دوارۆژ، هانا چۆمانی
ئەحمەد نایف کوڕە گەنجێکی تەمەن 24 ساڵەی لەدایکبووی شاری ڕومادییە ناوەڕاستی عێراق، دوای داگیرکردنی شارەکەی لە لایەن چەکدارنی داعشەوە لە ساڵی 2015، ئەحمەد و خێزانەکەی ئاوارەی هەرێمی کوردستان دەبن، شوێنی نیشتەجێبونیشیان دەبێتە قەزای چۆمانی دەڤەری باڵەکایەتی سەر بە پارێزگای هەولێر.
ئەحمەد کە خەڵکی پارێزگای ئەنبارە و داعش ئەوانی گەیاندە سەر سنوری نێوان کوردستان و ئێران، بەچاوی پر گریانەوە دوای نزیکەی دوو ساڵ مانەوە لە قەزای چۆمان جێهێشتنی یەکجاری شوێنەکە و کوردستان بۆ دوارۆژ دەڵێت "پێش هەموو شت سوپاس بۆ پێشمەرگەکانی کوردستان، چونکە ئەوان لە چرکەساتی یەکەمی ئاوارەبوون ئێمەیان پاراست، ئێستاش کوردستان خەڵک بەبێ جیاوازی دەپارێزن".
ئه و وتیشی "لەبەر ڕێز و گەورەیی خەڵکی کوردستان و چۆمان بەتایبەتی نامەیەکی کراوەم بۆ سەرجەم هاورێکانم نوسی و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسیبوک بۆهاورێ کوردەکان تاگم کرد، وەک نواندنی وەفا بۆ ئەوان کە دوو ساڵ ئێمەیان لەباوەش گرت و خزمەتیان کردین، چونکە من نەمدەتوانی بەهیچ ڕێگایەکی تر ئەوان تێبگەینم کە چاکەیان لەبیر ناکەین".
ئەحمەد دەشڵێت "بەداخەوە لە دورەوە، پێش ئەوەی ئاوارەبین بە جۆرێکی تر باسی کوردستان و کوردیان دەکرد، بەڵام کە دوو ساڵ لەگەڵیان ژیاین ئێستا دەزانین کورد کێیە و چیە و چ نەتەوەیەکن، بۆیە هەرگیز ڕێگە نادەین لە لای ئێمە بەخراپیی باس کورد بکرێت، هەرکوردێکیش ببینین تا دەمرین پێویستی بە ئێمە بێت خزمەتی دەکەین و دەیخەینە سەرچاومان".
ئه و گەنجە تەمەن 24 ساڵە کە لە دایکبووی شاری ڕومادییە و ماوەی چەند مانگێکە شارەکەیان ئازاد کراوە، هێما بۆ ئەوە دەکات، چاکە و سۆز و ڕێزی کوردەکان لەبیر ناکەن، دەڵێت "من حەزدەکەم لێرە بمێنمەوە بەڵام دایک و باوکم دەگەرێنەوە، منیش ناتوانم لێرە بمێنمەوە، ئەگەرنا هەمومان حەزمان لە کوردستانە".
لەبارەی ئەوەی ئایا خۆشترین یادگاری چی بووە لە کوردستان، دەڵێت "دوو شت بۆ من زۆر گرنگ بوو، یەکەمیان بۆ یەکەمجار بوومە هاورێی کەسانێک کە نەتەوەیەکی تر بوون، کاتێ پێشتر وامدەزانی دوژمنی منن، بەڵام دەرکەوت دۆستی ڕاستەقینەن، دووەم بۆ یەکمجار لە ژیانمدا بینم بەفر دەبارێت، لەژێر بەفردا لەگەل دایک و خوشک و براکانم یاری بەفرینمان کرد".
ئەحمەد نایف، لە نامەکەیدا سوپاسی کوردو حکومەتی هەرێمی کوردستان و تەواوی خەڵکی کوردستان دەکات و لە نامەکەدا بەڵێنی وەفاداری بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان دوپاتدەکاتەوە، بە دڵتەنگیەوە دەڵێت "بەداخەوە کە کوردستان جێدەهێڵم و دەگەڕێمەوە بۆ ڕوومادی".
- 30-10-2016