مەلا ڕەسوڵی پێشنماز
پێداچوونەوەی: بەختیار
سەربردەی ژیانم هەڵگری بیرەوەرییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ڕەسووڵی پێشنەمازە. ئەو نزیکەی نیو سەدە تێکەڵاوی ڕووداوەکانی چەندین قۆناخی گرنگ لە مێژووی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا بووە. هەروەها لە سەردەمی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی (جمهوری کوردستان) لە ساڵی 1946دا لە ڕیزی ئەو مناڵە کوردانەدا بوو کە بۆ یەکەمجار هەلیان بۆ ڕەخسا هەتا بە زمانی دایکیی خۆیان بخوێنن. ڕەسووڵی پێشنەماز لە مناڵیدا چاوی بە سەرۆککۆماری کوردستان کەوتبوو. لە دواییدا کە بە مەبەستی خەبات بۆ ئازادیی نەتەوەکەی ڕووی لە باشووری وڵاتەکەی کرد، لە نزیکەوە بۆ ماوەیەک لای مستەفا بارزانی بوو. ئەو لە ڕیزی ئەو کەسانەدا بوو کە پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان هەوڵی بووژاندنەوەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانیان دا. لە پاش کۆتاییهاتن بە ڕێبەریی ئەحمەد تۆفیق لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستاندا و لە کۆنفرانسی سێهەمی ئەو حیزبەوە دەبێتە ئەندامی سەرکردایەتیی سیاسی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی (ئێران). لە کۆنگرەی چوارەمی ئەو حیزبەشدا کە پاش ساڵانێکی زۆر بە ئازادیی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا گیرا، ئەو وەک بەرپرسێکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە چالاکییدا بوو. ناوبراو لە نزیکەوە لەگەڵ دوکتوور قاسملوو و باقی ئەندامانی سەرۆکایەتیی حدکا تێکەڵاوی زۆر پرسی جددی بوو و ئاگاداری زۆر وردەکاریی ڕووداوەکان بووە. لە پەنای ئەمانەشدا توانیوییەتی بە پێی توانا زۆر بەڵگەی بەنرخ لای خۆی بپارێزێت کە یارمەتیدەری متمانەداربوونی بیرەوەرییەکانییەتی.
نووسینەوە و بەڵگەمەندکردنی کتێبەکەی ڕەسووڵی پێشنەماز سپێردرا بە نووسەر و لێکۆڵەری کورد سۆران کەرباسیان. سۆران کەرباسیان بۆ زۆرتر ڕوونکردنەوەی ڕووداوە مێژووییەکانی ئەم پەرتووکە، جیا لەوەی کەڵکی لە ئارشێو و بەڵگەکانی خۆی وەرگرتووە، هەموو ئەو سەرچاوە تۆمارکراوانەشی لەبەرچاو گرتووە کە لەسەر مێژووی ئەو حیزبە بڵاو بوونەتەوە. ئەم پەرتووکە بەشێوەیەکی بەڵگەمەند هەڵگری زانیاریی لەسەر ڕووداوە گرنگەکانی مێژووی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانە. هەروەها لەمەڕ پرسگەلێکی گرنگی مێژوویی وەک بووژانەوەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، گۆڕانی ئامانج و ستراتێژیی ئەو حیزبە و توناکرانی بەشێک لە خەباتکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زانیاریی ورد و جێمتمانە بە خوێنەر دەدرێت.
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 15,724 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!