ناونیشانی پەرتووک: خۆزگە ئەم شتانەم بەر لە هاوسەرگیریی دەزانی
نووسینی: گاری چاپمان
لە ئینگلیزیەوە: خالید قوبادی [1]
دوای تەمەنێکی زۆر لە ئامۆژگاریکردنی هاوسەران، گەیشتووم بەو بڕوایەی کە هیچ هاوسەرگیرییەکی تەندروست، بەبێ داوای لێبووردنکردن و لێخۆشبوون بوونی نییە. ئەم باوەڕەم لەوەوە بۆ دروست بوو کە ئێمە هەموومان مرۆڤین و مرۆڤیش زۆرجار قسەگەلێک دەکات یان کارگەلێک دەکات کە سوکایەتی و بێڕێزین بۆ کەسی بەرانبەر. ئەو وشە و کردارە ناخۆشانە دەبنە هۆی دروستبوونی بەربەستێکی سۆزداری لە نێوان کەسەکاندا.
ئەو بەربەستانەیش بە تێپەڕینی کات لاناچن، بەڵکوو بەوە لادەچن و نامێنن کە ئێمە داوای لێبووردن بکەین و کەسی بەرانبەریش بمانبوورێت. چەند ساڵێکی کەم لەمەوبەر لەگەڵ د. جێنیفەر تۆماس کە ئەویش ڕاوێژکارە، کارێکی هەماهەنگیمان کرد کە بریتی بوو لە لێکۆڵینەوەیەکی فراوان سەبارەت بە هونەری داوای لێبووردنکردن.
دوو پرسیار هەبوون کە لە سەدان هاوسەرمان کرد، ئەوانیش:
یەکەم، کاتێک داوای لێبووردن دەکەیت، چی دەکەیت یان چی دەڵێیت؟
دووەم، کاتێک کەسێک داوای لێبووردنت لێ دەکات، پێشبینی دەکەیت چی بکات یان چی بڵێت؟
وەڵامەکانیان دابەش بووبوون بەسەر پێنج کۆمەڵەدا، ئێمە ناومان لێ نان پێنج زمانەکەی داوای لێبووردن.
بەڵگەکە حاشاهەڵنەگرە، ئەوەی کەسێک بە داوای لێبووردنی دەزانێت لە لای کەسێکی دیکە وا نییە. زۆرجار پیاوەکە دەڵێت، داوای لێبووردن دەکەم.
هاوسەرەکەی دەڵێت، بەڵێ، دەبێت داوای لێبووردن بکەیت. چیتر هەیە بۆ داوای لێبووردنەکەت بیڵێیت؟
بەڵام پیاوەکە وا بیر دەکاتەوە کە داوای لێبووردنی کردووە و تەواو ئیتر هیچی تر پێویست نییە و ناکات بیڵێت. ئێمە هەموومان مرۆڤین. مرۆڤیش زۆرجار قسەگەلێک دەکات یان کارگەلێک دەکات کە سوکایەتی و بێڕێزین بۆ کەسی بەرانبەر.
بە شێوەیەکی گشتی ئێمە زمانی داوای لێبووردنکردن لە باوک و دایکمانەوە فێردەبین