شاعیر و بەرپرسیارێتی
خوێندنەوەیەکی کورت بۆ ڕۆمانی مەعسوومەی شیرازی
ئارام سدیق
ساڵی ڕابردوو ڕۆمانی نامە بۆکچەکەمی تیۆدۆر کالیفاتیدیسم خوێندەوە، کە باسی لە ژیانی ئۆڤیدۆسی شاعیر دەکرد. ڕۆمانێک لە ڕووی تەکنیکەوە سادە، کە بە تەکنیکی نامە نووسراوە، بەڵام پڕ لە ڕووداو و بەسەرهاتی سەیر و جۆراوجۆر، کە دەخوازم جارێکی دیکەشی بخوێنمەوە. مەبەستمە بڵێم لەم ڕۆمانەدا بەر چەند لایەنێک لە ژیانی شاعیرانە و ئەرکی شاعیرانە دەکەوتین، کە بەشی زۆریان بۆ من نوێ بوون و تووشی تێڕامانیان کردم. لەم هەفتەیەی ڕابردووشدا کاتێک ڕۆمانی مەعسوومەی شیرازیم خوێندەوە لەم ڕۆمانەشدا دیسان بەر یەکێکی دیکە لە شاعیران کەوتم، کە ئەویش خەیامی شاعیرە. ئەگەرچی لەم ڕۆمانەدا خەیام پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە نییە، بەڵام ڕۆڵی کەمتر نییە لە مەعسوومەی گێڕەرەو و پاڵەوانی ڕۆمانەکە.
ڕۆمانی مەعسوومەی شیرازی، ڕۆمانێکی محەمەد عەلی جەمالزادەیە و بەرزان محەمەد کردوویەتی بە کوردی و لە دوتوێی 106 لاپەڕەدا ناوەندی ئەندێشە بەچاپی گەیاندووە. ڕۆمانەکە چیرۆکی ئافرەتێک دەگێڕێتەوە کە ژیان و پێشهات و ڕووداو و جەنگەکان ناچار بە لەشفرۆشیان کردووە، ئەو بە ویستی خۆی نەبۆتە لەشفرۆش و ئەوە کولتوور و کۆمەڵگەیە، ئەو کارەیان بەسەردا سەپاندووە. ئەگەرچی نامەوێت تەواوی چیرۆکی مەعسوومە بگێڕمەوە، بەڵام دەمەوێت ئاماژە بە چەند بەشێکی کەمی بدەم. چیرۆکی مەعسوومە لەوێوە دەست پێدەکات باوک و دایکی دونیا جێدەهێڵن و خۆی بە تەنیا و لە شارێکی غەریب و دوور لە هەموو دۆست و هاودەمێک دەمێنێتەوە و لەوێوە کەسێک داڵدەی دەدات، بەڵام ئەمە کەسە بۆ هاوکاری و لە خەمخۆری و مرۆڤدۆستییەوە داڵدەی نادات بەڵکو بۆ مەبەستی تێرکردنی ئارەزووە شەهوانییەکانی خۆی داڵدەی دەدات. مەعسوومە لە سەرەتادا ئاگاداری ئەمە نییە. بەڵام دواتر ئەوەی بۆ دەردەکەوێت و ئیدی تازە چاری نییە، سەرەتا ئەو کەسە دەڵێت ژن و ماڵی نییە و دەیەوێت مەعسوومە بخوازێت و بیکاتە هاوسەری خۆی، بەڵام دواتر بۆ مەعسوومە ڕوون دەبێتەوە کە ئەم پیاوە دوو ژنی هەیە و کاتێک لای ئەم ژنانە مەعسوومە ئاشکرا دەبێت ئیدی فڕێ دەدرێتە سەر شەقام و ناچارانە هانا بۆ بنکەی پۆلیس دەبات. لەوێ لەبری ئەوەی داڵدە بدرێت و پۆلیسخانە پەناگەیەکی بۆ بدۆزنەوە و لانەیەکی ئارامی بە نسیب بکەن. ئەوەندەی دیکە گیرۆدەی داوی لەشفرۆشی دەکەن و سەرۆکی بنکەی پۆلیسخانەکە بازرگانی پێوە دەکات. ئیتر لێرەوە ژیانی سیاچارەیی مەعسوومە بەردەوام دەبێت تا ڕۆژێک مەرگ بەرۆکی دەگرێت و ماڵئاوایی لە ژیان دەکات.
مەعسوومە چیرۆکی نەهامەتییەکانی ژیانی و ناچارکردنی بە لەشفرۆشی لەبەردەمی بارەگای خودا و هەموو پیاوچاکاندا دەگێڕێتەوە لە ڕۆژی ئاخیرەت. لەوێ و لە مەقامی پیرۆزی خودا باسی ئەو نەهامەتییانە دەگێڕێتەوە و بەشی هەرە زۆری ئەو کەسانەشی، کە دەستدرێژیان کردۆتە سەر لەوێ ئامادەییان هەیە، بەشێکیان مەلا و شێخ و بەناو پیاوچاکانن. مەعسوومە لە سکاڵاکردن لە مەقامی خودادا بەردەوام دەبێت و باس لە دەستدرێژییەکانی مەلای مزگەوتەکە دەکات، کە بە فێڵ بردوویەتی بۆ نێو مزگەوتەکە لەوێ دەستدرێژی کردۆتە سەری. هاوکات باسی لەو شێخە تەڵەکەبازەش دەکات، کە هەناوی خۆی پێ گەرم کردۆتەوە و پاشانیش کە لە کۆڵانان بینیویەتی فڕێدراوە سەرزەنشتی کردووە و و خۆی لە چیرۆکی پڕ لە کەسەری مەعسوومە نەبان کردووە.
ئەوەی لە چیرۆکی مەعسوومەدا سەرنجڕاکێشە پەیوەندی مەعسوومە و کوڕێکی بازرگانی عێراقییە، کە تروسکەی خۆشەویستییەک لە دڵی هەردووکیاندایە، بەڵام ئەم کوڕە ئاگاداری وردەکاری و دۆخی نالەباری ژیانی مەعسوومە نییە. دوو جارێک سەردانی دەکات و یەکەمیان کورت خایەن و لە دووەمدا چونکە دۆخی مەعسوومە باش نابێت زیاتر دەمێنێتەوە و دەچێت تیمارکارێکی وەکو عومەر خەیام دەهێنێت بۆ تیماری برینەکانی مەعسوومە. ئیدی خۆی ناچارانە دەبێت بڕوات و خەیام بەڵێن دەدات کە ئاگاداری مەعسوومە بێت. لێ مەعسوومە لەو ماڵەی بە کرێی گرتووە و بەهۆی نەدانی کرێی تەواوەتییەوە دەکرێتە دەرەوە و دەخرێتە کۆڵان. لە کۆڵاندا دەیان مرۆڤ سووکایەتی پێ دەکەن و لەوکاتەدا عومەری خەیام دێتەوە بۆ تیمارکاری و لەوێ بەو دۆخەوە دەیبینێت و دەیباتەوە بۆ ماڵی خۆیان.
لەوە زیاتر درێژە بە چیرۆکی مەعسوومە نادەم دەمەوێت لێرەدا بپەڕمەوە بۆ باسکردن لە ڕۆڵی عومەری خەیام وەکو شاعیرێک. ئەم نووسەرە ئەرکێکی گرنگ و هەستیار و بەرپرسیارانەی خستۆتە سەر شانی ئەم شاعیرە و ئەرکێک کە هەموو شاعیرێکی ڕاستەقینە بەو شێوەیە دەیگرێتە ئەستۆ، بەڵام شاعیرە ساختەکان، یان لێی هەڵدێن، یان ئەوانیش دەبنە چەقۆیەکی دیکە بۆ جەستەی مەعسوومەی زامدار. لەم ڕۆمانەوە تێدەگەین شاعیربوون تەنها نووسین و چاپکردنی دیوانە شیعر و خۆناسککردنەوە و کڕووزانەوە فرمێسکهەڵڕشتن نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییە. شاعیربوون ئەرک و بەرپرسیارێتی و پیشاندانی نموونەی ئەخلاقێکی بەرزە. وەکو لەم ڕۆمانەدا خەیام ئەو ئەرکە لە ئەستۆ دەگرێت و بەهانای مەعسوومەی زامدارەوە دەچێت و زامەکانی تیمار دەکات و ماڵەکەی دەکاتە دوا لانکەی. بەڵام شێخ و مەلا و پیاوە شەهوەتبازەکانی دیکە، تەنها دەیانتوانی بە چاوی شەهوەتەوە لە مەعسوومە بڕوانن، نەک بە چاوی مرۆڤێکەوە، کە ژیان هاوڕیویەتی و کولتوور و ئایین و کۆمەڵگە بوونیان شێواندووە.
ساتی دەرکەوتنی خەیام ساتی بەرپرسیارێتی شاعیر و ئەرکە مرۆییەکەیەتی کە خزمەتکردنی ئینسان و درێژکردنی دەستی یارمەتییە بۆی. ئەگەر خەیامیش وەکو مرۆڤەکانی دیکە بە ئاسایی بەلای مەعسوومەدا تێپەڕیایە، یان نووکە شەقێکی تێهەڵدایە، ئەوکات بوونی ئەم شاعیرە دەکەوتە ژێر پرسیارەوە. جەمالزادە بە وردەکاریی و بەرپرسیارانە ئەرکی شاعیرانەی پیشانداوە. ئەو باسی لە ئەرکی شاعیرانە و بەرپرسیارێتی شاعیر نەکردووە. بەڵکو لەم ڕۆمانەدا خودی بەرپرسیارێتییەکەی پیشانداوە. ئەوەی ئەم ڕۆمانە دەکاتە ڕۆمانێک شایستەی خوێندنەوە بێت تەنها ئەم لایەنە نییە، بەڵکو ئەو جورئەتەی مەعسوومەیە لە ڕۆژی دواییدا کە لە مەقامی خالقدا، بە دەنگێکی دلێرەوە چیرۆکی خۆی و نەهامەتییەکانی دەگێڕێتەوە. ئەم ڕۆمانە ئەگەر لە جێگەیەکدا بۆ پیشاندانی دۆخی چەوساندنەوە و لاوازییەکانی مێینە بێت، بەڵام لە جێگەیەکی دیکەوە دەنگی دلێر و هەقبێژی ژنانیش دەگەیەنێت.
ڕۆماننووس محەمەد عەلی جەمالزادە لە دایکبووی 13ی جانی 1892 شاری ئەسفەهانی ئێرانە و لە 8ی نۆڤەمبەری 1997دا کۆچی دوایی کردووە. نووسەر و وەرگێڕ بووە و دەیان بەرهەمی نووسیوە و وەرگێڕاوە و ڕۆمانی مەعسوومەی شیرازی لە ساڵی 1954دا نووسیوە.
دەستخۆشی بۆ بەرزان محەمەد و وەرگێڕان جوان و هەڵبژاردنە سەرنجڕاکێشەرەکانی. هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ دەخوازم.