پێشمەرگەی پارتیزان و فەرماندەی تیپ لە سیستەمی بەتالیۆنەکان. ناوی تەوای زرار سەعدون حەمە شوان لە دایکبووی ساڵی 1955ی گوندی #سێکانیان#ی شەهیدانی ناوچەی #سورداش#. ساڵی 1974 لەگەڵ دەستپێکردنەوەی شەڕ لە نێوان کورد و حکومەتی عیراقدا بۆتە پێشمەرگە، پاش هەرەس هێنانی شۆڕش لە ساڵی 1975 گەڕاوەتەوە بۆ گوندەکەی خۆی.
لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بە ڕابەرایەتی (ی.ن.ک) لە ساڵی 1977 پەیوەندی دەکات بە ڕێکخستنەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان. دواتر لە ساڵی 1980 بۆتە پێشمەرگە لە بارەگای مەکتەبی عەسکەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە زەڵێ. ساڵی 1982 گواستراوەتەوە بۆ تیپی 93ی کۆیە و لە کەرتی 5ی تیپەکە بۆتە فەرماندەی مەفرەزە هەر ئەو ساڵە بەشدار بووە لە ئۆپەراسیۆنی هێزی پشتیوانی لە کوردستانی ئێران، ساڵی 1984 کراوەتە جێگری فەرماندەی کەرتی 5 لە سنوری تیپی مەڵبەندی دوو. ساڵی 1985 بۆتە فەرماندەی کەرتی 7ی تیپی مەڵبەندی دوو. ساڵی 1988 کراوەتە جێگری فەرماندەی تیپی 29ی کەلکەسماق لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا بەشداریی لە ژمارەیەکی زۆری چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگەدا کردووە، لەوانە شەڕەکانی ڕێگای گشتی #سلێمانی# دوکان ئۆپەراسیۆنە گەورەکانی دابان هەلاج 1985، و قەیوان ماوەت 1986 و داستانی ڕزگاری 1987 و شەڕەکانی دۆڵی جافایەتی و بناری #قەندیل# 1988. جارێکیش لە ساڵی 1986 لە کاتی گرتنی ڕەبییەی سپیک لە چیای پیرەمەگروون بریندار بووە. لە ساڵی 1988 بە خێزانەوە لە ئێران گیرسایەوە، سەرەتا لە شاری #سەردەشت# پاشان بانە ودواتر لە نێژاوا و پاشان لە گوندی ڕەبەت و لە دوایدا لە ئۆردوگای ئاوارەکان لە بێزیلێ.
ساڵی 1989 وەک پێشمەرگەی پارتیزان بەشداری لە جموجۆڵی هێزی پێشمەرگەدا کردو لەو سەروبەندەدا کرایە فەرماندەی یەکێ لە ڕەتڵەکانی ناوچەی شارباژێڕ و دواتر لە ساڵی 1990 کرایە فەرماندەی تیپی 73ی بەتالیۆنی 7ی سلێمانی،
لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991 دا لە شەڕەکانی پارێزگا و ناو شاری سلێمانی ڕۆڵێکی کارای گێڕاوەو دەورێکی باشی هەبووە لە گرتنی ئەمنە سورەکە، لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی #کەرکووک#دا بەو پەڕی وورە بەرزیی بەشداری تێدا کردووە،
بەداخەوە لە 27-03-1991 لە کەرکووک شەهید بووەو تەرمەکەی کەوتە دەست دوژمنەوە تا ئێستا شوێن و گۆڕی نەزانراوە.