نوسینی: ئاراس ئیلنجاغی
ناوی تەواوی (فاتح حەمەشین خورشید سادق)ە، لە خێزانێکی هەژاری کوردپەروەری گوندی (تاڵەبانی گەورە)ی سنوری کێڵگەی نەوتی تەقتەق لەساڵی (1968) هاتۆتە ژیانەوە، لە تیرەی (خۆشناو)انە، بەڕەچەڵەک دەگەرێتەوە بۆ خۆشناوەکانی گوندی (ئەسپیندارە)ی قەزای شەقڵاوە.
لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە شیعری نوسیووەو وەک هەموو گەنجێکی ئەو سەردەم خولیابوون بە (سروشت و جوانی ژن) و کاریگەر بە (کایەی ژیان و کۆمەلایەتی و ئابوری.....تاد) لە نێو شیعرەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە.
یەکەم هۆنراوەی لە ژمارە(133)ی گۆڤاری(بەیان)ی ساڵی 1987 بڵاوکردۆتەوە، ئەمەش هاندەر بووە بۆ ئەوەی دواتر لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکانیتری ئەو سەردەم وەک ڕۆژنامەکانی (هاوکاری و عێراق بەشی کوردی) و (گۆڤاری کاروان) شیعرەکانیتری بڵاو بکاتەوە.
ساڵی خوێندنی(1991-1992) بەشی (ئابوری) کۆلیژی کارگێری و ئابوری زانکۆی سەلاحەدینی لەشاری هەولێر تەواوکردووە، لە9-9-1993 وەکو مامۆستای پسپۆڕی(ئابوری) لە ئامادەیی تەقتەقی تێکەڵاو دامەزراوە، شانبەشانی کاری پیرۆزی مامۆستایەتی وپێگەیاندنی هەزاران خوێندکار، کە بەندە لە پەروەراندکارانی ئەو مامۆستایەم، بەردەوام بووە لە شیعرنوسین و کاری ڕۆژنامەوانی و هونەریشی خستۆتە ئەستۆی خۆی بۆ خزمەتگەیاندن، لە دوای ڕاپەرینە مەزنەکەی 1991و دەستپێکی ڕۆژنامە تاقانەکەی ئەوکات(کوردستانی نوێ) لە 12-01-1992ەوە پەیامنێرو هاوکاری بووە و کاری تێدا کردووە تا ساڵی 1997، هەروەها لە نێوان(1995-1996) سەرۆکی تیپی مۆسیقای تەقتەق بووەو گەلێک لەشیعرەکانی و ئاوازەکانی لەلایەن هونەرمەندانەوە کراون بە سرود وگۆرانی.
کاری (ڕۆژنامەنوسی و بابەتی ڕۆژنامەوانی و نوسین و وەرگێرانی شیعرو ڕەخنەی ئەدەبی و گۆشە نوسی) کردووە لە بەشێکی زۆری بڵاڤۆک و ڕۆژنامەوگۆڤارەکانی هەرێم وەک(هاوڵاتی، کوردستانی نوێ، ئالای ئازادی، ڕێگای کوردستان، ڕزگاری، بزاڤ، نەمر، گۆڤاری هەرێمی کوردستان، هەفتەنامەی بەدرخان)
لەساڵی 2001 سەرنوسەری مانگنامەی(تەقتەق)ی لۆکالی بووە کە بەرێوەبەرایەتی ناحیەی تەقتەق(7)ژمارەی لێ دەرچوواند،لەرۆژنامەی(تاک) گۆشەیەکی بەردەوامی بەناوی(فول لایت)دەنوسی لە 2005-2009.
نازناوی شیعری سەرەتای هەر(بێ لان) بووە و لەدوای ڕاپەڕینەوە (تاڵەبانی)یش زیادبوو وەک وەفایەک بۆ زێدەکەی گوندی تاڵەبانی گەورەی ناحیەی تەقتەق، تا ئێستا(3) دیوانە شیعری چاپکراوی هەیە و چەندین خەڵاتی ڕێزلێنانی پێ بەخشراوە وەک خەڵاتی(سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان، یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان، بنکەی ڕووناکبیری گەڵاوێژ، خەڵاتی عەونی لە لایەن بنەماڵەکەیەوە، کەسایەتی 2012ی ساڵ لەلایەن بەرێوەبەرایەتی ناحیەی تەقتەقەوە، فیستڤاڵی شیعری لاوان تەقتەق، خەڵاتی سەید برایم بۆ ئەدەب و هونەر)، بێ لان لە هەموو ژیانی خۆیدا لەگەل کێشەی ڕەوای میللەتەکەی دابووە و هەرگیز لەبەرەی گەڵ نەچۆتە دەرەوە، هیوای تەمەن درێژی بۆ بێ لانی شاعیر دەخوازم ئەمەش دیوانەکانیەتی:
1- نۆتەی ئاوازێکی نوێ، ساڵی 2004ز.
2- قەڵەمێک لەسێبەری سپێتی دا،ساڵی 2005ز.
3- نیشتمانێک لەخەونی شەڕابی دا، ساڵی 2009ز.