ئەشکەوتی بێتکار، مێژوویەکی 10 هەزار ساڵەی هەیە و وەک خەڵکی سنوورەکە ئاماژەی بۆ دەکەن گرنگی ئایینیشی هەیە، بەوپێیەی یەکێک لە پێغەمبەران تێیدا ژیاوە، بەڵام وەک شوێنێکی گەشتیاریی گرنگیی پێنادرێت و لەلایەن حکومەتەوە فەرامۆشکراوە.
لەم ڕاپۆرتەدا زانیاریی ورد لەبارەی ئەشکەوتی بێتکار دەخەینەڕوو و هۆکاری نەگەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە زاری بەرپرسانەوە وەڵام دەدرێنەوە.
ئەشکەوتی بێتکار، دەکەوێتە سنووری گوندی نۆرێی شارەدێی #سەرکەپکان#ی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین، بەدووریی 12 کیلۆمەتر، دەکەوێتە باکووری ڕۆژاوای ڕانییە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 10 هەزار ساڵ پێش ئێستا.
خەڵکی گوندەکە و کەسایەتییە ئایینییەکان باوەڕییان وایە، کە گوایە پێغەمبەر ئیبراهیم لەو ئەشکەوتەدا ژیاوە و بتەکانی شکاندووە، ناوەکەشی هەر لە شکاندنی ئەو بتانەوە هاتووە.
لە ڕابردوودا ئەشکەوتەکە وەک پەناگەی بەشێک لە سەرۆک خێڵ و سەرۆکی حزبەکان بەکار هاتووە، بەڵام ئێستا حکومەتی هەرێم نە وەکوو شوێنەوار و نە وەکوو شوێنێکی گەشتوگوزار گرنگیی پێ نادات و چەند جارێکیش دیمەنە جوانەکانی ناو ئەشکەوتەکە لەلایەن خەڵکانێکەوە شێوندراوە، ئەمە وتەی محەمەد قادر، یەکێک لە دانیشتووانی گوندی نۆرێیە لە بارەی ئەشکەوتی بێتکار لە سنوورەکەیان.
ئەشکەوتەکە لە وەرزی زستاندا کەشوهەوایەکی گەرمی هەیە و لە وەرزی هاوینیشدا کەشوهەوایەکی فێنک و ساردی هەیە، بەڵام وەک خەڵکی سنوورەکە ئاماژەی بۆ دەکەن بەهۆی بێ پلانی حکومەتی هەرێمەوە نەتوانراوە کەڵک لە ژینگە و سرووشتی جوانی ئەشکەوتەکە وەربگیرێت و بکرێتە سەرچاوەی داهات بۆ حکومەت و خەڵکی ناوچەکە.
لە ئەشکەوتی بێتکاردا چەند پارچەیەکی مێژوویی وەکوو ڕمی بەرد دۆزراونەتەوە کە مێژووەکەی بۆ چاخی بەردین دەگەڕێتەوە.
هاوشێوەی شوێنەوارەکانی تری هەرێمی کوردستان ئەشکەوتی بێتکاریش بێبەش نەبووە لە دەستی بەتاڵانبردن لەلایەن شوێنەوار دزەکانەوە، لەو بارەیەوە بارزان بایز، بەڕێوەبەری شوێنەواری ڕاپەڕین، دەڵێت: تا ئێستا چەند کەسێک بەتۆمەتی تێکدان و بەتاڵانبردنی شوێنەواری ئەشکەوتەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون، چەند کەسێکیشمان داوەتە دادگا لەسەر دەستدرێژییکردنە سەر شوێنەوارە مێژووییەکانی ئەشکەوتەکە.
سرووشتی جوانی ئەشکەوتەکە و بوونی ئەو ستونە کلسانەی بەهۆی دڵۆپە ئاوی هەزاران ساڵەوە درووستبوون، دیمەنی ئەشکەوتەکەی ناوازە و سحراوی تر کردووە، بەڵام بەهۆی خراپی ڕێگاو بانەکانی گەیشتن بەو ئەشکەوتە، هەموو کەس بەخت یاوەری نییە کەڵک لە بینی ئەو سرووشتە دڵڕفێنە وەربگرێت.
ئارام پیرۆت، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ڕاپەڕین، دەڵێت هەوڵمانداوە ڕێگا بۆ ئەشکەوتەکە ببەین و بە نووسراوی فەرمی داوامان کردووە چەند خزمەتگوزاییەکی گەشتیاری بۆ ئەشکەوتەکە ببرێن، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەکە جێبەجێ نەکراوە، هەوڵی تەواویش دەدەین بۆ ئەوەی ئەشکەوتی بێتکار بکەینە شوێنێکی گەشتوگوزاریی بۆ ئەوەی زۆرترین گەشتیار ڕوو لە سنوورەکە بکات.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ڕاپەڕین، دەشڵێت: گەشتیاریی کەرتێکی گرنگە لە ڕووی داهاتەوە، بەڵام یەکێکی تر لە گرفتەکانی گەشتیاران نەبوونی شوێنی مانەوەیە، هەروەها نەبوونی پڕۆژەی گەشتیاری دیار و سەرنج ڕاکێش لە ناوچەکە یەکێکی ترە لە گرفتەکان. وتیشی: ئەگەر ئاوڕێکی جدیی لەو سنوورە بدرێتەوە زۆربەی سێکتەرەکان دەبووژێنەوە.[1]
#03-02-2019#