بەشی هەشتەم، خوردوخوراک
#سەلاح پایانیانی#
شوێنی چاپ مەهاباد
هەشتەمین بەرگی پرۆژەی فەرهەنگی زارەکیی موکریان لەژێر ناوی(خوردوخۆراک) نوێترین بەرهەمی فەرهەنگ نووسی کورد سەلاح پایانیانی لە مەهاباد چاپ و بڵاو کرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی پێگەی هەواڵی (هاژە) لە مەهاباد، هەشتەمین بەرگ لە پرۆژەی فەرهەنگی زارەکیی موکریان لەژێر ناوی (خوردوخۆراک) لە نووسین و ئامادەکردنی نووسەر و توێژەری بەتوانا و سەلاح پایانیانی چاپ و بڵاو کرایەوە ئەم کارە لە زنجیرە کارەکانی پڕۆژەی گەورەی فەرهەنگی زارەکیی موکریانە کە تەواوکەری فەرهەنگێکی جامع و کامڵ لە چەشنی ئینسیکلۆپیدیایە.
بەشی (خوردوخۆراک) وەک لە عینوانی فەرهەنگەکەدا دیارە گوزارشت لە شتێکی تایبەت دەکا. دوکتور جەعفەری شێخولئیسلامی پێشەکیی ئەم بەرگەی لەژێر ناوی زمان وەکوو جەستە، ئاوێنە و ئایدیۆلۆژی لە فەرهەنگی زارەکیی موکریاندا نووسیوە. بە تێروتەسەلی و زانستییانە فەرهەنگەکەی شی کردووەتەوە و حەقی خوی داوەتێ. نووسەری پێشەکییەکە، چەمکی زمانناسیی کۆمەڵایەتی یان کۆمەڵناسیی زمانی باس کردووە. لە بەشەکانی دیکەدا زمان و دیالەکت، گوتار، شیکاریی ڕەخنەگرانەی گوتار، ئایدیۆلۆژی و کۆمەڵێک بابەتی دیکەی هێناوەتە بەرباس.
بەپێی هەمان سەرچاوە فەرهەنگی خوردوخۆراک سێ بەشی لەخۆ گرتووە: بەشی یەکەم (چێشت)، بەشی دووەم (ڕسق) و بەشی سێیەمیش (نان)ە و چاوساغی ئەلف بێیی و چاوساغی بابەتیی و وێنەی ئەو ژنە ڕووسوور و خۆنەویستانەش دوو ئەوەندەی دیکە فەرهەنگەکەی ڕازاندووەتەوە.
ئەم فەرهەنگە لە ئەژماری هەزار بەرگ دا و لەژێر چاوەدێریی بڵاوکەرەوەی سەرای هێمن لە مەهاباد چاپ و بڵاو بووەتەوە.
دکتۆر حەمید حەسەنی (فەرهەنگ نووس و توێژەری باڵای فەرهەنگستانی زمان و وێژەی فارسی) سەبارەت به سەلاح پایانیانی دەڵێت: کاری وشەناسیی مەیدانیی زۆر سەخت و تاقەتپرووکێنە. لەم بوارەدا توێژەرانی ئەورووپایی، وەک دەیڤید نیل مەکێنزی، ئۆسکارمان و ویلهێلم ئایلێرس هەندێک بەرهەمیان لێ کەوتۆتەوە. فەرهەنگی زارەکیی موکریان، نەک هەر لە ناو کورد و ئێران، بەڵکوو لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا تاقانەیە. بەتایبەت کە بنەمای ئەو بەرهەمەش لەسەر توێژینەوەی مەیدانییە. پایانیانی هەر بەو تاقە بەرهەمە ناوی خۆی لە توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتناسییدا بردۆتە ڕیزی نەمران.
پڕۆفسۆر ئەمیر حەسەنپوور لە پێشەکیی یەکێک لە بەرگەکانی ئەم فەرهەنگەدا بەم شێوەیه ڕای خۆی دەربڕێوە: فەرهەنگی زارەکیی موکریان بەرهەمێکی بە کەڵک و ڕیکوپێکە کە کەلێنێکی گەورە لە زمانی سەرکوتکراوی کوردی پڕ دەکاتەوە. کاک سەلاح لێهاتوویی و چازانیی خۆی هەم لە زمانی کوردی و هەم لە هونەری فەرهەنگنووسیندا، لە لاپەڕەکانی ئەو کتێبە دەربڕیوە. [1]