مامۆستا ئەدیب لە ساڵی 1874ی زایینی لە ئاوایی شاوەلەی #نەغەدە# لە دایک بووە. خوێندەواریی زمانی کوردی، فارسی و عەرەبی لە قوتابخانەکان و مزگەوتەکان فێر بووە و قوتابیی مامۆستا وەفایی، شاعیری ناسراوی نەتەوەی کورد بووە.
ئەدیب، بژێوی ژیانی بە مەلایەتی و وەرگرتنی زەکات پەیدا نەکردووە و کۆی تەمەنی بە وانەوتنەوە بە کوڕە ئاغایان، ئاش وەستایی، دارتاشی و پزیشکیی خۆماڵی دەرباز کردووە و ڕاپەڕاندووە.
ئەدیبی شاعیر و نیشتمانپەروەر، چەند ساڵێک لە ئاوایی “پەسوێ”ی #پیرانشار#، وانەی بە کوڕەکانی قەرەنی ئاغای مامەش گوتۆتەوە و دوای چەند ساڵێک ڕووی کردووەتە شاری #شنۆ# و لە ئاوایی سەرگیز، وەک مامۆستای کوڕەکانی عەبدوڕەحمان ئاغا دامەزراوە.
ئەدیب پیاوێکی ڕووخۆش و زمان شیرین و نەرم و سەنگین بوو و لە هونەردا سەری لە زۆر شتان وەکوو هۆنراوە هۆنینەوە، خۆشنووسی، دارتاشی، ئاش وەستایی و … دەردەچوو و لە نووسینی نەسر و دانانی هەڵبەستدا سەلیقە و دەستەڵاتێکی زۆر بەرزی هەبوو.
مامۆستا ئەدیب هەڵبەستی بە چوار زمانی کوردی، فارسی، عەرەبی و ڕووسی هۆنیوەتەوە و بەشێکی زۆر لە هۆنراوەکانی نەماون و لەناو چوون.
مامۆستا گیو موکریانی کە بەزەحمەت و تێکۆشانی خۆی دیوانی ئەدیبی لە چاپ داوە، لە سەرەتای دیوانەکەدا دەنووسێ: “بەسەرهات و هەڵبەستەکانی ئەدیبم هەندێکیان لە مەلا قاسمی زەندی، برازای مەلا ڕەسووڵی ئەدیب و بەشێکیان لە فەقێ سمایلی سەرمابردوو وەرگرتووە و پڕ بە دڵ سپاسیان دەکات.”
مامۆستا ئەدیب. ساڵی 1932ی زایینی لە شاری شنۆ دڵی لە لێدان دەکەوێ و لە گۆڕستانی ئاوایی دەربەندی نەغەدە بەخاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردراوە.
دیوانی مامۆستا ئەدیب لە تێکۆشان و کۆکردنەوەی مامۆستا گیو موکریانی لەسەر ئەرکی چاپخانەی کوردستان لە ساڵی 1960ی زایینی لە شاری #هەولێر# چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
دیارە هیچ وێنەیەک لە مامۆستا ئەدیب لەبەردەست نییە و ئەو وێنەیەی دام ناوە، وێنەی عەلی زەندی، کوڕی مامۆستا ئەدیبە کە لە نەوەکەی کەماڵ ئەدیبم وەرگرتووە.
لە کامێنتی یەکەم دا نموونە هۆنراوەێکی مامۆستا ئەدیبم بۆ داناون کە لەسەرقاڵبی پێنج خشتەیی داڕێژراوە.
چەند نموونە لە هۆنراوەەکانی مامۆستا ئەدیب:
نموونەی:
ئەتۆ دوێنێ قەرارت دا دەگەڵ من
کە چوار پارچە قەڵەم هەن، خالیس ئاسن
ئەمن ئەوڕۆ هەتا شەو مونتەزیر بووم
خودا ببڕی بڵا پیاوی درۆزن [1]
چاوەکەت مەستە بە ناحەق فێری مەیخانەی مەکە
لێ گەرێ مەخموری بەزمی دوردی پەیمانەی مەکە
زوڵفی سازاوت دەسا تەرتیب و چینی تێک مەدە
حەیفە تووشی جەوری ڕیشو کێشی لەرزانەی مەکە
پەرچەمت جێ ئاشیانەی بولبولی تەبعی منە
چونکە کێشکچی شەوە، تۆ مەنعی هێلانەی مەکه
گەردەنم پێ خۆشە حەڵقەی تای تەنافی زولفەکەت
چاوەکەم ئیتر حەواڵەی تەوق و زۆڵانەی مەکە