برجا بەلەک (بورج و قەڵای بەلەک) دوای شەڕی 1847 لە نێوان ئیمپراتۆریای عوسمانی و میرایەتیی بۆتان، لەلایەن عوسمانییەکانەوە دەستی بەسەردا گیرا. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، کە دەکاتە 171 ساڵ، ئەو قەڵایە لە کورد قەدەغە کراوە.
قەڵای دێرینی بەلەک تەمەنی بۆ 4 هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە. ئەو قەڵایە ماوەی 160 ساڵ کرا بە ناوچەی سەربازی. لە ساڵی 1995 تاوەکو 2010 کرا بە عەمباری چەک و تەقەمەنیی سوپای تورکیا. برجا بەلەک، کە ناوەندی میرایەتیی بۆتان-ە لە ئێستادا بەرەو داڕوخان دەڕوات.
برجا بەلەک بۆ گەلی کورد وەک بەهایەکی سیاسی، مێژوویی و ڕۆشنبیرییە. ناوەندی بەڕێوەبەریی میرایەتیی کورد بوو لە بۆتان بە پێشەنگایەتیی میر بەدرخان.
مێژووەکەی بۆ 4 هەزار ساڵ لەوە پێش دەگەڕێتەوە. مەزەندە دەکرێت لەلایەن ئیمپراتۆریی گوتی-یەوە لەگەڵ قەڵا و سوورەکانی تری ناوچەی جزیردا دروستکرابێت. ئەو قەڵا دێرینە 365 ژوور لە خۆ دەگرێت و بەهۆی بیناسازییە تایبەتەکەیەوە زۆر سەرنجڕاکێشە. شوێنی بەڕێوەبەرانی حکومەت و دەسەڵاتداران، بڕیارگە و ناوەندی دەسەڵات، مزگەوت، زیندان و دەرسخانە (خوێندنگە)شی تیایدایە.
$تاڵانکردنی میرایەتیی بۆتان$
دوای شەڕی ساڵی 1847 لە نێوان ئیمپراتۆریای عوسمانی و میرایەتیی بۆتان دا، برجا بەلەک بۆ ماوەی 163 ساڵ کرا بە بارەگای سەربازی. ئەو شوێنە بە بەردەوامی لە ژێر کۆنترۆڵی سەربازەکاندا بووە و لە گەل قەدەغە کرابوو. برجا بەلەک ناوەندی کار و بەڕێوەبەریی میرایەتیی بۆتان بوو. بەشێکی برجا بەلەک شوێنی مانەوەی مەم قارەمانی چیرۆکی ناوداری کورد، مەم و زین، بوو. لەبەر ئەوەش ئەو بەشەی برجا بەلەک پێی دەوترێت 'زیندانی مەم و زین'. ئەو زیندانە وەک جبخانە و عەمبار و دیوارە مێژووییەکانیشی بۆ شوێنی مانەوەی سەربازانی سوپای تورک بەکاردەهێنرا. ئەوەش لە ناو گەلی جزیر و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی شارستانیدا ناڕەزایەتیی گەورەی لێکەوتەوە.
$بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەری و قەیوم$
لە جزیر و لە کاتی ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ بۆ ماوەی 79 ڕۆژ، کە بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەری ڕاگەیاندرا، هێزەکانی دەوڵەت بە چڕی برجا بەلەک-یان بۆردومانکرد. بۆردومانەکە زیانێکی زۆر گەورەی بە برجا بەلەک گەیاند. دوای ئەوەی قەدەغەکارییەکە کۆتایی پێهات، قەیوم لە شوێنی هاوسەرۆک شارەوانیی جزیر دانرا. بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی گوێنەدانی قەیومەوە ئەو شوێنانەی برجا بەلەک کە زیانیان پێگەیشتبوو چاک نەکراونەتەوە و بەو هۆیەشەوە برجا بەلەک مەترسیی ڕووخانی لەسەرە.
$برجا بەلەک بورجی کوردستانە$
برجا بەلەک دوایین جار وەک دیاریی جەلادەت بەدرخان تۆمارکرا. دوای ئەوەش بووە دیاری و وەک میرات بۆ سینەم خانی کچی مایەوە. سینەم خان لەبارەی برجا بەلەکەوە وتبووی برجا بەلەک هی من نییە. ئەوە شوێنێکی مێژووییە. هی گەلی کورد و کوردستانە. دەمەوێت ئەو میراتەم ببێتە مۆزەخانەیەک. بەڵام تاوەکو ئەمدواییانە و 15 ساڵی ڕابردوو، وەک عەمبار و جبخانەی سەربازی بەکاردەهێنرا. برجا بەلەک لە جزیری شرنەخ دەکەوێتە سەر لێواری ڕووباری دیجلە. سەرباری ئەوەی لەلایەن وەزارتی ڕۆشنبیری و گەشتیارییەوە وەک یەکەمین شوێنەواری مێژوویی و شوێنێکی پارێزراو تۆمار کراوە، بەڵام لە ئێستادا مەترسیی ڕووخان و لە ناوچوونی لەسەرە.
$نیشانەی شەڕی چەپەڵی سەپێنراو بەسەر کوردستاندا$
برجا بەلەک مەترسیی داڕمانی لەسەرە، ئەو مەترسییەش نیشانەیەکی ئەو شەڕە چەپەڵەی دەوڵەتی تورکیایە کە بەسەر کوردستاندا سەپاندوێتی. هاووڵاتییانی جزیر کە برجا بەلەک بەو شێوەیە دەبینین دەڵێن چەندین ساڵ وەک بنکە و بارەگای سەربازی بەکاریان هێنا. مەڕمەڕ و بیهارتۆنیان بەسەر شوێنە مێژووییەکاندا هەڵچنی. باشە سەرباز کاری بەسەر شوێنی میژووییەوە چییە؟ دەوڵەت دەزانێت برجا بەلەک بۆ کورد و کوردستان زۆر گرنگ و هێژایە، بۆیە هەوڵ دەدات لەناوی ببات. ئەگەر ئەو کارەیان دوژمنایەتی نییە ئەی چییە؟.[1]