ساموێل بیکێت
وەرگێرانی: هونەر شاهۆ
=KTML_Link_External_Begin=https://www.kurdipedia.org/docviewer.aspx?id=360244&document=0001.PDF=KTML_Link_External_Between=کلیک بکە بۆ خویندنەوەی گوتنی سەرپێیی ئۆهایۆ=KTML_Link_External_End=
ب = بیسەر
خ = خوێنەر
تا ڕادەیەک لە ڕووی ڕواڵەتەوە لەیەکدی دەچن.
ڕووناکی لەسەر مێزێک کە لە ناوەڕاستی شانۆکەدا دانراوە. بەشەکانی تری شانۆکە لە تاریکیدایە.
مێزێکی سپی و سادە بە درێژی 4ₓ 8 یاردە. دوو کورسیی دارینی سپی و سادە بەبێ دەسک.
ب لە پشت مێزەکەوە لە کۆتایی لای ڕاستی ئەوەوە، بەرەو ڕووی بینەرەکان دانیشتووە. سەری چەماوەتەوە و لەسەر دەستی ڕاستێتی. دەموچاوی شاراوەتەوە و دەستی چەپی لەسەر مێزەکەیە، چاکەتێکی ڕەشی درێژی لەبەردایە. قژی درێژ و سپی.
خ لە پشت مێزەکەوە کەمێک بەرەو لای ڕاستی بینەرەکان دانیشتووە. سەری چەماوەتەوە و لەسەر دەستی ڕاستێتی. دەستی چەپی لەسەر مێزەکەیە. کتێبێک لەسەر مێزەکە دانراوە بەرانبەر بەو کە کۆتا لاپەڕەکانی دەکرێنەوە. چاکەتێکی درێژ و ڕەشی لەبەردایە. قژی درێژ و سپی. کڵاوێکی پانوپۆڕی ڕەنگ ڕەش لە ناوەڕاستی مێزەکەدا دانراوە.
هێدی هێدی ڕووناکی زیاد دەکات
دە چرکە
ب لاپەڕەکان هەڵدەداتەوە.
دوای کەمێک وەستان.
(خ دەخوێنێتەوە.) بابەتێکی بچووک ماوەتەوە بۆ گوتن. لە دواهەمین _
(ب بە دەستی چەپی دەکێشێت بە مێزەکەدا). بابەتێکی بچووک ماوەتەوە بۆ گوتن. (دوای کەمێک وەستان. لێدان).
لە دواهەمین هەوڵداندا بۆ بەدەستهێنانی ئارامیی ئەو لەو شوێنەی کە ماوەیەکی زۆر لەگەڵ ئەواندا بوو، شوێنەکەی دەگوازێتەوە بۆ ژوورێکی یەککەسی لە کەناری دەریایەکدا. ئەو دەیتوانی لە پەنجەرەی ژوورەکەیەوە کۆتایی ڕۆیشتنی ئاوەکە لە دوورگەی قووەوە ببینێت.
(دوای کەمێک).
ئارامییەک کە ئەو ئومێدەوار بوو دەستکەوتی ژینگە و شوێنێکی نائاشنا بێت. ژوورێکی نائاشنا، دیمەنێکی نائاشنا، دەرەوە شوێنێک بوو کە ئەو هیچ ئارەزوویەکی بۆی نەبوو. گەڕانەوە بۆ شوێنێک کە هیچ ئارەزوویەکی بۆ ئەو شوێنە نەبوو. بەم ڕێکخستنە ئومێدێکی تەواوی نەبوو کە تاوەکو ئارامییەکی زۆری دەست بکەوێت.
دوای کەمێک).
دەکرا هەر ڕۆژێک ئەو ببینیت کە بە شێوەیەکی ئارام لە دوورگەکەدا پیاسەی دەکرد. لە هەر کاتژمێرێکدا، هیچ جیاوازییەک بوونی نەبوو کە بارودۆخی کەشوهەوا چۆن بێت. ئەو بەو چاکەتە ڕەشە درێژ و کڵاوە لاتینییە([1]) کۆنەوە دەردەکەوت. زۆر کات لە کۆتایی ڕێگەکەوە دەوەستا. سەیری دوورکەوتنەوەی ڕۆیشتنی ئاوەکەی دەکرد. چۆنچۆنی گێژاوە بچووکەکان بە شادییەوە یەک دەگرنەوە و بەیەکەوە خلۆر دەبنەوە. دواتر دوور دەکەونەوە و لەو ڕێگەیەوە کە هاتوون، دووبارە بە ئارامی دەگەڕێنەوە.
(دوای کەمێک وەستان).
لە خەیاڵەکانیدا _
(لێدان).
دواتر دوور دەکەونەوە و لەو ڕێگەیەوە کە هاتوون دووبارە بە ئارامی دەگەڕێنەوە.
لە خەیاڵەکانیدا ئەویان ئاگەدار کردبووەوە لەبارەی ئەم گۆڕانکارییەوە. بینینی ئەو دەموچاوە ئەزیزە و بیستنی ئەو وشە نەگوتراوانە، بمێنەرەوە لە هەمان ئەو شوێنەی کە ماوەیەک بەیەکەوە تەنیا بووین، سێبەرەکەم دەبێتە سوکنایی بۆ تۆ.
(کەمێک وەستان).
نەیدەتوانی _
(لێدان).
بینینی ئەو دەموچاوە ئەزیزە و بیستنی ئەو وشە نەگوتراوانە، بمێنەرەوە لە هەمان ئەو شوێنەی کە ماوەیەک بەیەکەوە تەنیا بووین، سێبەرەکەم دەبێتە سوکنایی بۆ تۆ.
(کەمێک وەستان. لێدان).
ئێستا نەیدەتوانی بگەڕێتەوە؟ ددان بە هەڵەکانیدا بنێت و بگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە ماوەیەک لەگەڵ ئەودا تەنیا بوو. بەیەکەوە هاوبەش بوون لە تەنیاییدا. نا، ئەو کارەی کە ئەو بە تەنیایی ئەنجامی داوە ناتوانێت کاریگەرییەکەی لەناو ببات. هیچ شتێک کە ئەو بە تەنیایی دروستی کردووە ناتوانێت بە تەنیایی نابووتی بکات.
(دوای کەمێک وەستان).
لە کۆتایی ڕێگەکەوە، ترسی کۆنی لە شەو دووبارە ئەوی گرتەوە. دواتر، دوای کەمێک وەک ئەوەی کە هەرگیز ترسێکی ئاوەها بوونی نەبووە (دوای کەمێک، لە نزیکترەوە سەیر دەکات.) بەڵێ دواتر، دوای کەمێک وەک ئەوەی کە هەرگیز ترسێکی ئاوەها بوونی نەبووە. ئێستا بە هێزێکی دوو بەرانبەرەوە کە نیشانەکانی ئەو لە لاپەڕەی چلی پەرەگرافەکەدا بە چوار گێڕانەوە نووسراوە. (دەست دەکات بە هەڵدانەوەی لاپەڕەکان بەرەو دواوە. ب بە دەستی چەپی دەست دەکات بە لێکۆڵینەوە. دووبارە لاپەڕە سەربەخۆکە دەدۆزێتەوە) ئێستا شەوە سپییەکان دووبارە حەقی ئەون. هاوشێوەی زەمەنێک کە دڵی گەنج بوو. بێخەوی، بێخەویی بوێرانە تا (لاپەڕەکە هەڵدەداتەوە) بەرەبەیان.
(دوای کەمێک وەستان).
بابەتێکی بچووک ماوەتەوە بۆ گوتن، شەوێک…
(لێدان).
بابەتێکی بچووک ماوەتەوە بۆ گوتن.
(دوای کەمێک وەستان، لێدان).
شەوێک هەر بەو جۆرەی کە تەواوی جەستەی دەلەرزی، دانیشتبوو و سەری لە نێوان دەستەکانیدا گرتبوو. پیاوێک دەرکەوت و بەوی گوت: من نێردراوم لەلایەن (لێرەدا ئەو ناوی ئەو ئەزیزەی هێنا) تاوەکو تۆ سوکنایی بدۆزیتەوە. دواتر لە کاتێکدا کتێبێکی لە گیرفانی چاکەتە ڕەشە درێژەکەیدا دەرهێنا، دانیشت و تاوەکو بەرەبەیان خوێندیەوە. دواتریش بەبێ هیچ وشەیەک دیار نەما.
(دوای کەمێک وەستان).
دوای ماوەیەک لە هەمان کاتژمێردا و بە هەمان کتێبەوە دەرکەوت و ئەم جارە بەبێ دەستپێک دانیشت و دووبارە لە درێژایی شەودا کتێبەکەی خوێندەوە و دواتریش بەبێ گوتنی هیچ وشەیەک دیار نەما.
(دوای کەمێک).
بەم ڕێکخستنە هەندێک جار هاوشێوەی نێردراوێک دەردەکەوت تاوەکو دووبارە چیرۆکە بەئازارەکە لە درێژایی شەودا بخوێنێتەوە. دواتریش بەبێ گوتنی هیچ وشەیەک دیار نەدەما.
(دوای کەمێک وەستان). بەبێ گۆڕینەوەی هیچ وشەیەک ئەوانە کەمکەم نزیک دەبوونەوە لە یەکتری.
(دوای کەمێک).
سەرئەنجام شەوێک گەیشت، لە کاتێکدا کە ئیدی ڕۆژ بووەوە و کتێبەکەی داخست و نەڕۆیشت، بەڵکو دانیشت بەبێ هیچ وشەیەک.
(دوای کەمێک).
سەرئەنجام گوتی: من پەیامێکم هەبوو لەوەوە (لێرە ئەو ناوی ئەو ئەزیزەی هێنا) کە ئیدی من ناگەڕێمەوە. من ئەو دەموچاوە ئەزیزەم بینی و وشە نەبیستراوەکانم بیست، ئیدی پێویست بەوە ناکات بڕۆیت بۆ لای، تەنانەت ئەگەر لە توانای تۆشدا بێت.
(دوای کەمێک وەستان).
بەرانبەر بەمە ئەو چیرۆکە بە ئازارە (لێدان).
ئەو دەموچاوە ئەزیزە بینرا و ئەو وشە نەبیستراوانە بیستران، ئیدی پێویست بەوە ناکات کە بڕۆیت بۆ لای، تەنانەت ئەگەر لە توانای تۆشدا بێت.
(دوای کەمێک. وەستان).
بەرانبەر بەمە، بۆ کۆتا جار ئەو چیرۆکە بەئازارە گوترا، ئەوان ئاوەها دانیشتبوون، وەک ئەوەی بووبوون بە بەرد. لە نێوان تاقە پەنجەرەکەدا، بەرەبەیان هیچ تیشکێکی نەدەدرەوشاندەوە. لە شەقامەکاندا هیچ دەنگێکی هەستانەوە نەدەبیسترا. چ کەسێک دەزانێت لە بیروبۆچوونی ئەواندا چ شتێک نێژراوە کە ئاوەز لە کەللەیاندا نەماوە؟ لە ڕووناکیی ڕۆژدا، لە دەنگی هەستانەوەدا کە دەزانێت چ کردەوەیەک… کردەوە، نا… کردەوە نا، قووڵایی ئاوەز؛ لە قووڵایی ئاوەزدا چ کەسێک دەزانێت چی نێژراوە، ناخودئاگا، شوێنێک کە ڕووناکی و تەنانەت دەنگ ناگات بەو. ئاوەها دانیشتبوون، وەک بڵێیت بووبوون بە بەرد. چیرۆکی بەئازار بۆ کۆتا جار باس کرا.
(دوای کەمێک).
هیچ شتێک نەماوەتەوە بۆ گوتن.
(دوای کەمێک. خ دەست دەکات بە داخستنی کتێبەکە. لێدان. کتێب بە شێوەی نیوەداخراو).
هیچ شتێک نەماوەتەوە بۆ گوتن (دوای کەمێک. خ کتێبەکە دادەخات. لێدان. بێدەنگی لە دە چرکەدا. هاوکات ئەوان دەستی ڕاستیان دەخەنە سەر مێزەکە. سەریان بەرز دەکەنەوە و سەیری یەکتری دەکەن. بەبێ هیچ چاوتروکاندنێکی بێحاڵەتەوە. دە چرکە. کەمبوونەوەی بەرەبەرەی ڕووناکی). [1]