بابەت: وتار
نووسین: #کەریمۆک غەفوور#
بێگومان قسەکردن لەسەر ئەنفال جۆرێک لە پسپۆڕی و ئاگایی دەوێت، چونکە لەوە گوزەراوە ئێمە بتوانین بە گشتگیری قسە لەسەر جینۆساید و ئەنفال یا هەر بابەتێکیتر بکەین، بە تایبەت کە ئەنفال پرۆسەیەکی سەراپاگیر و فرە ڕەهەند بوو بۆ قڕکردن و لەناوبردن و سڕینەوەی میللەتێکی بندەست، کارەساتێکە لەناو ویژدانی ئێمە و لەناو ویژدانی مرۆڤایەتیدا زیندووە و نامرێت.
ئەمڕۆ ئەنفال بۆتە شوناس، هەم بۆ توێژینەوە لەمەڕ بەعسناسی و ئاستی ستەمکاری، هەم بۆ ناسینەوەی مێژووی چەوساندنەوە لەم ناوچەیەی پێی دەگوترێت عێراق.
فیلمی دایکانی من لە دەرهێنانی ئیبراهیم سەعیدی و زەهاوی سنجاوی
فیلمی “دایکانی من” لە دەرهێنانی “ئیبراهیم سەعیدی” و “زەهاوی سنجاوی”
کاری ئێمە قسەکردنە لەسەر ئەنفال کە چۆن و بە چ ئاستێک لەنێو ئەدەب و هونەری کوردی (بە تایبەتی سینەما) بەرجەستە بۆتەوە؟ یاخود لەناو کام کایەی هونەریدا زۆرتر بۆتە مایەی هەڵوەستەکردن، ئایا هونەر و ئەدەبی ئێمە کەی دەتوانێ لە ئاست گەورەیی ئەم کارەساتەدا شاکاری گەورە بخوڵقێنێ..؟! ئایا کارکردنی هەردوو کایەی ئەدەب و هونەر لەسەر پرسی ئەنفال لە ئاستی پێویست دایە؟ دەشێ بپرسین ئەنفال لە ڕێی زمانی هونەرەوە لە لۆکاڵ دەرچووە و گەیشتۆتە دەرەوەی خۆمان؟
شاراوەنییە لەو ساتەی پرۆسەی ئەنفال بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەستی پێکرد و بەعس دەسەڵاتی بەسەر هەموو کونجێکی ئەم ژیانەدا کێشابوو، لە هەمانکاتدا ئەگەر بە لاوازیی و پچڕ پچڕیش بووبێت، نووسەران و ڕووناکبیرانی کورد لە نووسینەکانیاندا ئاماژەیان بەو تاوانانە داوە، لە نێو چامەی شیعری و تێکستە شانۆیەکاندا ئەوە بەرجەستە کراوە، ئەگەرچی ئەو ئاماژە پێدانە لە ڕێی بەکارهێنانی زمانی سیمبولەوە بووە و ڕەنگە ئەمەش لە ئاستی گەورەیی ئەو کارەساتەو ناسینی کارەساتەکەدا نەبووبێت، من پێموایە لەبەر فراوانی و قەبارەی کارەساتەکە تا پەنجا ساڵی تریش نەتوانین ئەنفال لەناو پرۆژەی هونەری و سینەمادا تەواو بەرجەستە بکەینەوە، چونکە خودی بزافی هونەری سینەما لە کوردستان هێشتا لە قۆناغی بەرکەماڵ و جێگیر بووندایە”.
دەبێ ئێمە ئەوە بزانین کە تەمەنی سینەما لە دونیادا هێشتا سەد و هەژدە ساڵی تێپەڕ نەکردووە، لە کوردستانیش هێشتا ئەو هونەرە لە دەسپێکی هەنگاونانی دایە، هێشتا ئەو ڕەوتە ناجێگیرە و لە هەڵکشان و داکشانی بەردەوام دایە، بە بەراورد بە لایەنەکانی ئەدەب و هونەر و مەعریفە، چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لە ئاستی دونیا سینەما هونەرێکی زۆر تازەیە، بەڵام وەک دەبینین بەخێرایەکی سەرنجڕاکێش جێگەی خۆی کردەوە، ئەمەش بەهۆی فراوانی و ڕاستەوخۆیی ئەو کاریگەریەی کە لەسەر بینەر دروستی دەکات، بێ جیاوازی زمان و ڕەگەز و تێگەیشتنەوە، چونکە سینەما هونەری لاڵ و بێدەنگانە، هونەری هەموو گەلان و هەموو ئاستەکانە، تەنها ئەوەی بتوانێ ببینێ لێی تێدەگا، لە منداڵێکەوە تاوەکو مرۆڤێکی پێگەیشتوو، واتا سینەما هونەرێکە سروشتێکی جیهانی و گەردونگەرایی هەیە، کە بەداخەوە ئەم هونەرە مەزنە لەناو ئێمەدا بەهای خۆی پێنەدراوە، چ لەناو ڕەوتی ڕووناکبیری و کۆمەڵایەتی چ لەناو ڕەوتی سیاسی، تەواو نەناسراوە و جێکەوتە نەبووە، هێشتا بۆشایەکی گەورە هەیە لە نێوان خەڵک و سینەما، هێشتا نەبۆتە پرۆژەیەکی ژیاری و بەشێک لە کلتوری خەڵک، واتە هونەرێک لە بنەڕەتدا خۆی نەگرتبێت و نەیتوانی بێ لەسەر پێی خۆی بوەستێ، شۆڕ نەبووبێتەوە بۆ نێو فەرهەنگ و ڕەوشتی تاکەکان، هەڵبەتە چۆن دەتوانێ کێشە گەورەکانی کۆمەڵگە بە کێشەی ئەنفالیشەوە لەخۆ بگرێت؟! چۆن دەتوانێ لەئاست کارەسات و کێشە گەورەکان شاکاری گەورە بەرهەمبێنێ. سەرەتا دەبێت سینەما باڵا بکات و دەسەڵات تێبگەیەنین کە دیدێکی ڕۆشنی هەبێت بۆ سینەما و وەک ئامراز و کایەکی گرنگ سەیری بکات، ڕاستتر باوەڕی بە سینەما هەبێت کە خاوەنی گوزارشتیکی جیهانییە، ئەوسا سینەما ڕۆڵی خۆی لە سەرخانی کۆمەڵایەتی دەگێڕێت و دەتوانین کێشە گەورەکانی خۆمانی پێدا هەڵواسین، ئەمەش مانای ڕەشبینی نییە، چونکە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ دروستکردنی فیلمی پایەبەرز و ئێستاش چەندین فیلمی گرنگی سینەمای هەیە کە شایانی ئاماژە پێدانن، بەداخەوە فیلمی کوردی لە ئاستی ناوخۆ کەس نای ناسێ، بەتوێژی ڕووناکبیران و سیاسیەکانیشەوە..!، بەڵام لە ئاستی دەرەوە خاوەن سەنگ و پێگەی خۆیەتی و ساڵانە فیلمسازان لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکاندا خەڵاتی گرنگ وەدەست دێنن، ئەوە بێجگە لە چەندین کورتە فیلم و فیلمی دۆکیۆمێنتاری کەلە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا دروستکراون، بەڵام ئایا لەناو فیلمەکاندا تا چەند پرسی ئەنفال ئامادەیی هەیە؟ کە ئەمە تەوەری سەرەکی ئەم وتارەی ئێمەیە.
رەنگە لێرە و لەوێ ئەنفال بووبێتە بابەتی فیلمسازانی کورد و هەمیشە فیلمسازی کورد بیری لەوە کردبێتەوە کە لە ئاست گەورەیی ئەم تاوانەدا بێت، کە دەتوانین ئاماژە بە چەندین کاری هونەری بدەین کە لەسەر ئەنفال و بەرەنجامەکانی دروست کراون، بەڵام ئێمە لێرەدا سەرنج لەسەر دوو فیلمی کوردی خەست دەکەینەوە، ئەوانیش فیلمی بڵندی فیکشنی “سرتە لەگەڵ با”ی هونەرمەند (شەهرام عەلیدی)یە، کە لە ڕوانگەیەکی شاعیرانە و گێڕانەوەیەکی هونەریانەوە چیرۆکی ئەنفال بەیان دەکات، لەم فیلمەدا نە قەترەیەک خوێن دەڕژێ و نەشۆفڵ و حەفارەی تێدا بەکارهاتووە، بەڵام ئەنفال دەبینی..!، گوندەکان دەبینی کە چۆن خاپورکراون، هەست بە تاوانکاریەکی گەورە دەکەی کە دەرهەق بەو میللەتە کراوە، لەناو ئەم فیلمەدا ئەنفال بەشێوەیەکی هونەری باش بەرجەستە کراوە، دەرهێنەر بە پشتبەستن بەو بەڵگە و دۆکیۆمێنتانەی کە لەسەر ئەنفال هەیە خەیاڵی خۆی ئاڕاستە کردووە، هەر بۆیە توانی لە شەست و دووەمین خولی فێستیڤاڵی (کان) سێ خەڵاتی بەشی ڕەخنەگرانی ئەو فێستیڤاڵە بەدەست بێنێ، لەو فیلمەدا لەوە تێدەگەین کە دەبێت هونەرمەند کاتێک لەسەر مەسەلە گرنگەکانی کۆمەڵگەکەی ئیش دەکات دەبێت چەند هەستیار بێت، هەم لە ئاستی کارەساتەکە کەم نەکاتەوە، هەم لایەنی هونەری و جوانکاری و خەیاڵ و ئەفراندن لە دەست نەدات.
فیلمی دووەم “هەموو دایکانی من”ی هونەرمەندان (ئیبراهیم سەعیدی و زەهاوی سنجاوی) کە فیلمێکی دۆکیۆمێنتارییە و باس لە ئەنفالی بارزانییەکان دەکات، ئەویش بە شێوەیەکی هونەری و ئومێدبەخش دروستکراوە، یەکێکە لەو فیلمە دۆکیۆمێنتاریانەی کە پێشتر نەخشە و پلانی بۆ داڕێژراوە و هەڕەمەکی کاری لەسەر نەکراوە، لەم فیلمەدا هەم ئەنفال دەبینین هەم هونەر، هەر بۆیەش بەیارمەتی بەرپرسان لە کۆشکی پەرلەمانی سوید و چەند شوێنێکی گرنگ هاتە نیشاندان و لە ناوخۆش بووە مایەی ڕەزامەندی، ئەگەرچی ئەم فیلمە دۆکیۆمێنتارییە، بەڵام دید و جیهانبینی دەرهێنەر و ویست و مەبەستی پڕۆژەکە بەسەر کارەکەوە دیارە.
لە تەک ئاماژەدان بەو دوو فیلمە و چەندین فیلمی تری وەک عەلی کیمیایی (جانۆ ڕۆژبەیانی) و هەزار و یەک سێوی (تەها کەریمی)، کە لەسەر پرسە هەمەجۆرەکانی ئەنفال دروست کراون.
لە بواری ئەدەبیشدا دەقی جوان بەرچاو دەکەوێت، کە لە گۆشەنیگای جیاوازەوە لەو پرسە گرنگەیان ڕوانیوە، لێرەدا دەپرسین ئایا سینەماکاران توانیویانە کار لەسەر ئەو ڕۆمان و چیرۆک و تێکستە ئەدەبیانە بکەن کە لەسەر ئەنفال نووسراون؟! بێگومان ئەدەب بە هەموو ژانرەکانییەوە زەخیرەیەکی گرنگە بۆ سینەما، دەتوانین بڵێین ئەدەب خۆراکی سینەمایە، بەڵام بەداخەوە زۆر کەم ئەو بابەتە ئەدەبیانەی لەسەر ئەنفال نووسراون بوونەتە سەرچاوە بۆ سینەما، بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەنێو ئەو تێکستانەدا خەیاڵ باڵا دەست نییە و بە شێوەیەکی سادە کار لەسەر بابەتی ئەنفال کراوە و مەبەست زیاتر ختوکەدانی هەستی خوێنەر بووە، بەشێکیتریش لە تێکستەکان خاڵییە لە وێنەی هونەری و بواری کارکردن نادات بۆ سینەما کە دەشێ وەک ئەدەب دەقێکی باش بێت، تێکستی تریش هەیە وەک (گۆڕستانی چراکان)ی مامۆستا شێرکۆ بێکەس، خۆ لەقەرەدانی توانایی دەوێت، سەرەڕای ئەوەی ڕۆمان لە سینەما نزیکترە تا شیعر. لەم نێوەدا نابێت ڕووناکبیری دیاری کورد (بەختیار عەلی)مان لە بیر بچێت کە لە بەشێک لە ڕۆمانەکانیدا کاری لەسەر ئەنفال کردووە، بە شێوەیەکی زۆر تایبەت و پڕ لە ئەفسوون، پڕ توانستی خەیاڵ و وێنەی شیعری، بە شێوەیەک لەکاتی خوێندنەوە وێنەکان دەبینی، بەختیار تاکە ڕۆماننووسی کوردە نووسینەکانی تەواو لە سینەما نزیکە، وەک من بزانم زۆر لە سینەماکارانی کورد بیر لە ڕۆمانەکانی بەختیار دەکەنەوە، بەڵام بەداخەوە دوای ئەوەی بەشێک لە ڕۆمانی “شاری مۆسیقارە سپییەکان”ی کرا بە فیلم لەوەدەچێ ئەویش دڕدۆنگ بووبێت بەرامبەر فیلمسازانی کورد، چونکە فیلمەکە (شەوی حساب) لە دەرهێنانی حوسێن سێودین، نەک هەر حسابی بۆ ئەو هەستە پڕ فانتازیایەی ناو ڕۆمانەکە نەکرد بوو، بەڵکو بەشێوەیەکی زۆر ڕوکەشکارانە کاری لەسەر ئەو بەشەی ڕۆمانەکە کرد بوو، لە گەڵیشیدا پرۆسەی ئەنفالی بەشێوەیەکی زۆر ناشیرین و کاریکاتێری خستبووەڕوو.
فیلمی (شەوی حساب)ی دەرهێنەر حسێن سێودین
فیلمی (شەوی حساب)ی دەرهێنەر حسێن سێودین
کارکردن لەسەر چیرۆکە کارەسات ئامێزەکانی ئەنفال و خستنەڕووی پرۆسەی کۆمەڵکوژی کورد لە ڕێگەی سینەماوە، ئاگایی و وریایەکی زۆری دەوێت، چونکە ئیشی سینەما کۆپیکردنی واقیع و دووبارە گێڕانەوەی واقیع نییە، هەروەها ئیشی سینەما دووبارە نووسینەوەی مێژووش نییە، بەڵکو کاری ئەو بە بنەماگرتنی واقیع دروستکردنی واقیعێکی تازەیە لە ناو فیلمدا، کە سەرنجی بینەر ببات و تامەزرۆی بێت، هەروەها بۆ مێژووش هەمان شتە، سینەماکار مێژوو نانووسێتەوە بەڵکو میژوو دروست دەکات.
بەرجەستەکردنی خودی واقیع و خودی مێژوو وەک خۆی لە سینەمادا، کارێکە دوور دەبێت لەچێژی هونەری و بینین وەک ئەو هەوڵە شکستخواردووەی بەڕێز (جەلیل زەنگەنە) لە زنجیرە سێی گەردەلول هەنگاوی بۆنا، بە جۆرێک بەهای هەموو ئەو کەسایەتیە سیاسییە دیارانەی ناو بزافی ڕزگاریخوازی کورد کەوتە ژێر پرسیارەوە و ئەو وێنەیەی لە زهنی بینەر هەبوو بەرامبەر ئەو کەسایەتیانە تەواو ئاوەژوو بۆوە، چونکە کەسایەتی و ڕووداوەکان لە نێو فیلم و لە نێو واقیعدا تەواو جیاوازە، مەرج نییە ڕووداوە ڕاستەقینەکان لە نێو فیلمدا سەلیقە و چێژی بینەر بەلای خۆیاندا کێش بکەن، زۆرجار کۆپی کردنی ڕووداوە ڕاستەقینەکانی ڕۆژانە لە سینەمادا کاریکاتێری دەکەوێتەوە، بە جۆرێک دەبێتە مایەی گاڵتەجاڕی، بە پێچەوانەوەش زۆر ڕووداو هەن ئاوێتە بە خەیاڵی دەرهێنەر لە نێو پڕۆژەیەکی هونەری سەرکەوتوودا زاخاو بەخەیاڵ و جیهانبینی شێوە دەگرن و دەناسرێن.
واتە کە هونەرمەندێک فیلمێک لەسەر ئەنفال دروست دەکات، نابێت دووبارە کارەساتی ئەنفال بگێڕێتەوە و بە خستنەڕووی کارەساتەکە وەک خۆی ختوکەی هەستی بینەر بدات، کێ هەیە لە بەرامبەر جیاکردنەوەی منداڵێک لە دایکی و بێڕەحمانە فڕێدانە ناو ئیڤا دڵی نەیێتە لەرزین، سینەماکار فۆتۆگرافەر نییە، ژیان وەک خۆی بگوازێتەوە، شێرەژنێکی گەرمیانیش کە لەئەنفال دەربازی بووە دەتوانێ هەموومان بهێنێتە گریان، ئاسانە خەڵک بخەیتە گریان، بەڵام سەختە خەڵک بخەیتە بیرکردنەوە و ڕامان، سینەما دید و تێڕوانینە، پەیامە، جوانییە کە دەرهێنەر دەزانێ چۆن ئەو پەیام و جوانییە ئاڕاستە دەکات.
بۆ نموونە فیلمساز کاتێک بیەوێت فیلمێک لەسەر کارەساتی (داری خلە) دروست بکات، کە لەئەنجامی هەرەسی ئەشکەوتێکەوە، حەوت پێشمەرگە بۆ ماوەی چەند ڕۆژان بێ داد و فریاد لە ژێر ئەو ئەشکەوتە مانەوە تا یەک یەک هەموویان مردن، دەبێت لە گۆشەیەکی تایبەتییەوە باس لەو ڕووداوە بکات، ڕەنگە بۆ بینەر لایەنی دەروونی ئەو حەوت پێشمەرگەیە گرنگ بێت، گرنگە بزانرێ باری دەروونی ئەو پێشمەرگانە چی بووە و لەو ساتەدا بیریان لەچی کردۆتەوە، ئەوان بەر لە مردن چۆن بیریان لە بەعس کردۆتەوە، چۆن بیریان لە کورد کردۆتەوە، چۆن لە مەرگیان ڕوانیوە کە بەرەو پیریان دێت، واتە فیلمێک لە چرکەساتی بوونیان بەژێر خۆڵەوە هەتا چرکەساتی باوەشکردن بە مەرگ، ئەو ساتانە تەنها خەیاڵی هونەرمەند دەتوانێ پەی پێ ببات و لەناو ئەو کایە گرنگەدا ئیش بکات، هونەرمەند لەڕێی بۆچوون و خەیاڵەوە دەچێتە نێو ناخی ئەو حەوت پێشمەرگەیەوە کە لە واقیعدا هەر نەی بینیون.
هونەری سینەما دوو ڕەگی هەیە، یەکێکیان ئەدەب بەشێوەیەکی گشتی، ئەویتریش واقیع و ژیان خۆی، کەدواجار ئەدەبیش سەرچاوەکەی واقیعە ئاوێتە بە خەیاڵی نووسەر، کە دەرهێنەرێک بیەوێت فیلمێک لەسەر پرسی ئەنفال دروست بکات، گرنگە چەند ڕۆمانێک یاخود چەند چیرۆکێکی لەبەر دەست دابێت، هەبوونی سەرچاوە و توێژینەوە، کۆکردنەوەی ئەرشیف و هەرچی شتێک کە پاشماوەی ئەنفالە و لە ئەنفال بەجێماون، کەلوپەل و گۆچان و سینی و مەمۆرە و هەرچی ماوەتەوە، ئەمانە سەرمایەی ئێمەن، هەموو ئەو نووسینانەی لەسەر ئەنفال نووسراون، هەموو ئەو چیرۆک و داستان و ڕۆمانانەی کەلەسەر ئەنفال هەن، تەنانەت نووسینێک لەگۆشەیەکی ڕۆژنامەیەکیش بن، هەموو ئەمانە لە شوێنێک لە بەردەستدا بێت و کۆبکرێنەوە و لە شوێنێکی تایبەت لە (مۆزەخانەیەک)دا بپارێزرێن، کە هونەرمەندێک هاتە وڵاتی من و گوتی دەمەوێ چاوم بکەوێت بەو کەلوپەل و شتانەی لەسەر ئەنفال بە جێماون و دەمەوێت فیلمێک لەسەر ئەنفال دروست بکەم، دەبێ ئەوکاتە بیبەینە ئەو مۆزەخانەیە و دۆکیۆمێنتەکانی نیشان بدەین، بەڵی (مۆزەخانەی ئەنفال) کە دەبێتە باشترین بەڵگە بۆ نەوەکانی داهاتوو، بۆ هەموو هونەرمەندان و ڕۆشنبیران تا ئەنفال لە بیر نەچێتەوە و هەمیشە ئاگاییمان بەرامبەر ئەو پرسە بە خەبەر بێت.
هەروەها بوونی سەنتەرێکی توێژینەوەی تایبەت بە جینۆساید، یەکێکە لە پرۆژە هەرە گرنگەکان کە دەبوو چەند ساڵ پێش ئێستا دروست کرابا، هەموو ئەو بەڕێزانەی لەسەر ئەنفال دەنووسن و توێژینەوە دەکەن لەو سەنتەرە کار بکەن، بوونی ئەو سەنتەرە زۆر گرنگە، هونەرمەندێک کە ئەنفالی نەبینیوە، بەڵام بەڕۆح لەناو ئەنفالدایە و زانیاری سنوردارە لەسەر ئەنفال، دەبێ چەند کتێبێک بخوێنێتەوە و پرسیار و بەدواداچوون بکات بۆ دەسکەوتنی زانیاری لە سەر ئەنفال، بەڵام ئەگەر ئەو سەنتەرە هەبا ئەوکاتە ئەو بەڕێزانەی لەوێ کاردەکەن و پڕن لە زانیاری لەسەر ئەم پرسە، دەتوانن وەک ڕاوێژکار لەگەڵ ستافی فیلمەکاندا کار بکەن، وەک ڕاوێژکار لەگەڵ ڕۆماننووسەکاندا کار بکەن، لەگەڵ هەر کەسێکی بیانی کە هیچ لەسەر ئەنفال نازانێ و دەزانێ کارەساتێکی گەورە بەسەر گەلی کورددا هاتووە و دەیەوێ ڕاپۆرتێکی لەسەر دروست بکات، بەڵام ئەگەر ئەوانە نەبێت دوو ئەرک دەکەوێتە سەرشانی سینەماکار، ئەرکێک لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەسەر جینۆساید و لەسەر ئەو پرۆسە گەورەیە، تا چیرۆکێکی پڕ لە هەستی ئینسانی و ڕاستگۆ داڕێژێ و دواتر هەوڵبدات ئەو چیرۆکە بە شێوەیەکی هونەری بگێڕێتەوە، لەڕێگەی زمانی سینەماوە بە شێوەیەکی هونەری بیخاتەڕوو، ئەمەش ڕەنگە کارەکە وەک پێویست و بێ کەموکوڕی بەڕێوە نەچێت..!
فیلمی (1001 سێو)ی دەرهێنەری تەها کەریمی
فیلمی (1001 سێو)ی دەرهێنەری تەها کەریمی
هەروەها کۆمەڵێک کەسوکاری ئەنفال لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفال ڕزگاریان بووە کە ئێستا گەورەترین شایەتحاڵن، کەسێکی وەکو تەیمور کە ئەمینستی ئەنتەرناشناڵ چاوپێکەوتن و ڕاپۆرێکی درێژی لەسەر ئەنجامداوە، کە گەورەترین دۆکیۆمێنتە ئێستا مابێتەوە، دەیان کەسی تر لەناوچە جیاجیاکاندا هەن، ئەمانە چۆن دەبێ بە ئاسانی بمرن و تێپەڕن، مەرگی ئەوانە، مەرگی دۆکیۆمێنتە لەسەر ئەنفال، دەبێ ئەمانە دۆکیۆمێنت بکرێن، خەڵک هەیە لەئەنفال ڕزگاری بووە توانای گوزارشتکردنی نییە چۆن تۆ وای لێدەکەی گوزارشت بکات لەوەی کە بینویەتی، ئەمانە سەرچاوەی ڕاستەقینەن، سەرمایەکی گرنگی توێژەران و هونەرمەندانن لەسەر ئەنفال، کە ئەرکی ئەو سەنتەرەیە ئەم ئەرکە پیرۆزە بگرێتە ئەستۆ جەخار ئەگەر ئەم سەنتەرە ئێستا ئامادەیی هەبا..!!
سیحری ئەمە چییە لەوسەری دونیاوە جۆرنالیستەکان دێن و باس لە کارەساتی هەڵەبجە دەکەن، لەکوێی دونیا بڵێی من کوردم وێنەکەی عومەری خاوەر و چەندین وێنەی ئەو کارەساتە دەخەنە بەردەستت، واتە چەند وێنەیەکی فۆتۆگرافی مێژووی هەڵەبجە دەگێڕنەوە، بەڵام بۆ ئەنفال بەداخەوە وێنەی پێویست لەبەر دەستدا نییە، ئەگەر شایەتحاڵێکی وەک تەیمور و عوزێر و واحید…و نەبوونایە زەحمەت بوو بڕوا بە دەرەوەی خۆت بێنی، ئەگەرچی قەبارەی کارەساتی ئەنفال زۆر لە هەڵەبجە فروانترە.
سەرەڕای ئەمانە لە بواری هونەریشدا دەیان بەربەست و گرفت هەن، جارێ زۆر تێگەیشتن لەناو هونەردا هەیە، شۆڕ نەبۆتەوە بۆ ناو کۆمەڵگە و کار لەسەر ئەوە نەکراوە کە هونەر باش بناسرێ و بەنێو کلتوری خێزانی کوردی شۆڕبێتەوە، بۆ نموونە تۆ دێیت فیلمێک لەسەر گەرمیان دروست دەکەی، تەواوی گەرمیان هۆڵێکیان نییە ئەو فیلمەی تێدا ببینن، هۆڵێک نییە کە لەچێژی سینەما بەهرەمەندیان بکات، چۆن دەزانین ئەو فیلمەی لەسەر ئەوان دروست کراوە شتێکی گرنگە، زۆر جاران ڕووبەڕووی ئەو پرسیارەت دەکەنەوە، کەی ئەو فیلمە نیشاندەدرێت، یان دەگوترێت فیلمسازی کورد هەر بۆ فێستیڤاڵەکان کار دەکات.
گرفتێکیتر مەسەلەی ئازادی هەڵبژاردنی بابەتە لەلایەن هونەرمەندەوە، بێگومان هونەرمەند ئازادە چۆن لە دیاردە و دەرکەوتە کۆمەڵایەتیەکان دەڕوانێ، هەروەها ئازادە چۆن کار لەسەر ئەنفال دەکات و لە کام گۆشە و کام دەریچەوە دەچێتە ژوورێ، بەڵام هەندێجار ئەم ئازادی کارکردنەی لێ سەندراوەتەوە، بە جۆرێکیتر هەڵسەنگاندنی پێچەوانەی بۆ کراوە، وا لێکدراوەتەوە کە ئەو فیلمەی ئەو زیان بە دۆزی کەس و کاری ئەنفالەکان دەگەیەنێ، ئەمەش سەرەڕای سنورکێشانە لەبەردەم گۆشە نیگای هونەرمەند، لەلایەکیترەوە خاوەنداریەتی پرسی ئەنفال تەنها بۆ کەس و کاری ئەنفالەکان دەهێڵێتەوە، ئەمەش دیدێکە دەبێت وەلا بنرێت، ڕاستە برینەکە لەجەستەی ئەوان دایە، بەڵام دواجار برینی جەستەی نەتەوەیەکە و هەموو تاکێکی کوردستان بە پرسی خۆی دەزانێ.
ڕاگرتنی درامای (گەرمیان و کوێستان) لە کەناڵی کوردسات، بەهەر پاساوێک بووبێت کارێکی خراپ بوو، دەبوایە لێگەڕابان تا کۆتایی، ئەوسا هەموو قسەی خۆی دەکرد، ئەوسا دەمانزانی لە کوێ پێویستە هەڵوەستە بکەین و قسەمان هەبێت، ئاخر پێموانییە هیچ دەرهێنەر و هیچ تاکێکی کورد هەبێت بە مەبەست و بە ئەنقەست بیەوێ کار لەسەر ناشیرینکردنی پرسی ئەنفال بکات، خۆ ئەگەر کارەکەش واکەوتەوە ئەوسا قسەی لەسەر دەکرێت و کۆدەنگی دروست دەبێت، بەڵام ئێستا نازانین لە کوێ و چۆن پەخشی ئەم درامایە مایەی زیان بەخشین بوو..! هونەرمەند دەیەوێت کار لەو دیوە شاراوانەدا بکات، کە کەس سەرنجی لەسەریان نییە، دەیەوێت تیشک بخاتە سەر هەندێ لایەن کە کەس نایبینێ، بەڵام کە دەنگی ناڕەزایی لەلایەن چەند کەسێکەوە بەرز دەبێتەوە، کە پێیان وابێت پێویست نییە ئەو بابەتە بوروژێنرێت و بابەتی گرنگتر هەیە، پێویستە ئەو کەناڵە ئەو بۆچوونانە بە هەند وەربگرێ بەڵام نابێت ئەو بەرهەمە ڕابگرێ، سەرەتا پێویستە ئەم کارە دەیانجار خوێندنەوەی بۆ کرابێت، پێشتر بەر لەدەست پێکردن هەموو شتێک تاوتوێ کرابێت، ئەوسا بڕیاری کارکردن بدرێت، چونکە کارکردن لەسەر ئەنفال کارکردن لەسەر بابەتێکی ئاسایی نییە، دەبێت ئەم تێکستە باش بخوێنرێتەوە و کاری لەسەر بکرێت، تەنانەت گۆشەیەکی کامێرا دەتوانێ چیرۆکەکە بەشێوەیەکی دیکە بگێڕێتەوە، خراپ بەکارهێنانی یەک دیالۆگ کاریگەری خۆی هەیە، واتە هەموو ئەوانە دەکرێ بەوردی ئیشی لەسەر بکرێت، بەڵام ناکرێت پەخشی بکەی و دواتر دای بخەی لەبەرئەوەی چەند کەسێک ناڕازییە، دەبێ بڕوا بەو چەند کەسە بهێنرێت، لەهەمانکاتدا دەبێت ئەوە بزانرێت سەدان کەس بە تاسوقەوە سەیری ئەو درامایە دەکەن، بێجگە لەوەش کەدرامایەک دروست دەکرێت لەسەر ئەنفالی گەرمیان یان بارزان، ئەم درامایە تەنها بۆ ئەو ناوچانە دروست نەکراوە، بەڵکو بۆ هەموو بینەری کوردستانە”.
لە کۆتاییدا دەڵێم ئەگەر بمانەوێت کار لەسەر ئەنفال بکەین، دەبێت سینەماکەمان بەهێز بکەین، کە توانای ئەوەی هەبێت کێشەی ئەنفال لەخۆ بگرێت، دەبێ دەسەڵاتی کوردی گرنگی زۆر بە سینەما بدات، دەبێت لەوە تێبگات کە سینەما خاوەن پەیامێکی گرنگ و زیندووە، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان کە تاکە مەرجەعی حکومییە، بەرپرسیارێتی زۆری دەکەوێتە سەرشان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا خاوەن پلان و ستراتیژێکی دیاریکراو نییە بۆ بەرەوپێشبردنی سینەما، لە دونیادا سینەماکارێک کە لەڤیستیڤاڵێک بەشدار دەبێت و خەڵات بەدەست دێنێت و دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی، لەلایەن سەرۆک و کاربەدەستان پێشوازی لێ دەکرێت، کەچی لە هەرێمی کوردستان ئەم مەسەلانە بە ئاسانی تێدەپەڕێت و هەموو سەرنجێک لەسەر بارە سیاسیەکەیە و هێشتا دەسەڵات لە گرنگی ئەو هونەرە تێنەگەیشتووە.!.
ئەمریکیەکان کە هاتنە عێراقەوە دەیان تیمی فیلمسازیان لەگەڵ خۆیاندا هێنا، تا لەتەک پرۆسە سەربازیەکەدا سینەما کاری خۆی بکات، دەبێت ئەمریکا بەو هەموو دەستڕۆیشتووەی خۆیەوە چ پێویستی بە سینەما هەبێت، ئەگەر لە گرنگی سینەما تێنەگەیشت بێت..! ئاخر لە پاڵ ئەو هەموو مارکێت و مۆڵە، ئەو هەموو باڵەخانەیەی بۆ ئاسمان ڕۆچووە لە هەولێری پایتەخت و شارەکانیتر چەند هۆڵی سینەما بەرچاو دەکەوێت؟!، بەداخەوە دەبوو لەماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا سینەما بکرابایە چەکێک بۆ چارەسەرکردنی دەیان ئاریشە و دروستکردنی فەرهەنگێکی بەهێز تا تاکی کوردی خاوەن ئیرادەی خۆی بێت: تاکێکی کارا و کاریگەر، پڕ لە مەعریفە و هونەر، وەتەندۆست و نیشتمانپەروەر، لە کوردستانی پڕ فەڕ، سەر بڵند و بەختەوەر..!
www.cinama.org