.
مێژووی ئەم شارە بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوه، 40 مەتر قووڵە و لەسەر ڕووبەری 26 600 تا 800 مەتر دووجایە، بۆ ئەوکات شارێکی گرنگ بووە. بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1927 شوێنەوارناس (ئەفرایم سپایسەر) سەردانی ئه و گردەی کرد، چەند ڕۆژێک کنە و پشکنینی تێدا کردووە، بەڵام دواتر لە ساڵی 1960 و 1961 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شوێنەواری عێراق کنە و هەڵکۆڵین له و ناوچەیە دەستی پێ کردووە.
جارێکی تریش لەلایەن تیمێکی زانکۆی هایدلبێرگی ئەڵمانی لە 2009 تا 2011 کنە و پشکنین له و شوێنەوارە مێژووییە دەستی پێکردووەتەوە، کە پرۆفیسۆر (پیتەر میگڵس)سەرپەرشتی کنە و پشکنینی له و شوێنە مێژووییە دەکرد.
بە گوێرەی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوە لەسەر پارچە شوێنەوارییەکانی ئه و گردە، مێژووەکەی بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، پاشماوەی شوێنەواری سەردەمی ئیسامیی و ئاسنی و بڕۆنزی لێ دۆزراوەتەوە.
لە سەردەمی ئیسامییەکان و دواتریش عوسمانییەکان زۆرتر گرنگی پێ دراوە و پتەو و بەهێز کراوە، پاشان ساسانییەکان دەستیان بەسەر ناوچەکەدا گرتووە، گۆڕستانی سەردەمی ئاسنی لێ دۆزراوەتەوە و هەندێک لە گۆڕەکانیش بۆ سەردەمی ئەخمینییەکان دەگەڕێنەوە، باڵەخانەکانیشی بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان، تەنانەت نەخشی شاهانەی ئاشوورییەکان لەسەر دیوارەکان کێشراون . لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ئاشووری، دەشتی شارەزوور ناوی ناوچەی (ما#زاموا#، زاموا) بووە و له و گردەوە کە ئەوکات هاوشێوەی شارێک بوو، ناوچەکە بەڕێوە براوە. سەرەتای کاری پشکنین بۆ ئەم گردە بەو شێوەیە دەست پێدەکات کە دەکەوێتە پاش سەردانی شوێنەوارناسە ئەڵمانییەکه بۆ بەکرئاوا.
دواتر شوێنەوارناسانی عێراقی دەستیان بە هەڵکۆڵین له و ناوچەیە کرد، هەندێک دەقی میخی دۆزرانەوە کە باسی ئایین و گرنگیی بۆ ئه و سەردەمە دەکەن.
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵکۆڵینەکان، خانووەکانی ئه و شوێنە شوێنەوارییە بە شێوەیەکی زۆر پێشکەوتوو بیناسازییان تێدا کراوە، خشت و بەرد زۆر بە وردی و ڕێکی بۆ درووستکردنی دیوار بەکارهێنراون و بە شێوەیەکی ئەندازەیی زۆر پتەویش، خانووەکان بەرزکراونەتەوە.
دۆزینەوەکان جیا لەوەی لە ساڵی 1960 کۆمەڵێک تابلێتی بزماری و دەیان پارچە شوێنەواری تر بوون ، براونەتە مۆزەخانەی بەغدا ، لە ئەنجامی پشکنینەکانی ساڵی 2009یش ژمارەیەک دەفری فەخفووری سەردەمی ئۆرک دۆزرانەوە.
شارەکە شوێنەواری جەنگیشی بەسەرەوە دیارە و لە ساڵی 880ی پێش زایین، دوای وێرانبوونی دووبارە لەلایەن (ئاشوورناسیربالی دووەم) پاشای ئاشوورییەکان نۆژەن کراوەتەوە و لە شوێنی ناوی زاموا ناوەکەیشی بۆ (دورئاشوور) گۆڕیوە.
)پیتەر میگڵس) لە لێکۆڵینەوەی خۆی لەبارەی ئه و ناوچە شوێنەوارییە، دەڵێ: لێکۆڵینەوەکان بۆیان دەرخستووین ئه و ناوچەیە لە هەزارەی سێیەمی پێش زایین زۆر ئاوەدان و پێشکەوتوو بووە و خەڵکەکەی زۆر دەوڵەمەندبوون و خۆش ژیاون، جیا لەوەش شوێنێکی تەواو گرنگ بووە و بە تەواوی بەسەر دەشتی شارەزووردا زاڵ بووە، بۆیە لە هەڵمەتی پێنجەمی هێرشی (ئاشووربانیباڵ) دژ بە پاشا (ماناجای ئاشووری لە 660)ی پێش زایین، دووبارە شارەکە شەڕی تێکەوتووه و لەلایەن ئاشووربانیباڵەوە کۆنتڕۆڵ کراوەتەوە. لە ئەنجامی کنە و پشکنین، دەیان گۆزە و سەری ڕم و چەکی ئه و سەردەمە، لەگەڵ کەلوپەلی بیناسازی و هەڵکەندن و چەقۆ و دەفر و کەلوپەلی چێشتخانە و زۆر پارچەی تری شوێنەواری لێ دۆزراونەتەوه، زۆربەیان لە ئاسن و سیرامیک و قوڕ درووست کراون. هەروەها تەرمی سەردەمە جیاجیاکانی لێ دۆزراونەتەوە، تەمەنیان بە شێوەیەکی گشتیی لە نێوان ساڵێک تا چل و پێنج ساڵ بووە، زۆرینەیان ئی سەردەمی ئاسنینن، هاوکات کەلوپەلی زۆربەی سەردەمەکانی تێدا دۆزراوەتەوە، وەک سەردەمی ئاشوورییەکان، ئەکەدییەکان، بابلییەکان، ئیسامی و ساسانییەکان.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]