#ئێستا کچێک نیشتمانمە#
وا هات، عاشقان!، وا خۆی هات.
بە پۆشاکی گەڵاڕێزانەوە... وا هات!
بە نۆزدە ساڵی زەردەوە
بە نۆزدە چرای تاریک و
بە نۆزدە زامی سەوزەوە
لەگەڵ پەپوولە پاییزەی غەریباندا
بەڕێوەیەو... دێت بۆ لاتان!
تکام وایە... وەختێ گەیشتە بەردەمتان...
تکام وایە!
لەناو ئاسمانی بیستندا
باڵندەی گوێتانی بەنێ!
لە چاوتاندا... تەماشاتان
گەش گەش هەڵکەن.
دەستکەن بە سینەی خۆتاندا و
لەگەڵ ماچی دیمانەدا
سێوی دڵتانی بۆ هەڵدەن!
ئەو... قەسیدەی بای وەشتێکی برینداری
سەر شەقام و ناو ماڵەکانی خۆتانە.
(با)یەکی ئێجگار دڵشکاو.
بارانێکی نائومێد و
کتێبێکی بێزار لە زمانی خۆی و
ئەمە حیکایەتی غەدر و
شانۆنامەی ئاخاوتنی جووڵەی جەستە و
دەست و پەنجەی یەک بە یەکی هەمووتانە.
وا هات. عاشقان!، وا خۆی هات.
ئەم عاشقە لەگەڵ خۆیدا
نیشتمانی گوڵ و سووتوی هەڵگرتووە و
لەگەڵ خۆیدا دیرۆکێکی قوربانیتان
بۆ دێنێتە ئەم هۆڵەوە.
وا هات، عاشقان!، وا خۆی هات:
من کامەرانم
یەکەم درۆی نووساوو بەرجەستە
بە خۆمەوە ناوەکەمە!
هەروەک ئەوەی دڕدۆنگ ناوی
دڵنیا بێ و
قاقریش ناوی دارستان!
دیسانەوە
وەکو دوێنێ و وەکو پێرێ و
پار و پێرار
ڕۆژێکی تری سواومە و
دیسانەوە
هەر خۆم سوغرەکێشی خۆمم و
بێواز... بێواز
پاڵنان بە بێزاریمەوە
بەردەوامە و
دەمەو عەسرەو
چون چڕوچاوی نیشتمان
هەوا گرژە و... گەڕەک مۆنە و
چەند هەزارێکی چرچ و لۆچ
لە گیرفانی پانتۆڵێکی غەمگینمایە و
ئەڵێی پشیلەی بەرگەرمای بێتاقەتم
خاو و خلیچک
لە ماڵەوە ئەچمە دەرێ.
ڕۆژی سواو، نە چرکەی لە خولەکی
گییر ئەبێ و نە خولەکی لە سەعات و
نە هیچ شتێکی پێوە بەند ئەبێ و نە هیچ شتێکیش
هەرگیز ئەتوانێ توندی بکاتەوە! مانەوەیەکی
بێهودە و سوڕانەوەیەکی بێهودە و ونبوون
لەناو بۆشاییدا...
#شێرکۆ بێکەس# [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە.=KTML_End=