گرنگترین بڕگەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران بریتین لە:
1. ڕێگە نادرێت دەرمانساز ببێتە خاوەنی زیاتر لە یەک مۆڵەتی دەرمانخانە و کۆگای دەرمان و پێویستە خاوەنی مۆڵەت خۆی بەڕێوەبەری ئەو شوێنانە بێت.
2. جگە لە پزیشکی دەرمانساز، هیچ کەس و لایەنێکی تر مافی فرۆشتنی دەرمان و ئامادەکردن و پاراستن و تۆمارکردنی لە تۆماری وەسفی پزیشکی نییە.
3. دەرمانساز بۆی نییە هیچ دەرمانێک سەرف بکات بە بێ ڕەچەتەی پزیشکی پسپۆڕ، جگە لەو دەرمانانەی کە سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان بە هەماهەنگی وەزارەتی تەندروستی دەستنیشانیان دەکات، هەر ڕەچەتەیەکیش تەنها بۆ یەکجار بەکاردێت.
4. پێویستە لەسەر گشت دەرمانخانەکان تۆماری وەسفی پزیشکییان هەبێت بەم زانیارییانەی خوارەوە:
أ- هەر دەرمانێک کە لە دەرمانخانەکەدا دابین کرابێت.
ب- وەسفی پزیشکی.
ج- چۆنیەتی بەکارهێنانی دەرمان.
د- ناوی ئەو نەخۆشەی کە دەرمانەکەی بۆ دابینکراوە.
ه- نرخی دەرمان.
و- ناوی ئەو پزیشکەی وەسفی پزیشکیی دەرمانەکەی کردووە.
ز- ڕێکەوتی دابینکردنی دەرمانەکە.
ی- ڕێکەوتی نووسینی ڕەچەتەی دەرمانەکە.
5. پێویستە لەسەر دەرمانخانەکان وێنەیەک لە پسوڵەی کۆمپیوتەریی سەرفکردنی دەرمان بدەن بە کڕیاری بەکاربەری دەرمان.
6. دابینکردنی گەنجینەی پێویست لە خاڵەکانی سنوور و ناو شارەکان بۆ پاراستنیان بە شێوەیەک لەگەڵ پلەی ترسناکی ئەو ماددانەدا بگونجێت و گشت مەرجە تەندروستی و زانستییەکانیشی تیادابێت لەڕووی پلەی گەرمی و شێ و ڕووناکی.
7. ساردکەرەوەی تایبەتییان هەبێت بەپێی ئەو مواسەفات و مەرجە داواکراوانەی کە وەزارەتی تەندروستی دیاریدەکات بۆ پاراستنی دەرمان، پێداویستی پزیشکی، ماددە تاقیگەییەکان، ماددە کیمیایی، بەکتەرەلۆژییەکان و ماددەکانی تایبەت بە بواری پزیشکی ددان و ئەو ماددە و کەلوپەلانەی دیکەش کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دەستنیشان دەکرێن.
8. پێویستە ئەو دەرمان و مەوادانە بەپێی ستانداردی پلەی گەرمی پارێزراو بن و کەشوهەوای ناو دەرمانخانەکان و کەشوهەوای ناو ساردکەرەوەکان هەمان ئەو کەشوهەوایە بێت کە لە لیفلێت و پاکەتی دەرمان و مەوادەکاندا تۆمارکراون.
9. دابینکردن و بەکارهێنانی هۆکار و ئۆتۆمبێلی تایبەت بە گواستنەوەی ئەو دەرمان و مەوادانەی ئاماژەیان پێدراوە لە سەرچاوە و خاڵە سنوورییەکانەوە بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لە کاتی گواستنەوەیان لە ناو هەرێمی کوردستان.
10. دابینکردنی کارەبای هەمیشەیی (24) سەعاتی بۆ دەرمانخانە و کۆگا و ئەو شوێنانەی دیکە کە لەم بڕیارەدا ئاماژەیان پێدراوە و خاوەنی ئەم شوێنانە بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی ئەم بڕگەیە لەسەر تێچووی خۆیان لە ئەگەری نەبوونی کارەبای نیشتمانی.
11. چاوخشاندنەوە لەسەر کۆمپانیاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و ڕاگرتنی دامەزراندن و تۆمارکردنی کۆمپانیای نوێ.
12. قەدەغەکردنی هەر ڕێککەوتنێک بە هەر شێواز و لەژێر هەر پاساوێکدا بێت لە نێوان پزیشک و دەرمانساز و مەندوبی کۆمپانیاکانی بواری دەرمان و پێداویستی پزیشکی کە مەبەست لێی ساغکردنەوەی ئەو بابەتانە بێت لە بەرامبەر مەبەستی بازرگانی و سوودی کەسی.
13. پێویستە لەسەر پزیشک و پزیشکی ددان لە کاتی نووسینی ڕەچەتەی پزیشکیی دەرمان بۆ نەخۆش تەنها ناوی زانستی بنووسن نەوەکو ناوی بازرگانی یان کۆمپانیا و ڕەگەزنامەی کۆمپانیای بەرهەمهێنەر یان دەرمانخانەیەکی دیاریکراو.
14. ڕێگە نادرێت بە ڕیکلامکردن و پڕوپاگەندە (الإعلان والدعایە) بۆ ئەو دەرمان و بابەتە دەرمانسازییانەی کە بەکارهێنانیان پێویستی بە ڕەچەتەی پزیشکییە.
15. هەر کەسێک دەرمان یان بەرهەمە پزیشکییەکان یان کەرەستە کیمیاییەکان ساختە، کۆپی (تقلید) بکات، یان خستنەڕوو و کڕین و فرۆشتنی پێ ئەنجام بدات، یان دروستیان بکات، ئەوا پێویستە لەسەر وەزارەتی تەندروستی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی سەر بەم وەزارەتە سکاڵایان لە دژ تۆمار بکەن لە داگاکانی لێکۆڵینەوەی پەیوەندیدار.
16. هەر کەسێک بە پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان بە بێ مۆڵەتی لایەنی پەیوەندیدار بە قاچاخ مامەڵە بکات بە دەرمان و پێداویستی پزیشکی ئەوا پێویستە وەزارەتی تەندروستی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی سەر بەم وەزارەتە سکاڵایان لە دژ تۆمار بکەن لە داگاکانی لێکۆڵینەوەی پەیوەندیدار.
17. لیژنە پەیوەندیدارەکانی قایمقامیەت و ئاسایشی بازرگانی و پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کواڵێتی کۆنتڕۆڵ و دەزگا و دامەزراوەکانی تری هاوشێوە دەستکراوە دەبن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە پشکنین و بەدواداچوون و گرتنی سەرپێچییەکان و دەستنیشانکردنی ناوی ئەو کەس و لایەنانەی دەبنە ڕێگر لە بەرامبەر بەجێهێنانی ئەرکەکانیان و ڕاپۆرتکردنی زانیارییەکان بۆ وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا بەپێی یاسای سزاکان ژمارە (111)ی ساڵی 1969ی هەموارکراو و لە کاتی کەمتەرخەمی ناوبراوان لەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە یان ئاسانکاری بۆ سەرپێچیکاران، ئەوا ڕێکاری یاساییان لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر و توندترین سزا دەدرێن.
18. سەرۆکایەتی داواکاری گشتی لە وەزارەتی داد، جێگری داواکاری گشتی بەپێی پێویست لە سنووری هەر پارێزگا و قەزایەک دەستنیشان دەکات وەک چاودێر و سەرپەرشتیار بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم بڕیارە.
#16-10-2018#